تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لە مەهاباد هاتە ئاراوە، سپا بەرزاییەکان تۆپباران دەکات
هەنگاو: تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لەنێوان هێزێکی کوردستانی و هێزەکانی سپای پاسداران هاتە ئاراوە و سپای پاسداران دەستی کردووە بە تۆپباران کرد
هەنگاو: تێکهەڵچوونێکی چەکدارانە لەنێوان هێزێکی کوردستانی و هێزەکانی سپای پاسداران هاتە ئاراوە و سپای پاسداران دەستی کردووە بە تۆپباران کردنی بەرزاییەکانی قەڵاتی شا لە مەهاباد.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی چوارشەممە (٢٢ی جۆزەردانی ٢٧١٩ / ١٢ی ژوئەنی ٢٠١٩)، تێکهەڵچوونێکی چەکداری لە شوێنێک بە ناوی قەڵاتی شا کە لەنێوان شارەکانی مەهاباد، نەغەدە و پیرانشار هەڵکەوتووە لەنێوان هێزێکی کوردستانی و هێزەکانی سپای پاسداران هاتووەتە ئاراوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو تێکهەڵچوونە کاتژمێر ٩ی شەو بە کاتی خۆجێی هاتووەتە ئاراوە و تا ئێستاش درێژەی هەیە. هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە چەندین ئامبۆڵانس ڕەوانەی شوێنی تێکهەڵچوونەکە کراوە و سپای پاسداران کوژراو و برینداری هەیە.
لەلایەکی دیکەوە، سپای پاسداران هاوکات دەستی داوەتە تۆپباران کردنی بەرزاییەکانی ئەو ناوچەیە.
هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، میدیاکانی ئێران هیچ هەواڵێکیان لەوبارەوە بڵاو نەکردووەتەوە و هیچ حیزبێکی کوردستانیش بەرپرسیارێتی ئەو تێکهەڵچوونەی بە ئەستۆ نەگرتووە.
کاتژمێر ١٢ بە کاتی تاران
پەیوەندییە گشتییەکانی هێزە ئینتزامییەکانی مەهاباد داوای لە خەڵک کردووە کە نەترسن و ئارامشی خۆیان بپارێزن و ئەو تۆپبارانە هی مانۆڕی شەوانەی هێزەکانی ئێرانە.
بەوحاڵەش خەڵک پێیان وایە کە ئەو تۆپبارانە دوای تێکهەڵچوونێکی چەکداری هاتووەتە ئاراوە.