دەستبەسەرکرانی ٦٣ هاووڵاتی لە ماوەی مانگی مارسی ٢٠٢٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە
هەنگاو؛ سێشەممە ١٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی مارسی ٢٠٢٤دا لانی کەم ٦٣ هاووڵاتی کە ناسنامەیان بە تەواوی ئاشکرا کراوە، لە هەموو ئێراندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. زیاترین ژمارەی دەستبەسەرکراوان هاووڵاتییانی کورد بوون کە ٣١ حاڵەت تۆمار کراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لانی کەم ٣١ هاووڵاتیی کورد، ٩ هاووڵاتیی تورک، ٩ هاووڵاتیی بەلووچ و هەروەها ٦ ژن و ٩ منداڵ لە مانگی مارسدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و یان ڕفێندراون.
جیاکردنەوەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو بەپێی پارێزگاکان؛
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە زیاترین ژمارەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لە پارێزگای ئورمیە بوون کە ١٤ حاڵەت تۆمار کراوە و لە پارێزگای سنە ١٣ حاڵەت، هەروەها لە سیستان و بەلووچستان و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات هەر کام ٩ حاڵەت دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییان تۆمار کراوە.
پارێزگای ئورمیە: ١٤ حاڵەت) سەرجەم حاڵەتەکان هاووڵاتییانی کورد بوون )
پارێزگای سنە: ١٣ حاڵەت
پارێزگای سیستان و بەلووچستان: ٩ حاڵەت
پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: ٩ حاڵەت
پارێزگای تاران: ٥ حاڵەت
پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ٤ حاڵەت
پارێزگای ئیلام: ٢ حاڵەت
پارێزگای کرماشان: ٢ حاڵەت
پارێزگای لوڕستان، گیلان، خوزستان، ئەلبۆرز و ئیسفەهان: هەر کام ١ حاڵەت
٤٩٪ی دەستبەسەرکراوان هاووڵاتییانی کورد بوون
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی مارسدا لانی کەم ٣١ هاووڵاتی کورد لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە بەرانبەر بە ٤٩٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لە تەواوی ئێران لە ماوەی مانگی ڕابردوودا. لە مانگی فێبریوەریدا ٤٦٪ی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو هاووڵاتییانی کورد بوون.
لە ماوەی مانگی مارسدا لانی کەم ٩ هاووڵاتی تورک و ٩ هاووڵاتی بەلووچ واتا ٢٨٪ی کۆی حاڵەتەکان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
دەستبەسەرکرانی کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکان
دەستبەسەرکرانی پەیڕەوانی کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکان لە مانگی مارس بەراورد بە مانگەکانی پێشووی کەمتر بووە و لەو مانگەدا یەک چالاکی سوننی مەزهەبی کورد و خەڵکی سەڵماس بەناوی حەسەن جەنگخاە بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کراوە.
هەروەها لالە ساعەتی نوێباوەڕی ئایینی مەسیحی لە تاران دەستبەسەر کراوە و لەم دوایییانەدا سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
دەستبەسەرکرانی ٦ ژن و ٩ منداڵ لە مانگی مارسی ٢٠٢٤دا
بەپستبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم ٦ چالاکی ژن لە تەواوی ئێران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە ٩.٥٪ی سەرجەم دەستبەسەرکراوان لەو مانگەدان.
مریەم سادات یەحیەوی، لالە ساعەتی و سدیقە وەسمەقی لە تاران، ئاوارە حەیدەری لە پاوە، بیتا ڕەسووڵی لە لاهیجان و مەرزیە خەلیلی لە ئیسفەهان ئەو شەش ژنەن کە لە مانگی ڕابردوودا دەستبەسەر کراون و ناسنامەیان ئاشکرا کراوە.
هەروەها لەو ماوەیەدا لانی کەم ٩ منداڵی ژێر ١٨ ساڵ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە زیاتر لە ١٤٪ی سەرجەم دەستبەسەرکراوانی مانگی مارس بوون.
٤ منداڵی کورد بەناوی کارۆ حەمیدی و میدیا شێخی هەر دوو تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی دیواندەرە، ماردین گاگەشی تەمەن ١٥ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، دانیال مام ئەحمەد تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی مەریوان و ٤ منداڵی بەلووچ بەناوەکانی محەممەد ڕەزا کەریمزایی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی مێهرستان، ئیسماعیل بەراهوویی تەمەن ١٦ ساڵ، محەممەد زەردکووهی و عەبدوڵڵا سدیقی تەمەن ١٧ ساڵ و هەر سێیان خەڵکی ئیرانشەهر لەگەڵ منداڵێکی تەمەن ١٧ ساڵی تورک و خەڵکی سەهەند بەناوی وەحید ئەسغەری لە مانگی مارسی ٢٠٢٤دا دەستبەسەر کراون.
دەستبەسەرکرانی مامۆستایان، خوێندکارانی زانکۆ و چالاکانی میدیایی و هونەرمەندان
لە ماوەی مانگی مارسی ئەمساڵدا و بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لانی کەم ٢ خوێندکاری زانکۆ، ٢ مامۆستا و مامۆستای زانکۆ، یەک چالاکی میدیایی و پێنج هونەرمەند و گۆرانیبێژ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەرکراون.
سولەیمان عەبدی مامۆستای خەڵکی سەقز و جەواد هائێری مامۆستای زانکۆی لە کار دوورخراوەی خەڵکی مەشهەد و دوو خوێندکاری زانکۆ بەناوی خەبات وەیسی خەڵکی مەریوان و ئیحسان فەریدی خەڵکی تەورێز دەستبەسەر کراون.
هەروەها، ئاوارە حەیدەری شاعیری خەڵکی پاوە، عەلی نوورانی دەرهێنەری خەڵکی تاران، بیتا ڕەسووڵی، حەسەن کاکەیی و محەممەد عەباسزادە سێ گۆرانیبێژی خەڵکی شارەکانی لاهیجان، بۆکان و ئیلام لە مانگی مارسدا لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
ناسنامەی تەواوی ئەو ٦٣ کەسە لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تۆمار کراوە. کەڵکوەرگرتن لەو ئامارە بە هێنانی نێوی سەرچاوە ڕێگەپێدراوە. ئەو ئامارە تەنیا ئەو حاڵەتانە لەخۆ دەگرێت کە ناسنامەیان بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.