دەستبەسەرکرانی ۱۳۴ هاووڵاتی لە ماوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران

١٥ بانەمەڕ ٢٧٢٤، ٢٢:٣٣

هەنگاو؛ شەممە ١٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٤

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٤دا لانی کەم ١٣٤ هاووڵاتی کە ناسنامەیان بە تەواوی ئاشکرا کراوە، لە هەموو ئێراندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. زیاترین ژمارەی دەستبەسەرکراوان هاووڵاتییانی کورد بوون کە ٦٣ حاڵەت تۆمار کراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لانی کەم ٦٣ هاووڵاتیی کورد، ٢٨ هاووڵاتیی بەلووچ و هەروەها ١٥ ژن و ١ منداڵ و ٢٠ مامۆستا و خوێندکاری زانکۆ لە مانگی ئەپریل لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون یان ڕفێندراون.
 

جیاکردنەوەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو بەپێی پارێزگاکان؛

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە زیاترین ژمارەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لە پارێزگای ئورمیە بووە کە ٣٩ حاڵەت تۆمار کراوە و لە پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان ٢٨ حاڵەت، سنە ١٥ حاڵەت و تاران ١٤ حاڵەت دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان تۆمار کراوە.

پارێزگای ئورمیە: ٣٩ حاڵەت (٣٧ هاووڵاتیی کورد و ٢ هاووڵاتیی تورک)

پارێزگای سیستان و بەلووچستان: ٢٨ حاڵەت
پارێزگای سنە: ١٥ حاڵەت
پارێزگای تاران: ١٤ حاڵەت
پارێزگای ئیلام: ٧ حاڵەت
پارێزگای خووزستان: ٦ حاڵەت (٣ هاووڵاتیی لوڕی بەختیاری و ٣ هاووڵاتیی عەرەب)
پارێزگای گیلان: ٦ حاڵەت
پارێزگای کرماشان: ٤ حاڵەت
پارێزگاکانی لوڕستان، خوراسانی ڕەزەوی و ئەلبۆرز: هەر یەک ٣ حاڵەت
پارێزگاکانی فارس و مەرکەزی: هەر یەک ٢ حاڵەت
پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات و ئیسفەهان: هەر کام ١ حاڵەت
 

٦٨٪ی دەستبەسەرکراوان هاووڵاتییانی کورد و بەلووچ بوون

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئەپریلدا، لانی کەم ٦٣ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراون کە بەرانبەر بە ٤٧٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لە تەواوی ئێران لە ماوەی مانگی ڕابردوودایە.

لە مانگی ئەپریل لانی کەم ٢٨ هاووڵاتیی بەلووچ واتا ٢١٪ی کۆی حاڵەتەکان و ٤ هاووڵاتیی تورک لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر کراون.
 

دەستبەسەرکرانی کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکان

دەستبەسەرکرانی پەیڕەوانی کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکان لە مانگی ئەپریل بەراورد بە مانگەکانی پێشووی زیاتر بووە و لەو مانگەدا ٦ چالاکی سوننی مەزهەب کە ٤ کەسیان بە ناوەکانی سەعید قەنبەرزەهی، عومەر دارستان، نووح کووهی و سەعید زەرنەما لە چالاکانی سوننی مەزهەبی بەلووچ و ٢ کەس بە ناوەکانی داوود وەیسی و ئەمیر فیرووزی لە چالاکانی کورد بوون لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها مینا خاجەوی قومی نوێ‌باوەڕی ئایینی مەسیحی تەمەن ٦٠ ساڵ لە تاران بەمەبەستی تێپەڕکردنی ماوەی سزاکەی دەستبەسەر کراوە. ناوبراو لە مانگی جەنیوەری دەستبەسەر کرابوو، بەڵام هەواڵی دەستبەسەرکرانەکەی لە مانگی ئەپریل میدیایی کراوەتەوە.
 

دەستبەسەرکرانی ١٥ ژن و ١ منداڵ لە مانگی ئەپریلی ٢٠٢٤

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم ١٥ چالاکی ژن لە تەواوی ئێران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە بەرانبەر بە ١١.٢٪ی سەرجەم دەستبەسەرکراوانی ئەو مانگەیە.

سەمانە ئەسغەری، هەستی ئەمیری، نەفیسە لەتیفیان، نگار عابیدزادە، ئاتنا فەرقدانی، دینا قالیباف، ئایدا شاکەرەمی و مینا خاجەوی قومی لە تاران، خەدیجە مێهدی‌پوور لە ئەیوان، هەستی تالع‌تەلەب لە مەشهەد، فەهیمە سوڵتانی لە ئیسفەهان، مەریەم بەسیرتەوانا و مەهسا بەسیر تەوانا لە فوومەن، پەریسا ساڵحی لە کەرەج و مەریەم زەیلەکی لە ئەهواز ١٥ ژنی دەستبەسەرکراوی مانگی ڕابردوون و ناسنامەیان ئاشکرا کراوە.

هەروەها لەو ماوەیەدا لانی کەم یەک منداڵی ژێر ١٨ ساڵ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە. هیوا شەریفی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی شنۆ مانگی ڕابردوو بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی ئەو شارە گواستراوەتەوە.
 

دەستبەسەرکرانی لانی کەم ٢٠ مامۆستا و خوێندکاری زانکۆ لە ماوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٤

لە ماوەی مانگی ئەپریلی ٢٠٢٤ گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان لەسەر مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆ زیاتر بووە و لانی کەم ١٠ خوێندکاری زانکۆ و ١٠ مامۆستای قوتابخانە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە بەرانبەر بە ١٥٪ی سەرجەم دەستبەسەرکراوانی ئەو مانگەیە. لانی کەم پێنج کەس لە خوێندکارانی دەستبەسەرکراو و یەک کەس لە مامۆستایانی دەستبەسەرکراو ژن بوون.

ناسنامەی مامۆستایانی دەستبەسەرکراو؛

١-محەممەد سادقی لە ئەراک
٢-سەلمان ئولفەتی لە گیەڵان
٣-موحسین ئەحمەدی لە کارزانی ئیلام
٤-ئەمان جەلالینژاد لە ئەهواز
٥-تاهیر ئەسغەرپوور لە کەرەج
٥-ئەسغەر میرزادگان لە فیرووزاوا
٧-خالید ئەحمەدی لە سنە
٨-ئەمیر ئیسماعیلی لە خوڕەمئاوا
٩-ئەحمەد نەوچیان لە ئەهواز
١٠-مەریەم زەیلەکی لە ئەهواز


ناسنامەی خوێندکارانی دەستبەسەرکراو؛

١-هەستی ئەمیری لە تاران
٢-زیا نەبەوی لە تاران
٣-فەهیمە سوڵتانی لە ئیسفەهان
٤-ئیرەج محەممەدزادە لە جوانڕۆ
٥-خسرەو بەهادوری قەشقایی لە شیراز
٦-عەلی ئەحمەد کووهکەن لە زاهیدان
٧-ئەرژەنگ مورتەزەوی لە کەرەج
٨-دینا قالیباف لە تاران
٩-پەریسا ساڵحی لە کەرەج
١٠-موتەهیرە گوونەیی لە تاران


دەستبەسەرکرانی لانی کەم ٧ کەس لە چالاکانی میدیایی لە مانگی ئەپریل

لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم ٧ کەس لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی میدیایی لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەستبەسەر کراون کە ناسنامەیان بەو شێوەیە؛

١-ئیرەج محەممەدزادە لە جوانڕۆ
٢-ڕەسووڵ گەلەبان لە ئورمیە
٣-مستەفا حەمدی لە سەقز
٤-دینا قالیباف لە تاران
٥-پەریسا ساڵحی لە کەرەج
٦-کەیوان ڕەحیمی لە سەقز
٧-ئەمیر ئیسماعیلی لە خوڕەمئاوا


دەستبەسەرکرانی نووسەران و هونەرمەندان

لە مانگی ئەپریلی ٢٠٢٤، ئەمان جەلالینژاد هونەرمەند و مامۆستا لە ئەهواز لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و عیسا چۆلاندیم هونەرمەندی خەڵکی ڕەشت بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کراوە.

هەروەها ٤ نووسەر و وەرگێڕ بە ناوەکانی جەماڵ عاملی لە تاران، لوقمان قەنبەری لە سەرپێڵی زەهاو، عەلیڕەزا بەهەشتی شیرازی لە تاران و سیامەک مەسیح‌پوور لە بێبهەهان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون. جەماڵ عاملی و سیامەک مەسیح‌پوور بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای بەندکرانەکەیان دەستبەسەر کراون.

 

ناسنامەی تەواوی ئەو ١٣٤ کەسە لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تۆمار کراوە. کەڵکوەرگرتن لەو ئامارە بە هێنانی نێوی سەرچاوە ڕێگەپێدراوە. ئەو ئامارە تەنیا ئەو حاڵەتانە لەخۆ دەگرێت کە ناسنامەیان بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە