چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد پاش ٤٠ ڕۆژ لە دەسبەسەر کردنی ، هەر وا نادیارە
هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.
هەنگاو: هاووڵاتییەکی خەڵکی مەریوان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە (٨ی ڕێبەندان ٢٧١٨ / ٢٨ی ژانویەی ٢٠١٩)، هاووڵاتییەکی خەڵکی بەردەڕەشەی مەریوان بە ناوی ”سەعید ساڵحی“ دوای ئەوەی سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەی کردووە دەستبەسەر کراوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، "سەعید ساڵحی" ڕۆژی پێشتر لە ڕێگای تەلەفوونەوە ئاگادار کرابوویەوە کە پێویستە بەمەبەستی لێپرسینەوە لە سەر چەند بابەت سەردانی ئەو ناوەندە ئەمنییە بکات . ناوبراو دوای ئەوەیکە بە مەبەستی بەجێ گەیاندنی داواکە سەردانی ئەو شوێنە دەکات ، لە لایەن ئەو هێزانەوە دەستبەسەر و هەر هەمان ڕۆژ بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری سنە گوازراوەتەوە.
ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی لە ماوەی ئەو ٤٠ ڕۆژەدا بنەماڵەی "سەعید ساڵحی" چەندین جار سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان و سنەیان کردووە، بەڵام هەوڵەکانیان بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووسی ناوبراو بێ ئاکام ماوەتەوە و تەنانەت لەلایەن ئەو ناوەندانەوە بێ ڕێزیشیان بەرانبەر کراوە.
یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ساڵحی بە هەواڵنێری هەنگاوی ڕاگەیاند کە ئیدارەی ئیتلاعات پێیانی ڕاگەیاندووە کە هەتا ”دڵشاد ساڵحی“ خۆی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکان نەکاتەوە ئەوان حازر نین کە "سەعید ساڵحی" ئازاد بکەن.
"دڵشاد ساڵحی" کە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە داوای تەسلیم کردنەوەی دەکرێت ، کوڕی "سەعید ساڵحی" و یەکێک لە چالاکانی سیاسی دانیشتووی بەردەڕەشەی مەریوان بوو کە بەهۆی تاوانبار کردنی لە لایەن ئیتلاعاتی مەریوانەوە بە هاوکاری و لایەنگری یەکێک لە حیزبە کوردییەکان و کەوتنە ژێر هەڕەشە و گوشار ، ناچار بوو لە سەرەتای ساڵی ۲۰۱٨وە زێدی خۆی بەجێ بهێڵێت و ئێستا لە یەکێک لە وڵاتانی ئەورووپایی نیشتەجێیە.
لە دوای ئەو ڕووداوە "سەعید ساڵحی" بە تاوانی هاوکاری کردنی کوڕەکەی و دەرباز کردنی ئەو ، چەندین جار لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی مەریوان دەستبەسەر و ئەشکەنجە دراوە.
شایانی ئاماژە پێکردنە کە ساڵانە دەیان هاوڵاتیی بێ تاوانی کورد بە بیانووی نا لۆژیکی و بە دوور لە عوڕفی یاسایی دەگیرێن و ئەشکەنجە دەکرێن ، بۆ بەدواداچوون و پێڕاگەیشتن بە سکاڵای ئەو کەسانەش ، هیچ ناوەند و ڕێکخراوێکی یاسایی و وڵامدەر ، بوونی نییە و بە دواداچوونەکانیان هەمیشە بێ وڵام ماوەتەوە و تەنانەت هێندێک جاریش پێیان ڕاگەیەندراوە کە ئەگەر بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکەن ئەوا لەگەڵ ژیانی خۆیان کایە دەکەن.