ژنێكی سەڵماسی بە بیانووی شەرەفەوە کوژرا، هەر ١٠ ڕۆژد ژنێک لە کوردستان کوژراوە

هەنگاو: حەفتەی ڕابردوو ژنێکی لاوی خەڵکی سەڵماس لە شاری ئورمیە بە دەستی هاوژینەکەی کوژراوە.

٢٢ ڕەشەمە ٢٧١٨، ١٥:٠٩

 

هەنگاو: حەفتەی ڕابردوو ژنێکی لاوی خەڵکی سەڵماس لە شاری ئورمیە بە دەستی هاوژینەکەی کوژراوە.

بەپێی هەواڵی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی شەممەی حەفتەی ڕابردوو(١١ی رەشەمەی ٢٧١٨/ ٢ی مارسی ٢٠١٩) ژنێکی لاو بە ناوی” مەهناز هوژبەری” لە ئاوای جوجەهی سەربە ناوچەی سۆما و برادۆستی ئورمیە بە دەستی هاوژینەکەی کوژرا.

هەواڵنێری هەنگاو لە ئورمیە ڕایگەیاند مەهناز هوژبەری کە دایکی کچێک بووە لە لایەن هاوژینەکەیەوە بە ناوی "بەهادۆر . ک" بە شێوەیەکی درندانە بە چەقۆ کوژراوە.

سەرچاوەیەک لەمبارەوە رایگەیاند مەهناز خەڵکی شاری سەڵماس و ڕەدووی پیاوێکی دیکە کەوتووە،  بەڵام دوای ئەوەی پاش حەفیەیەک هاوژینەکەی مەهنازی دۆزیوەتەوە و گەڕاندوویەتەوە  بۆ ماڵەوە بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەری و کوشتوویە.

ئەو سەرچاوە رایگەیاند بنەماڵەی مەهناز و بنەماڵەی هاوژینەکەی هیچ کاردانەوەیەکیان بە نیسبەت ئەو کوژرانە نەبووە و تەنانەت پرسە و سەرەخۆشیشیان بۆ دانەناوە.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ وە (٧٠ رۆژ)، لانیکەم ٧ ژن لەلایەن کەسوکارەکەیانەوە کوژراون و زۆربەی ئەو قتڵانە لە ژێر ناوی ناموس بووە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە