بەندکراوێکی مەهابادی لە پێش چاوی بەندکراوانی دیکە لەسێدارە درا
هەنگاو: هاووڵاتیەکی کورد لە بەندیخانەی مەهاباد لە پێش چاوی بەندکراوانی دیکە لە سێدارە درا.
هەنگاو: هاووڵاتیەکی کورد لە بەندیخانەی مەهاباد لە پێش چاوی بەندکراوانی دیکە لە سێدارە درا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی سێشەممە (١٨ی پووشپەڕی ٢٧١٩/ ٩ی ژوئیەی ٢٠١٩)، حوکمی سێدارە هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی مەهاباد بە ناوی”وەیسە عەلیپوور” جێبەجێ کرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، وەیسە عەلیپوور خەڵکی شاماتی مەهاباد بووە و بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست حوکمی سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
وەیسە عەلیپوور چوار ساڵ پێش ئێستا بە هۆی کیشەی لەسەر ماڵ وموڵک، هاووڵاتیەکی دیکەی کوشتووە و دواتر دەستبەسەر کراوە.
ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە ئەو بەندکراوە کوردە لە حەوشەی بەندیخانە و لە پێش چاوی بەندکراوانی دیکە لە سێدارە دراوە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ زایینییەوە، واتە لە ماوەی ٦ مانگدا، لانیکەم ١٩ هاووڵاتیی کورد لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون کە سەرجەمیان بە هۆی قەتڵ و کوشتنی ئەنقەست حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپابوو.