دەستبەسەرکرانی ۷۹ هاووڵاتی لە ماوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٥ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران

١٤ بانەمەڕ ٢٧٢٥، ١١:٠٢

 هەنگاو؛ یەکشەممە ١۴ی بانەمەڕی ٢٧٢۵

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٥دا لانی کەم ۷۹ هاووڵاتی کە ناسنامەیان بە تەواوی ئاشکرا کراوە، لە تەواوی ئێراندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. ئەو ئامارە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردووی ۵۵ حاڵەت واتا ۴۱٪ کەم بووەتەوە. لە ماوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٤دا لانی کەم ۱۳۴ هاووڵاتی دەستبەسەر کرابوون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لانی کەم ۸ چالاکی ژن، ۴ منداڵ، ۳۵ هاووڵاتیی بەلووچ و ۲۱ هاووڵاتیی کورد لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون یان ڕفێندراون و زیاترین حاڵەتەکانی دەستبەسەرکران لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بە ۳۵ حاڵەتەوە تۆمار کراوە.

جیاکردنەوەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو بەپێی پارێزگاکان؛

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بە ۳۵ حاڵەتەوە زیاترین ژمارەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراوی لەخۆ گرتووە، هەروەها لە پارێزگای سنە ۹ حاڵەت و لە پارێزگای تاران ۸ حاڵەت لە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان تۆمار کراوە.

پارێزگای سیستان و بەلووچستان: ۳۵ حاڵەت
پارێزگای سنە: ۹ حاڵەت
پارێزگای تاران: ۸ حاڵەت بریتی لە (۵ هاووڵاتیی فارس و ۳ هاووڵاتیی کورد، لوڕ و تورک)
پارێزگای ئورمیە: ۷ حاڵەت بریتی لە (۶ هاووڵاتیی کورد و ١ هاووڵاتیی تورک)
پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ۵ حاڵەت
پارێزگای خووزستان: ۳ حاڵەت بریتی لە (۲ هاووڵاتیی لوڕ و ۱ هاووڵاتیی عەرەب)
پارێزگاکانی گیلان و ئیلام: هەر یەک ۲ حاڵەت
پارێزگای مازەندەران: ٢ حاڵەت بریتی لە (۲ هاووڵاتیی کورد)
پارێزگاکانی کرماشان، قوم، ئەلبۆرز و ئیسفەهان: هەریەک ١ حاڵەت
پارێزگای هەمەدان: ۱ حاڵەت بریتی لە (۱ هاووڵاتیی کورد)
پارێزگای فارس: ۱ حاڵەت بریتی لە (۱ هاووڵاتیی قەشقایی)

جیاکردنەوەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو بەپێی کەمینەی نەتەوەیی و پێکهاتەکان

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئەپریلدا لانی کەم ۳۵ هاووڵاتیی بەلووچ لە لایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە بەرانبەر بە ۴۴٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لە تەواوی ئێران لە ماوەی مانگی ڕابردوو بوون. هەروەها لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ۲۱ هاووڵاتیی کورد (۲۶.۵٪) دەستبەسەر کراون.
هاووڵاتییانی بەلووچ: ۳۵ حاڵەت
هاووڵاتییانی کورد: ۲۱ حاڵەت
هاووڵاتییانی فارس: ۱۴ حاڵەت
هاووڵاتییانی لوڕ: ۳ حاڵەت
هاووڵاتییانی گیلەک: ۲ حاڵەت
هاووڵاتییانی تورک: ۲ حاڵەت
هاووڵاتییانی عەرەب: ١ حاڵەت
هاووڵاتییانی قەشقایی: ۱ حاڵەت

دەستبەسەرکرانی کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکان

دەستبەسەرکرانی پەیڕەوانی کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکان لە ئێران لە ماوەی مانگی ئەپریل وەکوو ڕابردوو درێژەی هەبووە و لەو مانگەدا لانی کەم دوو چالاکی بەهایی، دوو چالاکی سوننەمەزهەب، دوو پەیڕەوی ڕەوتی یەمانی، نوێ‌باوەڕێکی مەسیحی و مامۆستایەکی ناڕازی شیعە مەزهەب دەستبەسەر کراون کە ناوەکانیان لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا دێت.

چالاکانی بەهایی؛

١- فەریدە مورادی خەڵکی مەشهەد
۲ـ گۆلنووش نەسیری خەڵکی مەشهەد

نوێ‌باوەڕانی مەسیحی؛

١- لیدا ئالێکسانی خەڵکی تاران

چالاکانی سوننەمەزهەب؛

١- لوقمان ئەمینی خەڵکی جوانڕۆ
۲ـ مامۆستا ئایەت غوڵامی خەڵکی کرماشان

چالاکانی ڕەوتی یەمانی؛
۱ـ ڕەیحانە دارات خەڵکی توربەت حەیدەریە
۲ـ ڕەسووڵ دارات خەڵکی توربەت حەیدەریە

چالاکانی ناڕازیی شیعە مەزهەب؛

ـ محەممەد جواد موحەقێق یەزدی خەڵکی قوم١

دەستبەسەرکرانی لانی کەم ۴ منداڵی ژێر ۱۸ ساڵ لە ماوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٥

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم ۴ منداڵی ژێر ۱۸ ساڵ لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە ۵٪ی کۆی دەستبەسەرکراوان لە ماوەی مانگی ئەپریل بوون.

تەواوی منداڵانی دەستبەسەرکراو کوڕ بوون و کەم تەمەنترین منداڵی دەستبەسەرکراو ۱۵ ساڵان بووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ۳ منداڵی دەستبەسەرکراو بەلووچ و ۱ منداڵ کورد بووە و ناوەکانیان بەو شێوەیە؛

١- عادڵ سەفەرزایی تەمەن ۱۶ ساڵ خەڵکی زاهیدان
٢- حێسان نەسیری موتڵەق تەمەن ١۵ ساڵ خەڵکی زاهیدان
٣- (ناو نادیار) شەهبەخش تەمەن ١۶ ساڵ خەڵکی زاهیدان
٤- ئێحسان حەمزەزادە تەمەن ١۷ ساڵ خەڵکی بۆکان

دەستبەسەرکرانی ۸ چالاکی ژن لە ماوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٥

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم ۸ چالاکی ژن لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە ۱۰٪ی کۆی دەستبەسەرکراوانی ئەو مانگە پێکدێنن.

لانی کەم ۴ ژنی دەستبەسەرکراو دانیشتووی تاران بوون و ناوەکانیان بەو شێوەیە؛

تاران؛ ۱ـ ژیلا زەهتاب موقەدەم ۲ـ ئازەر زەنگولی ۳ـ لیدا ئالێکسانی ۴ـ سومەیە ڕەشیدی
مەشهەد؛ ٥ـ فەریدە مورادی ٦ـ گۆلنووش نەسیری
سنە؛ ٧ـ سروە پوورمحەممەدی
توربەت حەیدەریە؛ ٨- ڕەیحانە دارات

دەستبەسەرکرانی لانی کەم یەک مامۆستا و خوێندکاری زانکۆ لە ماوەی مانگی ئەپریلی ۲۰۲۵

لە ماوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٥دا گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان لەسەر مامۆستایان و خوێندکاران درێژەی هەبووە و لانی کەم یەک مامۆستا و خوێندکاری زانکۆ لەو مانگەدا لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

مامۆستایانی دەستبەسەرکراو؛
١- ئەسغەر ئەمیرزادێگان خەڵکی فیرووزئاباد

خوێندکارانی دەستبەسەرکراو؛
۱ـ ئەمیرحوسێن باقری خەڵکی نەجەفئاباد

دەستبەسەرکرانی چالاکانی میدیایی لە ماوەی مانگی ئەپریل

لە مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم دوو چالاکی میدیایی بەناوەکانی نەریمان ڕەندانی خەڵکی سەقز و حوسێن گەوهەری خەڵکی میاندواو لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

دەستبەسەرکرانی نووسەران و هونەرمەندان

لە ماوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٥، لانی کەم یەک هونەرمەند بەناوی حەسەن ئەحمەدی خەڵکی ماکۆ لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. هیچ حاڵەتێک لە دەستبەسەرکرانی نووسەران تۆمار نەکراوە.

ناسنامەی تەواوی ئەو ۷۹ هاووڵاتییە لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تۆمار کراوە. کەڵکوەرگرتن لەو ئامارە بە هێنانی ناوی سەرچاوەکەی ڕێگەپێدراوە. ئەو ئامارە تەنیا ئەو حاڵەتانە لەخۆ دەگرێت کە ناسنامەیان بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە