ڕاپۆرتی حەفتانەی ڕێکخراوی هەنگاو لە سەر پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان
هەنگاو: لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٢٢ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.
هەنگاو: لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٢٢ حاڵەتی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە.
بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژی هەینی ١٥ی خەرمانان هەتا ڕۆژی هەینی ٢٢ی خەرمانانی ٢٧١٩، لانیکەم ٢٢ حاڵەت پێشلکاری مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان تۆمار کراوە کە بە شێوەی خوارەوەیە؛
کۆڵبەران (٤ حاڵەت)
لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا ٤ کۆڵبەر لە سنوورەکانی مەریوان، سەردەشت و پیرانشار بوونەتە قوربانی کە ٣ حاڵەتی بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بووە.
سێدارە (١ حاڵەت)
هاووڵاتییەکی خەڵکی برووجێرد سەر بە پارێزگای لوڕستان بەتۆمەتی کوشتنی ئەنقەست لە بەندیخانەی ئەو شارە لەسێدارە دراوە.
دەستبەسەر کران و سەپاندنی حوکم (٦ حاڵەت)
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لەماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٢ هاووڵاتیی کورد لەشارەکانی دیواندەرە و نەغەدە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەزهەبی دەستبەسەر کراون .
هەروەها ٤ هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان، ئورمیە و پاوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و کرێکاری سەرجەم حوکمی ١١ ساڵ و ٣ مانگ بەندکرانیان بە سەردا سەپاوە.
خۆکوشتن و کوژرانی ژنان ( ٧ حاڵەت)
لە حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٧ کەس لە شارەکانی کوردستان کە ٤ کەسیان ژن و ٢ کەسیان منداڵ بوون بە هۆی هەژاری و بیکار و کێشەی خێزانییەوە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
کرێکاری (٤ حاڵەت)
لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٤ کرێکار لە شارەکانی مەهاباد و، سنە، خوڕەم ئاوا و سەردەشت لەکاتی کار کردن و بە هۆی ڕووداوی کارەوە گیانیان لە دەست داوە.