چارەنووسی چوار هاووڵاتیی خەڵکی سەردەشت پاش ٤٠ ڕۆژ نادیارە

هەنگاو: چارەنووسی چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەردەشت و گوندەکانی دەورووبەری ئەو شارە ، پاش ٤٠ ڕۆژ لە دەسبەسەر کرانیان نادیارە و شوێنی

٦ پووشپەڕ ٢٧١٨، ٠٨:٤٩

 

هەنگاو: چارەنووسی چوار هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەردەشت و گوندەکانی دەورووبەری ئەو شارە  ، پاش ٤٠ ڕۆژ لە دەسبەسەر کرانیان نادیارە و شوێنی ڕاگیرانیان بە بنەماڵەکانیان ڕانەگەیەندراوە . 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو،  ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی (٢٨ی بانەمەڕی ٢٧١٨ /  ١٨ی مەی ٢٠١٨)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەردەشت هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی چەند هاوڵاتییەکی ئەو شارە و گوندەکانی ”گۆمان“ و ”مەزناوێ“ و سێ کەسیان بە ناوەکانی ”تەها بریاجی“ و ”کەماڵ ئیسماعیلی“ خەڵکی سەردەشت و ”خالید محەمەدی“ خەڵکی گوندی گۆمان دەستبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو سێ کەسە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران  دەستبەسەر کراون . 

ئەو هێزانە هەروەها چەند جار هەلێان کوتاوەتە سەر ماڵی هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی مەزناوێ  بە ناوی ”نیما ئیبڕاهیمی" و دواجار و دوای پێنج ڕۆژ خاڵی ئەو کەسەیان بە ناوی ”شۆڕش خانزادی“ دەستبەسەر کردووە.

سەرچاوەیەکی نزیک بەو بنەماڵەیە بە هەنگاوی ڕاگەیاند کە، شۆڕش خانزادی بە تۆمەتی هاوکاری کردنی خۆشکەزاکەی بە ناوی ”نیما“ و دەرباز کردنی لە ئێران دەستبەسەر کراوە.

نیما پیشتر بە هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان  تۆمەتبار کراوە و چەند جار هەوڵی هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستبەسەر کردنی ناوبراو بێ ئاکام ماوەتەوە و دوا جار لە ژێر گوشار و هەڕەشەی ئەو هێزانە بە ناچاری زێدی خۆی بەجێ هێشت و ئێستا لەدەرەوەی وڵاتی ئێران نیشتەجێیە .

 دەستبەسەر کرانی ئەندامانی بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی کورد یەکێک لە شێوازەکانی گوشار خستە سەر چالاکانی کورد و گوشار خستنە بنەماڵەکانیانە بە مەبەستی دانپێدانان و یان ئەوەی خۆیان ڕادەست بکەنەوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ڕایگەیاند کە هەوڵی بنەماڵەی ئەو دەسبەسەر کراوانە ، دوای ٤٠ ڕۆژ  لە بەدواداچوونی بەردەوام ، بێ ئاکام ماوەتەوە و ئەمەش نیگرانی لای بنەماڵەکانیان دروست کردووە.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە