هاووڵاتییەکی کورد لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری دێولان کە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی شاری سونقوڕەوە دەستبەسەر کرابوو، لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژرا.

٥ گەلاوێژ ٢٧١٩، ١٨:٣٠

 

هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری دێولان کە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی شاری سونقوڕەوە دەستبەسەر کرابوو، لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە (٢ی گەلاوێژی ٢٧١٩ / ٢٤ی ژوئیەی ٢٠١٩)، هاووڵاتییەکی خەکی گوندی ”حاجیاوا“ی دێولان بە ناوی ”بەهمەن مورادی“ لەلایەن هێزەکانی ناوەندی بەرگری لە ماددە سڕکەرەکانی شاری سونقوڕ لە پارێزگای کرماشان دەستبەسەر و هەمان ڕۆژ لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژراوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی مورادی لەو بارەوە بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە، ناوبراو لە حالێکدا لەلایەن هێزەکانی ناوەندی بەرگری لە ماددە سڕکەرەکان دەستبەسەر کراوە کە ئۆتۆمبێلەکەی باری سەتەلایتی تێدا بووە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی: ” بەهمەن مورادی لەلایەن خودی سەرۆکی ناوەندی بەرگەی ماددە سڕکەرەکانی سونقوڕ بە ناوی (ئیرەج کاکاوەند) کوژراوە و ڕۆژی دواتر براکەیان بە ناوی “فەرامەرز“ بانگ کردووە و پێیان ڕاگەیاندووە کە بەهمەن خۆی کوشتووە“.

بەڵام دوادی بەدواداچوونی فەرامەرز پزیشكی یاسایی ڕایگەیاندووە کە بەهمەن لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراوە و هەر بۆیەش ناوەندە ئەمنیییەکان فەرامەرزیان بانگ کردووە و هەڕەشەیان لێکردووە کە نابێت ئەو باسە میدیایی بیتەوە.

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە کە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ئەمە دووهەمین حاڵەتی کوژرانی هاووڵاتیان لە ژێر ئەشکەنجەی ناوەندی پێشگیری لە ماددە سڕکەرەکان لە شاری سونقوڕە کە تۆمار کراوە.

گوندی حاجیاوا سەر بە شاری دێولان لە پارێزگای سنەیە، بەڵام بە هۆی نزیکی لە شاری سونقوڕی پارێزگای کراماشان زۆربەی کاروباری ئیدارییان لەو شارە جێبەجێ دەکەن.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە