ڕاپۆرتی مانگانەی هەنگاو لە سەر پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە ئێراندا، فێبریوەری ٢٠٢٤

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی

١٤ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ١٢:١٨

هەنگاو؛ دووشەممە ١٤ ڕەشەمەی ٢٧٢٣

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی فێبریوەری ٢٠٢٤دا لانی کەم سزای سێدارەی ١ ژن لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا جێبەجێکراوە. هەروەها ٩ چالاکی ژن دەستبەسەرکراون و ٩ چالاکی ژنیش لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ٢٠ حاڵەتی ژنکوژی لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا تۆمار کراوە.
 

جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنان لە ئێراندا

لە مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم سزای سێدارەی ١ ژن لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا جێبەجێکراوە. ساڵی ڕابردوو سزای سێدارەی ٢٢ ژن لە ئێران جێبەجێکرابوو.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ڕێکەوتی ٣١ی جەنیوەری ٢٠٢٣، سزای سێدارەی ژنێکی خەڵکی تەورێز بە ناوی هاجەر ئەتابەکی و تەمەن ٤١ ساڵ، بە تۆمەتی پەیوەندیداری بە ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی ناوەندیی قەزوین جێبەجێ کراوە.

جێبەجێکردنی سزای ئەم بەندکراوە پاش نزیکە مانگێک لە مانگی فێبریوەریدا ئاشکرا کراوە و لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاو کراوەتەوە.

بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی لە پەیوەندی لەگەڵ ژناندا، لە ئێران نە تەنیا هیچ چەشنە یاسایەک بۆ پاڵپشتیی ژنان لەسەر توندوتیژی خێزانیدا بوونی نییە، بەڵکوو دەقی یاساکانیش لەو بوارەدا ڕێگەی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی وەکوو توندوتیژی سێکسی، فیزیکی، ئابووری و دەروونی بۆ ژنان ئاسایی دەکەنەوە.


دەستبەسەرکرانی ٩ ژن لە مانگی فێبریوەریدا

بەپشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جەنیوەری ٢٠٢٤دا، لانی کەم ٩ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا دەستبەسەر کراون. خوێندکارێکی زانکۆ و ڕۆژنامەنووسێکی ژن لە مانگی ڕابردوودا دەستبەسەرکراون. هەروەها ٧ کەس لە ژنانی دەستبەسەرکراو بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەیان ڕەوانەی بەندیخانە کراون.

نەسرین حوسێنی، خەڵکی بجنوورد، ژیلا هەژبەری، خەڵکی مەریوان، ئا. نارۆیی، خەڵکی زاهیدان، نووشین مەسباح، خەڵکی مەشهەد، مینا کەرەمی، خەڵکی شیراز، ڕۆیا سابت، خەڵکی شیراز، ڕەئووفە میرباقری، خەڵکی ڕامسەر، ناهید خوداجوو، خەڵکی تاران و سارینا جیهانی، خەڵکی شیراز ئەو ژنانە بوون کە لە مانگی فێبریوەریدا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها ئیلهام چووبدار، چالاکی کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینەکان و خەڵکی شاری ئورمیە، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەیدەستبەسەر و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە کراوە.

 

سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر چالاکانی ژن

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی فێبریوەری ٢٠٢٤دا لانی کەم ٩ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران و بەتیابەت فرووغ تەقیپوور و مەرزیە فارسی کە دوو بەندکراوی سیاسیین، سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئەو ٩ چالاکە سەرجەم سزای ٤٤ ساڵ بەندکرانییان بەسەردا سەپێندراوە و ناوەکانیان بریتین لە؛

١- سەمیرا ئەحمەدی، چالاکی کورد و خەڵکی شاری سەقز، سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٢- فاتمە شێخی، چالاکی کورد و خەڵکی شاری ئابدانان، سزای ١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٣- فرووغ تەقیپوور، چالاکی خەڵکی شاری تاران، سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٤ -مەرزیە فارسی، چالاکی خەڵکی شاری تاران، سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٥- نێرگس، مەنسووری، چالاکی خەڵکی شاری تاران، سزای ٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٦- شیلان، مونفەرد، چالاکی خەڵکی شاری تاران، سزای ١٥ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٧- سەبا ئازەرپەیک، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی تاران، سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٨- کیمیا فەتحیزادە، ڕۆژنامەنووسی خەڵکی سیرجان، سزای ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٩- سارینا جیهانی، چالاکی خەڵکی شەهریار، سزای ٢ سال و ٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

 

دەستبەسەرکران و سزادانی ژنان یەکێک لە شێوەکانی هەڵاواردن لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە. لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا گوشارەکان لەسەر چالاکانی ژن بەربڵاوتر و فراوانتر بووە. کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی بەرنامەداڕێژراو و سیستەماتیک بەردەوام لە کاتی هاتنە سەرکارییەوە تا هەنووکە هەوڵی داوە کە گۆڕەپانی چالاکیی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مافی مرۆڤ بۆ ژنان بەرتەسکتر بکاتەوە. سیاسەتەکانی هەڵاواردن و جیاکردنەوەی ڕەگەزی و هەروەها پەڕاوێزخستنی زیاتری کۆمەڵگەی کەمینە ڕەگەزییەکان لە ڕێگەی بە سزاناساندنی ناسنامەیانەوە یەکێک لە سیاسەتەکانی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئێراندایە.

 

تۆمارکردنی ٢٠ حاڵەت ژنکوژی

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جەنیوەریدا لانی کەم ٢٠ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا کوژراون کە کوژرانی ١٦ کەس لەو ژنانە لەلایەن کەسانی نزیکی خۆیانەوە وەک هاوژین، باوک، کوڕ و براکەیانەوە بووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ٩ ژن لەلایەن هاوسەرەکەیانەوە، ٧ ژن لەلایەن براکەیان، ٢ ژن لەلایەن کەسانی نزیکی بنەماڵەی خۆیان و ٤ ژنیش لەلایەن کەسانی دیکەوە کوژراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لانی کەم ٤ حاڵەت واتا ٢٠٪ی ئەو ژنانەی بە پاساوی ئەوەی کە پێی دەوترێت "پاراستنی نامووس" کوژراون.
 

جیاکردنەوەی حاڵەتەکانی ژنکوژی بەپێی پارێزگاکان

پارێزگای تاران: ٩ ژن.

پارێزگای ئیسفەهان: ٢ ژن.

پارێزگای فارس: ٢ ژن.

پارێزگای لوڕستان: ٢ ژن.

پارێزگاکانی ئەلبورز، خۆرسانی ڕەزەوی، خووزستان، گیلان و مازەندەران: هەرکام ١ ژن.

ژنکوژی بەرزترین پلەی دژایەتی ژنان لە کۆمەڵگادایە. کوشتنی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس تەنیا بەشێک لە ژنکوژییەکان لەخۆ دەگرێت. بنەمای سەرەکی ژنکوژی لە کۆمەڵگاکاندا مێژوو، بۆنەکان و یاسا پیاوسالار و دژەژنانەکانە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تەنیا لە ساڵی پێشوودا ١٢٢ ژنکوژی لە ئێران تۆمارکراوە کە بەشێکی زۆر لەو کوشتنانە لەلایەن ئەندامانی بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی ئەو ژنانەوە ئەنجامدراوە. یاسا و بیری دژ بە ژنان ڕقێکی قووڵ دژ بە ژنان ئاسایی دەکاتەوە و ئەوە خۆی دەبێتە هۆی ئەوەی کوشتنی ژنان بە شێوەیەکی ئاساییتر و بێ تێچووتر ئەنجام بدرێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە