چارەنووسی هاووڵاتییەکی خەڵکی سەردەشت دوو مانگ پاش دەستبەسەر کران ناڕوونە

هەنگاو: چارە نووسی دەسبەسەرکراوێکی خەڵکی گوندی قەلەڕەشی سەردەشت ، دوای دوو مانگ لە دەسبەسەر کردن نادیارەو هەر لەو پەیەوندییەدا دوو ڕۆژ پێشتریش زاوای

١٢ ڕەزبەر ٢٧١٩، ٠٦:٤٦

 

هەنگاو: چارە نووسی دەسبەسەرکراوێکی خەڵکی گوندی قەلەڕەشی سەردەشت ، دوای دوو مانگ لە دەسبەسەر کردن نادیارەو هەر لەو پەیەوندییەدا دوو ڕۆژ پێشتریش زاوای ناوبراو لە لایەن ئیتلاعاتی سەردەشتەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ، ڕۆژی یەکشەممە  ( ۲ی ێۆکتۆبەر ٢٠١٩)، هیزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەردەشت هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی هاوڵاتییەک لە گوندی "قەلەڕەش"ی سەردەشت و  کەسێکیان بە ناوی "محەممەد ڕەسوڵی" دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازتۆتەوە .

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ڕەسووڵی لەوبارەوە بە هەنگاوی ڕایگەیاند کە "محەممەد ڕەسوڵی" بە تۆمەتی ئاژاوەگێڕی و تێکدانی باری ئەمنی و سیخوڕی کردن  دەسبەر کراوە .

شایانی باسە  "محەممەد ڕەسوڵی" لە لایەن ئەو هێزانەوە دەسبەسەر و بە توندترین شێوە ئەشکەنجە کراوە ، بە هۆی پێداگری کردن بۆ وەدەست هێنانی زانیاری لەسەر چارەنووسی خەسوی بە ناوی "پیرۆز ئەحمەدی" کە زیاتر لە یەک مانگە بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردییەکان  دەسبەسەر کراوە ، دەکەوێتە بە هەڕەشەی ئەو هێزانە و دواتر دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار دەگوازرێتەوە .

"پیرۆز ئەحمەدی" دانیشتووی گوندی قەلەڕەشی سەردەشت ، لە ڕێکەوتی (۱ی سێپتەمبەر ۲۰۱۹) بە تۆمەتی هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان دەسبەسەر کراوە . دوای دوو مانگ لە دەستبەسەر کران و  بەدوادا چوونی بەردەوام بنەماڵەی  هیچ چەشنە زانیارییەک لەسەر بارو دۆخ و شوێنی دەسبەسەر کرانی ناوبراو ، لە بەر دەست دا نییە.

"پیرۆز ئەحمەدی" پێشتریش سێ جار دەسبەسەر و لەسەریەک بۆ ماوەی ٨ مانگ لە دەسبەسەرگاکانی ئیتلاعاتدا ڕاگیراوە.

[ لە پاییزی ساڵی ۲۷۱۵ ک. (۲۰۱۵ ز.) ] دوای ئەوەیکە کوڕی ناوبراو  بە ناوی "هەرێم مەحمودی" لە لایەن ئیتلاعاتی سەردەشتەوە بە هاوکاری کردنی یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکان  تۆمەتبار دەکرێت و  ناچار دەبێت بۆ دەرباز بوون لە هەڕەشە و مەترسییەکانی ئەو هێزە ،  وڵات جێ بێڵێت و ڕوو لە وڵاتی بریتانیا بکات ، "پیرۆز ئەحمەدی" دایکی ناوبراو ،  بۆ ماوەی زیاتر لە سێ مانگ دەسبەسەر دەکرێت و تۆمەتی هاوکاری کردنی حیزبە کوردییەکانی دەخرێتە پاڵ .

پێویست بە ئاماژە کردنە کە حکوومەتی ئێران بۆ گوشار هێنانی زیاتر بۆ سەر دەسبەسەرکراوان و بە مەبەستی ناچار کردنیان بە دان پێدانان بەو تۆمەتانەی کە دەخرێتە پاڵیان ، ئەوان لە هەرچەشنە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێ بەش دەکات و بۆ شوێنی نادیاریان دەگوازێتەوە .


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە