جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ٦٧ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی مانگی مەی ٢٠٢٤

١٢ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١٩:٤٧

هەنگاو؛ هەینی ١٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم سزای سێدارەی ٦٧ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی ئەپریل کە ٧٧ بەندکراو لە سێدارە درابوون، ١٠ حاڵەت واتا ١٣٪ کەمی کردووە.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی مەی ٢٠٢٤دا لانی کەم سزای سێدارەی ٦٧ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. شایەنی باسە کە، ناسنامەی ٦٦ کەس لەو بەندکراوانە بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە مانگی مەیدا لانی کەم سزای سێدارەی ٢٥ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێ کراوە کە بەرانبەر بە ٣٧٪ی سەرجەم حاڵەتەکانە، هەروەها لەو مانگەدا ١٥ بەندکراوی تورک، ٥ بەندکراوی بەلووچ و ٣ بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان لە سێدارە دراون.

لە مانگی مەی سزای سێدارەی دوو بەندکراوی مەزهەبی و ئایینیی کورد بە ناوەکانی خەسرەوە بەشارەت و ئەنوەر خزری لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە. هەروەها سزای سێدارەی منداڵێکی کوردی تاوانبار و خەڵکی شاری میاندواو بەناوی ڕامین سەعادەت لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارەدا جێبەجێ کراوە.

لە مانگی ڕابردوودا لانی کەم سزای سێدارەی چوار ژن لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا جێبەجێ کراوە. فەریبا محەممەدزەهی بەندکراوی خەڵکی زاهیدان لە بەندیخانەی کرمان، ڕەزیە خەڵکی مەشهەد لە بەندیخانەی وەکیل ئاوای مەشهەد، پەروین مووسەوی خەڵکی مەراغە لە بەندیخانەی ئورمیە و فاتمە عەبدوڵڵاپوور خەڵکی نەیشابوور لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئەو چوار ژنەن کە لە مانگی ڕابردوودا لە سێدارە دراون.

زیاترین سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوان لە بەندیخانەی پارێزگای ئورمیە بووە کە لەو مانگەدا ١٣ حاڵەت جێبەجێکرانی سزای سێدارە لە بەندیخانەکانی ئەو پارێزگایەدا تۆمارکراوە. پارێزگاکانی ئەلبۆرز بە ١٠ حاڵەت، ئیسفەهان بە ٧ حاڵەت، فارس ٦ حاڵەت، کرمان و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات هەریەک بە ٥ حاڵەت لە پلەی دواتردان. لە بەندیخانەی پارێزگاکانی ئەردەبیل و قۆم هەر یەک ٤ حاڵەت، قەزوین ٣ حاڵەت، ئیلام، خوراسانی ڕەزەوی، زەنجان و گوڵستان هەر یەک ٢ حاڵەت و لە بەندیخانەی پارێزگاکانی کرماشان و سمنان هەر کام یەک حاڵەت لەسێدارەدران تۆمار کراوە.

شایەنی باسە کە، لە سەرجەم ئەو ٦٧ بەندکراوەی لە مانگی مەی لە سێدارە دراون تەنیا ٣ حاڵەت بەرانبەر بە ٤.٥٪ی سەرجەم حاڵەتەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراونەتەوە.
 

جیاکردنەوە بەپێی تۆمەتەکان

لە مانگی مەی دوو بەندکراوی مەزهەبی لە سێدارە دراون و زیاترین لە سێدارەدرانەکان پەیوەندییان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بووە کە ٣٨ حاڵەت واتا ٥٦.٥٪ کۆی حاڵەتەکان بووە.

سیاسی و ئایینی: ٢ حاڵەت
تۆمەتبارانی کوشتنی بە ئەنقەست: ٢٦ حاڵەت
تۆمەتبارانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان: ٣٨ حاڵەت
دەستدرێژی سێکسی: ١ حاڵەت


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە