قازیپوور کوژرانی کۆڵبەرەکانی رەت کردووە و کۆڵبەرانی بە داعشی و دژە شۆرش و داعشی ناوبردووە

هەنگاو:نوینەرێکی تورکی پارێزگای ئورمیە لە پارلمانی ئێران وێڕای رەتکردنەوەی کوژرانی کۆڵبەران ئەوانی بە داعشی و دژە شۆرش ناوبرد.

١٩ خاکەلێوە ٢٧١٩، ١٠:٤٩

 

هەنگاو:نوینەرێکی  تورکی پارێزگای ئورمیە لە پارلمانی ئێران وێڕای رەتکردنەوەی کوژرانی کۆڵبەران ئەوانی بە داعشی و دژە شۆرش ناوبرد.

بە پێی هەواڵی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نادر قازیپوور، نوێنەری تورک زمانی پارێزگای ئورمیە لە پارلمانی ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ “یانەی هەواڵنێرانی لاو” کوژرانی کۆڵبەرانی رەت کردووە و دەڵێت ”بۆ ئەنجامی کاری کۆڵبەری، دەوڵەت ڕێڕەوی تایبەت و کارتی تایبەتی دیاری کردوە، تا ئێستا هیچکەس لەو ڕێڕەوانەدا بریندار نەکراوە و نەکوژراوە.“

یەکێک لە کۆڵبەرانی سنورەکانی پیرانشار لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: “ئەو سنورانەی قازیپوور ئاماژەیان پێ دەدا، دەبێ کاتی تایبەتی کۆڵبەری هەبێت و مانگانە بە بە لایەنی زۆرەوە دەتوانی ٣ جار بار بێنی، کە ئەو سێ جارە بەشی کڕینی نانی وشکیش ناکات”.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ساڵی ٢٧١٨ی کوردی (١٣٩٧ی هەتاو) ٢٥٥ کۆڵبەر کوژراو و بریندار کراون کە ١٧٨ حاڵەتیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بووە.

قازیپوور لە درێژەدا لەسەر کوشتنی کۆڵبەران دەڵێ: “ئەوانەی کە ڕێڕەوە نافەرمیەکان هاتووچۆ دەکەن، قاچاخچی، دژە شۆرش و داعشین، هەر پاسەوانێکی سنور دەبێت لەگەڵیان بەو شێوەیە ڕوبەروو ببێتەوە“.

ناوبراو هەروەها ئەو نوێنەرانەی پارلمانی کە لە سەر کەیسی کۆڵبەران ناڕەزاەتیان دەربڕیوە بە خۆفروش ناوبردووە. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو نوێنەری شارەکانی مەریوان، جوانڕۆ، بانە، پیرانشار، شنۆ و مەهاباد لە پارلمانی ئێران لەسەر پرسی کۆڵبەران ناڕەزایەتیان دەربڕیوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە