ڕۆژی جیهانیی ژنان؛ ڕاپۆرتی ئاماری هەنگاو لە سەر پێشێلکاریی بەربڵاوی مافەکانی ژنان لە ئێراندا لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣

١٧ ڕەشەمە ٢٧٢٣، ١٣:٤٦

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٣


هەشتی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنانە و بەم بۆنەوە بە شێوەیەکی تایبەت مێژوویی خەبات و تێکۆشانی ژنان لە دژی نایەکسانی ڕەگەزی یاد دەکرێتەوە، لە پەیوەندی لەگەڵ ژنان لە ئێران، ئەم مێژووە بە تایبەتی دەگەڕێتەوە بۆ دەرکردنی فەرمانی حیجابی ئیجباری و هەڵوەشاندنەوەی یاسای پاراستنی بنەماڵە لە دوای گەڕانەوەی خومەینی بۆ ئێران، دوای ئەم فەرمانە، ژنان ناڕەزایەتییان بەرانبەر بەم فەرمانە لە ڕۆژی هەشتی مارس لە تاران دەربڕی و خۆپیشاندانیان کرد. ئەم ناڕەزایەتییانە سەرکوت کرا و ئەم سەرکوتە بووە دەستێکی وەرزێکی نوێ لە بواری پێشێلکاری مافی ژنان لە ئێران.


ئەم ڕاپۆرتە بەبۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژنان و لە ژێر ناوی پێشێلکاری مافەکانی ژنان لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٣دا ئامادە کراوە کە بە شێوەی ئاماری لە سەر پێشێلکاری بەربڵاوی مافەکانی ژنان لە ئێران بە پێی بەڵگەی سەلمێندراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاو دەبێتەوە.


بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٣ زایینی لانی کەم سزای سێدارەی ٢٢ ژن لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێ کراوە، ٣٢٥ چالاکی ژنان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکان دەستبەسەر و ١٤٧ چالاکی ژن لەلایەن دەزگای دادوەری سزای بەندکران، لێدانی قامچی و سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە. هەروەها لانی کەم ١٢٢حاڵەت کوشتنی ژنان لە شارە جیاجیاکانی ئێران تۆمار کراوە.


شایانی باسە بە هۆی ڕاسپاردە کردنی بەشێک لە میکانیزمەکانی پێشێلکردنی مافی ژنان لەلایەن یاساوە بۆ نێو خێزان و بنەماڵەکان کە پیاوسالارن، بەشێک لە حاڵەتەکانی پێشێلکاری تایبەت بە ژنان لە ئێران تۆمار ناکرێت. ناوەندی بنەماڵە بە کۆنترۆڵی ژنان ڕێگرە لە میدیایی کردنەوە لەسەر دەستبەسەرکردن، سزادان و توندوتیژی حکومەتی و کۆمەڵایەتی و زۆربەی ژنکوژییەکان و سێدارەی ژنان تۆمار و میدیایی نابێتەوە.


سزای سێدارەی لانی کەم ٢٢ ژن لە یەک ساڵی ڕابردوو جێبەجێ کراوە



بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لانی کەم ٢٢ بەندکراوی ژن لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێران لە سێدارە دراون کە دەکاتە ٢.٧٪ی کۆی گشتیی لەسێدارەدراوانی ساڵی ڕابردوو.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری هەنگاو؛ ١٥ کەس (٦٨٪) ی ئەو ژنانەی ساڵی ڕابردوو لە سێدارە دراون، بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە. ژنێک بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل و ٣ ژنی دیکەش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە، هەروەها زانیاریی ورد و دروست لەسەر تۆمەتی ئەو ٣ ژنەی دیکە کە سزاکەیان جێبەجێکراوە، لە بەردەستدا نییە.

زۆربەی ژنان لە بەندیخانەکانی ئیسفەهان و بیرجەند لە سێدارە دراون، کە لە هەرکام لەو بەندیخانانەدا ٤ ژن لە سێدارە دراون. لە بەندیخانەکانی مەشهەد، ڕەجاییشار، کەرەج و کرمان هەرکام ٢ ژن، لە بەندیخانەکانی ڕەشت، زاهیدان، قوم، کەهنوج، هەمەدان، یاسووج، ئورمیە و قەزڵحیسار هەرکام ژنێک لە سێدارە دراون.

بەپێی یاسای کۆماری ئیسلامی ئێران، لەم وڵاتە هیچ یاسایەکی تایبەت بە مەبەستی پاڵپشتی لە ژنان لە بابەتە خێزانییەکان نییە و تەنانەت خودی یاسا وا دارێژراوە کە بوار بۆ زۆر توندوتیژی دژی ژنان وەکوو توندوتیژی سێکسی، توندوتیژی جەستەیی، توندوتیژی ئابووری و دەروونی دەرەخسێنێت.




دەستبەسەرکردنی لانی کەم ٣٢٥ ژن لە ساڵی ٢٠٢٣دا

بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانی کەم ٣٢٥ هاووڵاتیی ژن لە شارە جیاجیاکانی ئێران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و ناسنامەی هەموویان بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە. ئەم ڕێژەیە دەکاتە ١٤٪ی کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوانی ساڵی ڕابردوو لە ئێران.


لە کۆی گشتیی ئەو ژنانەی کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، ٩٢ کەسیان کە دەکاتە ٢٨.٥٪ ی کۆی حاڵەتەکان ژنانی کورد بوون. هەروەها لانی کەم ٥٢ ژنە چالاکی بەهایی کە دەکاتە ١٦٪ی کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوانی ساڵی ڕابردوو لە ئێران دەستبەسەرکراون.

زۆرترین چالاکانی ژن لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لە شاری تاران دەستبەسەر کراون کە دەکاتە ٦٨ حاڵەت بووە. پاشان شارەکانی سنە بە ٣٦ کەس، ئیسفەهان بە ٢٢ کەس و کەرەج بە ٢٠ کەس زیاترین حاڵەتەکانی دەستبەسەرکرانی ژنانیان تێدا تۆمارکراوە. لە شاری ڕەشت ١٧ کەس، لە سەقز ١٣ کەس، لە مەشهەد ١٠ کەس، هەروەها لە شارەکانی شیراز، هەمەدان و بۆکان هەرکام ٧ کەس و شارەکانی ئیلام و ئیزە هەرکام ٥ چالاکی ژن لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەستبەسەر کران.

بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ١٨ خوێندکاری کچ، ١٧ ڕۆژنامەنووس و چالاکی بواری ڕاگەیاندن، ١٠ هونەرمەند و ئەکتەر و ٧ مامۆستای ژن لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە لە ئێران دەستبەسەر کران.




دەرکردنی سزای سێدارە، بەندکران و لێدانی قامچی بۆ ١٤٧ چالاکی ژن لە ساڵی ٢٠٢٣



بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ساڵی ٢٠٢٣ زایینی لانی کەم ١٤٧ چالاکی ژن لە شارە جیاجیاکانی ئێران لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران دادگایی و سزای بەندکران و قامچی و یەک حاڵەت سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.

بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، لانی کەم چالاکێکی ژن بە ناوی نەسیم نەمازی خەڵکی ئورمیە بە تۆمەتی «سیخوڕی بۆ ئیسرائیل» سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە و سزای سێدارەکەی لە بەندیخانەی ناوەندی ئەم شارە لە ڕۆژانی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ جێبەجێ کرا.

هەروەها ١٣٩ چالاکی ژن لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران سەرجەم ٥٥٣ ساڵ و ١٠ مانگ سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپیندراوە و ١٠ کەسیان سەرە ڕایی سزای بەندکران سزای ٥٥٧ جار لێدان بە قامچیان بەسەردا سەپێندراوە.


لە یەک ساڵی ڕابردوو لانی کەم، ٨ چالاکی ژن سەرجەم سزای ١٧ ساڵ و ٨ مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراویان بەسەردا سەپێندراوە.

شایانی باسە کە ٤٢ کەس لەو ژنانەی کە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە لە کەمایەتیی مەزهەبی و بەهایی بوون و ٢٠ کەسیان لەوانەی کە سزای بەندکران و قامچیان بەسەردا سەپیندراوە ژنانی چالاکی کورد بوون.

دەستبەسەرکرانی ژنان و سەپاندنی سزا بەسەریاندا پرۆسەیەکی ئاسایی هەڵاواردنە لە کۆماری ئیسلامی ئێران، کە کاتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی گوشارەکان بۆ سەر چالاکانی ژن ڕەهەندی بەربڵاوتری بە خۆیەوە بینیوە، کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەی سیستەماتیک هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە هەوڵی داوە چالاکی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مافی مرۆڤی بۆ ژنان بەرتەسک بکاتەوە، سیاسەتی جیاکردنەوەی ڕەگەزی و سێکسی و هەروەها خستنە پەراوێزی کۆمەڵگەی کەمینە ڕەگەزییەکان لە ڕێگەی داتاشینی تۆمەتە بۆ سەر ناسنامەی ئەم کەسانە یەکێک لە سیاسەتە جدییەکان ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئێرانە.





تۆمارکردنی ١٢٢ حاڵەت کوشتنی ژنان لە ساڵی ٢٠٢٣


بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی لانی کەم ١٢٢ حاڵەت کوشتنی ژنان لە شارە جیاجیاکانی ئێران تۆمار کراوە کە ٣٩ حاڵەتیان کە دەکاتە ٣٢٪ کۆی گشتی کوشتنەکان بە پاساوی نامووس بووە.

زیاترین ڕێژەی کوشتنی ژنان لە ساڵی ڕابردوو لەلایەن هاوژینەکان (٦٠ حاڵەت) هاوسەرانی پێشوو (٩ حاڵەت) ئەنجام دراوە کە دەکاتە ٥٦.٥٪ کۆی گشتیی حاڵەتەکان، هەروەها ١٦ ژن لەلایەن باوک، ١٠ ژن لەلایەن برا و ٢ ژن لەلایەن باوکی هاوژینەکان و ١١ ژن لەلایەن کەسانی نزیک وەکوو زاوا، مامە و خاڵۆیان کوژراون، دوو حاڵەت لە کوشتنەکان لەلایەن داواکار و ٥ حاڵەتیش لەلایەن دەزگیرانەکانیانەوە کوژران و ٧ حاڵەتیش لەلایەن کەسانی نەناسراو بووە.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ساڵی ڕابردوو لانی کەم ٨ ژنی قوربانی منداڵ هاوسەری لە شارەکانی ئەهواز (٢ حاڵەت) سەردەشت، پیرانشار، زابۆل، خوڕەمئاوا، مەشهەد، ئەلەشتەر و دێولان هەر کام یەک حاڵەت کوژراون کە چوار کەسیان بە پاساوی نامووس کوژراون. ٥ کەسیان لەم منداڵ هاوسەرانە لەلاین هاوژینەکانیانەوە و ٢ کەسیان لەلایەن برا و یەک کەسیان لەلایەن باوکیەوە کوژراوە.


جیاکردنەوەی ژنکوژییەکان لە ساڵی ٢٠٢٣ بەپێی پارێزگاکان؛



۱- پارێزگای تاران: ٢٤ حاڵەت (٧ حاڵەت بە پاساوی نامووس)
۲- پارێزگای ئورمیە: ١٥ حاڵەت (٩ بە پاساوی نامووس)
۳- پارێزگای کرماشان: ١٠ حاڵەت (٢ بە پاساوی نامووس)
۴- پارێزگای فارس؛ ٨ حاڵەت (١ بە پاساوی نامووس)
۵- پارێزگای سنە؛ ٨ حاڵەت (٤ بە پاساوی نامووس)
۶- پارێزگای ئەلبورز؛ ٧ حاڵەت (٢ بە پاساوی نامووس)
۷- پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی؛ ٧ حاڵەت (٢ بە پاساوی نامووس)
۸- پارێزگای مەرکەزی؛ ٦ حاڵەت (٢ بە پاساوی نامووس)
۹- پارێزگای مازەندەران؛ ٥ حاڵەت (٢ بە پاساوی نامووس)
۱۰- پارێزگای گیلان؛ ٥ حاڵەت (٢ بە پاساوی نامووس)
۱۱- پارێزگای خوزستان؛ ٤ حاڵەت (٣ بە پاساوی نامووس)
۱۲- پارێزگای ئیلام؛ ٤ حاڵەت
۱۳- پارێزگاکانی لوڕستان و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، هەر کام سێ حاڵەت کە لە هەر پارێزگا یەک حاڵەت ن بە پاساوی نامووس بووە
۱۴- پارێزگاکانی بەلووچستان، بوشێهرم ئیسفەهان و زەنجان: هەرکام ٢ حاڵەت (یەک حاڵەت لە بەلووچستان بە پاساوی نامووس بووە)
۱۵- پارێزگاکانی سمنان، قوم، کرمان و هورموزگان و یەزد: هەر کام یەک حاڵەت (پارێزگای هورموزگان بە پاساوی نامووس بووە)
 


کوژرانی ژنان بەرزترین ئاستی بێزاری لە ژنان و دژە بوونی کۆمەڵگایەکە، ئەو کوشتنانەی کە پەیوەندی دەدرێ بە نامووس تەنیا بەشێک لە ژن کوژییەکانە، ماکەی ئەسڵی کوشتنی ژنان لە کۆمەڵگا، مێژوو و پەیوەندی و یاسای پیاوسالارانە و دژە ژنە،

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تەنیا لە ساڵی ڕابردوو ١٢٢ ژن لە ئێران کوژراون و بەشێکی بەرچاوی لەلایەن ئەندامانی نزیکی بنەماڵەی کوژراوان ئەنجام دراوە، یاسا و بیری دژە ژن، ڕق و کینەی زۆر قووڵی بە نیسبەت ژنانەوە دروست کردووە و ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کوشتنی ژنان ئاسانتر و بەدواداچوونی یاسایی بۆ نەکرێت.






 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە