ڕاپۆرتی مانگانەی هەنگاو لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە ئێراندا، مارسی ٢٠٢٤

١٧ خاکەلێوە ٢٧٢٤، ١٤:٠٥

هەنگاو؛ هەینی ١٧ی خاکەلێوەی ٢٧٢٤

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی مارسی ٢٠٢٤دا لانی کەم سزای سێدارەی یەک ژن لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا جێبەجێکراوە. هەروەها ٧ چالاکی ژن دەستبەسەر کراون و ١٣ چالاکی ژنیش لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. لە ماوەی مانگی ڕابردوو لانی کەم ١٣ حاڵەتی ژنکوژی لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا تۆمارکراوە.

جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنان لە ئێران

لە مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم سزای سێدارەی یەک ژن لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێکراوە. ساڵی ڕابردوو سزای سێدارەی ٢٢ ژن لە ئێران جێبەجێکرابوو.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ڕێکەوتی ١٨ی مارسی ٢٠٢٤، سزای سێدارەی ژنێکی خەڵکی جۆلفا کە پێشتر بەهۆی تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی ناوەندیی تەورێز جێبەجێکرا. ئەو ژنە لەگەڵ هاوژینەکەی لەسێدارە درا و هەنگاو بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ناوبراو بەدواداچوون دەکات.

بەپێی یاساکانی کۆماری ئیسلامی لە پەیوەندی لەگەڵ ژنان، لە ئێران نە تەنیا هیچ چەشنە یاسایەک بۆ پاڵپشتی لە ژنان لە پەیوەندی لەگەڵ توندوتیژی خێزانیدا بوونی نییە، بەڵکوو دەقی یاساکانیش لەو بوارەدا ڕێگای هەموو جۆرەکانی توندوتیژی وەکوو توندوتیژی سێکسی، فیزیکی، ئابووری و دەروونی بۆ ژنان ئاسایی دەکەنەوە.
 

دەستبەسەرکرانی ٧ ژن لە مانگی مارس

بەپشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی مارسی ٢٠٢٤دا، لانی کەم ٧ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا دەستبەسەرکراون کە دەکاتە ١٠.٥٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لەو مانگەدایە و ناسنامەیان بەشێوەی خوارەوەیە

_مریەم سادات یەحیەوی خەڵکی تاران
_ئاوارە حەیدەری خەڵکی پاوە
_مەرزیە خەلیلی خەڵکی ئیسفەهان
_سدیقە وەسمەقی خەڵکی تاران
_بیتا ڕەسووڵی خەڵکی لاهیجان
_لالە ساعەتی خەڵکی تاران
_هەستی تالیع تەلەب خەڵکی مەشهەد

 

سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر چالاکانی ژن

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی مارسی ٢٠٢٤دا لانی کەم ١٣ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران کە ١٠ کەسیان لە چالاکانی ژن لە پارێزگای گیلان بوون، سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ئەو ١٣ چالاکە سەرجەم لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای ٦٣ ساڵ و ٣ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە و ناوەکانیان بەو شێوەیە؛

١_مریەم عەباسی نیکوو خەڵکی نەجەفئاوای ئیسفەهان سزای ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
٢_شەبنەم تەبیانیان هاووڵاتیی بەهایی خەڵکی سمنان سزای ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
٣_لالە ساعەتی نوێ‌باوەڕی ئایینی خەڵکی تاران سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
٤_زۆهرە دادڕەس چالاکی خەڵکی ڕەشت سزای ٩ ساڵ و ٦ مانگ و ٢ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
٥_یاسەمین حەشدەری چالاکی خەڵکی بەندەریئەنزەلی سزای ٦ ساڵ و ٢ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
٦_شیوا شاە سیاە چالاکی خەڵکی لاهیجان سزای ٦ ساڵ و ٢ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
٧_نگین ڕەزایی چالاکی خەڵکی فوومەن سزای ٦ ساڵ ٢ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
٨_فرووغ سەمیع‌نیا چالاکی خەڵکی ڕەشت سزای ٦ ساڵ و ٢ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
٩_سارا جیهانی چالاکی خەڵکی ڕەشت سزای ٦ ساڵ و ٢ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
١٠_ئازادە چاوۆشیان چالاکی خەڵکی ڕەشت سزای ٦ ساڵ و ٢ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
١١_زەهرا دادڕەس چالاکی خەڵکی ڕەشت سزای ٦ ساڵ و ٢ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
١٢_مەتین یەزدانی چالاکی خەڵکی ڕەشت سزای ٦ ساڵ و ٢ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
١٣_جیلوە زاهیری چالاکی خەڵکی ڕەشت سزای ١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
 

دەستبەسەرکران و سزادانی ژنان یەکێک لە شێوە جێکەوتووەکانی هەڵاواردن لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە. لە ڕەوتی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی گوشارەکان لەسەر چالاکانی ژن قەبارەیەکی بەربڵاوتر و سەختتری بەخۆیەوە دیتووە. کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی ڕێکخراوانە بەردەوام لە کاتی هاتنە سەرکارییەوە هەوڵیداوە کە گۆڕەپانی چالاکی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مافی مرۆڤ بۆ ژنان بەرتەسکتر کاتەوە. سیاسەتەکانی جیاکردنەوەی ڕەگەزی و هەروەها پەڕاوێزخستنی زیاتری کۆمەڵگای کەمینە ڕەگەزییەکان لە ڕێگەی بە سزاناساندنی ناسنامەیانەوە یەکێک لە سیاسەتە جددییەکانی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئێراندایە.
 

تۆمارکردنی ١٣ حاڵەتی ژنکوژی لە مانگی مارسی ٢٠٢٤دا

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی مارسی ٢٠٢٤ لانی کەم ١٣ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا کوژراون کە کوژرانی ١٢ کەس لەوان لەلایەن کەسانی نزیکی خۆیانەوە وەکوو هاوژین، هاوژینی پێشوو، کوڕ و براکەیانەوە ڕوویداوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ٦ ژن لەلایەن هاوسەرەکەیانەوە، ٤ ژن لەلایەن هاوژینە پێشووەکەیانەوە، یەک ژن لەلایەن زاوای بنەماڵەوە، یەک ژن لەلایەن کوڕەکەی و یەک ژنیش لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە کوژراون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ١٠ حاڵەت هۆکاری بکوژ بۆ ئەنجامدانی تاوان بە کێشەی خێزانی نێو براوە.

جیاکردنەوەی حاڵەتەکانی ژنکوژی بەپێی پارێزگاکان

پارێزگای کرماشان: ٣ حاڵەت
پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: ٢ حاڵەت
پارێزگای ئورمیە: ٢ حاڵەت
پارێزگای تاران: ٢ حاڵەت
پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ٢ حاڵەت
پارێزگای خوراسانی باکوور: ١ حاڵەت
پارێزگای مازەندەران: ١ حاڵەت

ژنکوژی بەرزترین پلەی دژایەتی ژنان لە ئاستی کۆمەڵگادایە. کوشتنی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس تەنیا بەشێک لە ژنکوژییەکان لەخۆ دەگرێت. بنەمای سەرەکی ژنکوژی لە کۆمەڵگاکاندا مێژوو، بۆنەکان و یاسا پیاوسالار و دژەژنانەکانە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تەنیا لە ساڵی پێشوودا ١٢٢ ژنکوژی لە ئێراندا تۆمارکراوە کە بەشێکی هەرە زۆری ئەو کوشتنانە لەلایەن ئەندامانی بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی ئەو ژنانەوە ئەنجامدراوە. یاسا و بیری دژ بە ژنان ڕقێکی قووڵ دژ بە ژنان ئاسایی دەکاتەوە و ئەوە خۆی دەبێتە هۆی ئەوەی کوشتنی ژنان بە شێوەیەکی ئاساییتر و بێ تێچووتر ئەنجام بدرێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە