دوو هاووڵاتیی دیکە لە گوندی سەردۆشی مەریوان دەستبەسەر کران
هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی گوندی سەردۆشی مەریوانیان دەستبەسەر کرد.
هەنگاو: هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی گوندی سەردۆشی مەریوانیان دەستبەسەر کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە (٦ی خاکەلێوەی ٢٧١٩ / ٢٦ی مارسی ٢٠١٩) هێرشیان کردووەتە سەر گوندی سەردۆش و دوو لاوی تەمەن ٢٣ ساڵیان دەستبەسەر کردووە.
هەواڵنێری هەنگاو لە مەریوان ناسنامەی ئەو دوو لاوە دەستبەسەر کراوەی ”عادڵ نیکخا“ کوڕی عومەر و ”کارزان سەردۆشی“ کوڕی مەحەمەد ڕاگەیاندووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو دوو هاووڵاتییە بە تۆمەتی بەشداری و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە.
ڕۆژی ڕابردووش دوو لاوی دیکەی خەڵکی ئەو گوندە بە ناوەکانی ئەرسەلان نیکخا تەمەن ٢٤ ساڵ کوڕی عارف و ئارەش نەوزەری تەمەن ٢٣ ساڵ کوڕی فایەق هەر بەو تۆمەتە دەستبەسەر کرابوون.
هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، چارەنووسی ئەو چوار هاووڵاتییە نادیارە و نازانرێت کە لە کوێ ڕاگیراون.