مەجید تیباش بە مەبەستی جێبەجێ کردنی حوکمەکەی دەستبەسەر کرا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، دەستبەسەر کرا.

٢٦ پووشپەڕ ٢٧١٩، ٢٠:٢١

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی ئورمیە کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە حوکمی بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، دەستبەسەر کرا. هاووڵاتییەکی دیکەش بە تۆمەتی چالاکی سیایس دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە (١٧ی پووشپەڕی ٢٧١٩ / ٨ی ژوئیەی ٢٠١٩)، مەجید تیباش هاووڵاتی خەڵکی ئورمیە، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی ٤ ساڵ حوکمەکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گوازراوەتەوە.

مەجید تیباش کوری خالد و خەڵکی گوندی دیزجی مرگەوەر، ڕۆژی چوارشەممە (٥ی بەفرانباری ٢٧١٨/ ١٦ی دسامبری ٢٠١٨) دوای بانگ کران بۆ ناوەندی هەواڵی ئیتلاعاتی ئورمیە دەستبەسەر و دوای ٢٠ ڕۆژ بە  بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

 ناوبراو دواجار کۆتایی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، لەلایەن لقی سێی دادگای شۆرشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر نەجەفی، بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان حوکمی ٥ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا.

ئەو حوکمە دواتر لەلایەن لقی یەکەمی دادگای پێداچوونەوەی ئورمیەوە بۆ ٤ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە.

لەلایەکی دیکەوە، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی کوردی دانیشتووی شارەکی زانکۆی ئورمیە بە ناوی "جەلال سوورمان" لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە