سێ ژنی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو کە یەکێکیان دوو گیان بووە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە
هەنگاو: لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم سێ ژنی خەڵکی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانی سەرپێڵی زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشا
هەنگاو: لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم سێ ژنی خەڵکی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکانی سەرپێڵی زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە کەکێکیشان دوو گیان بووە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە (١ی ڕەشەممەی ٢٧١٨ / ٢٠ی فێوریەی ٢٠١٩)، ژنێکی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو بە ناوی ”پرشنگ کەریمی“ کە دوو گیانیش بووە خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. ئەو ژنە بە هۆی کێشەی دەروونی و بێ هیوایی خۆی کوشتووە و کۆرپەلەکەشی لەبار چووە.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی هەینی (١٠ی ڕەشەممە / ١ی مارس)، ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵ بە ناوی ”پەریسا نەزەری“ کە خێزاندار و دایکی دوو منداڵ بووە خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
هەروەها، ڕۆژی یەکشەممە (١٢ی ڕەشەممە / ٣ی امرس)، ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵی دیکەی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو بە ناوی ”لەیلا ڕەمەزانی“ بە هۆی کێشە لە گەڵ هاوژینەکەی ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و لە ئاکامدا گیانی لە دەست داوە. ناوبراو خێزاندار و دایکی منداڵێکیش بووە.
دوکتۆر فازڵ ئەلیاسی، بەرپرسی ڕێکخراوی کۆمەڵگەناسی ئێران لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی کرماشان هەواڵی خۆکوشتنی ئەو سێ ژنەی لە کەنای تێلێگرامی خۆی بڵاو کردووەتەوە و پشتڕاستی کردووەتەوە.
ناوبراو لە پۆستێکدا کە بڵاوی کردووەتەوە نووسییویە کە“ گوشاری دەروونی لە ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان زۆرتر بووە و ئاستی خۆڕاگری خەڵک دابەزیوە، بە جۆرێک کە زۆربەی خەڵک بێ هیوا بوون لە ژیان و بە وتەی یەکێک لە دانیشتوانی ئەو ناوچانە خەڵک بە شوێن بیانوویەکەوەن کە خۆیان بکوژن“.