دەستبەسەرکرانی ۱٤١ هاووڵاتی لە ماوەی مانگی مەی ٢٠٢٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران

١٣ جۆزەردان ٢٧٢٤، ٢٣:٥٣

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی مەی ٢٠٢٤دا لانی کەم ١٤١ هاووڵاتی کە ناسنامەیان بە تەواوی ئاشکرا کراوە، لە هەموو ئێراندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. زیاترین ژمارەی دەستبەسەرکراوان هاووڵاتییانی کورد بوون کە ٨٠ حاڵەت تۆمار کراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لانی کەم ٨٠ هاووڵاتیی کورد، ١٨ هاووڵاتیی بەلووچ، ١١ هاووڵاتیی تورک و هەروەها ١٤ ژن و ٣ منداڵ و ٥ مامۆستا و خوێندکاری زانکۆ لە مانگی مەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون یان ڕفێندراون.

جیاکردنەوەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو بەپێی پارێزگاکان؛

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە زیاترین ژمارەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لە پارێزگای ئورمیە بووە کە ٥٨ حاڵەت تۆمار کراوە و لە پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان ١٨ حاڵەت، سنە ١٢ حاڵەت و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات ١٠ حاڵەت لە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان تۆمار کراوە.
 

پارێزگای ئورمیە: ٥٨ حاڵەت (٥٧ هاووڵاتیی کورد و ١ هاووڵاتیی تورک)

پارێزگای سیستان و بەلووچستان: ١٨ حاڵەت

پارێزگای سنە: ١٢ حاڵەت

پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: ١٠ حاڵەت

پارێزگای کرماشان: ٧ حاڵەت

پارێزگای گیلان: ٦ حاڵەت

پارێزگای تاران: ٥ حاڵەت

پارێزگای کرمان: ٤ حاڵەت (٣ هاووڵاتیی بەلووچ و ١ هاووڵاتیی فارس)

پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ٣ حاڵەت (٢ هاووڵاتیی فارس و ١ هاووڵاتیی کورد)

پارێزگاکانی ئیلام، چوارمەحاڵ و بەختیاری، کۆهکیلوویەو بویرئەحمەد و قەزوین: هەر یەک ٣ حاڵەت

پارێزگاکانی لوڕستان، مازندەران، هورموزگان، خووزستان، ئەردەبیل و ئیسفەهان: هەر یەک ١ حاڵەت
 

٧٠٪ی دەستبەسەرکراوان هاووڵاتییانی کورد و بەلووچ بوون

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی مەیدا، لانی کەم ٨٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراون کە بەرانبەر بە ٥٧٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لە تەواوی ئێران لە ماوەی مانگی ڕابردوودایە.

لە مانگی مەی لانی کەم ١٨ هاووڵاتیی بەلووچ واتا ١٣٪ی کۆی حاڵەتەکان و ١١ هاووڵاتیی تورک لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
 

دەستبەسەرکرانی کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکان

دەستبەسەرکرانی پەیڕەوانی کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکان لە مانگی مەی بەراوەرد بە مانگەکانی پێشووی زیاتر بووە و لەو مانگەدا ١٢ چالاکی سوننی مەزهەب کە ٤ کەسیان بە ناوەکانی حوسێن عەلیمورادی خەڵکی سنە، هادی یووسفپوور خەڵکی پیرانشار، عەبدوڵڵا بەرزەگەر خەڵکی سەردەشت و نەبی وەیسی خەڵکی جوانڕۆ لە چالاکانی کورد بوون دەستبەسەر کراون. لانی کەم ٨ چالاکی مەزهەبیی بەلووچیش بەناوەکانی عەبدولئەحەد، هادی نارۆیی تەمەن ١٧ ساڵ، ئۆوەیس، ڕەفیعوڵڵا، وەلید، سەعید سیاهی تەمەن ١٦ ساڵ، مۆحێبوڵڵا و زاهید خەڵکی شارەکانی چابەهار، ڕاسک و ئێرانشار دەستبەسەر کراون.

هەروەها سێ چالاکی بەهایی بەناوەکانی سپیدە ڕەشیدی دانیشتووی ئەهواز، نازیلا خانیپوور لەگەڵ کوڕەکەی، وێسال هەرەوی دانیشتووی ڕەشت لە مانگی مەی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

دەستبەسەرکرانی ١٤ ژن و ٣ منداڵ لە مانگی مەی ٢٠٢٤

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم ١٤ چالاکی ژن لە تەواوی ئێران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە بەرانبەر بە ١٠٪ی سەرجەم دەستبەسەرکراوانی ئەو مانگەیە.

مۆتەهەرە گوونەیی خەڵکی تاران، سمەیە قادرپوور خەڵکی پیرانشار، فەرەنگیس فەتحی و ئەکرەم کوخیان خەڵکی مەلەکان، سووسەن حەسەنزادە و ئەفسانە شاهی خەڵکی بۆکان، مەرزیە مۆئمێنی خەڵکی مەشهەد، سوودابە وەهابی خەڵکی چالووس، سپیدە ڕەشیدی خەڵکی ئەهواز، سەما عەمووشاهی خەڵکی ئیسفەهان، نازیلا خانیپوور خەڵکی ڕەشت، مەریەم خەڵکی لە سیرجان، هەتاو ئەکرەمی خەڵکی تیکاب و زەهرا نەبی‌زادە خەڵکی مەهاباد ئەو ١٤ ژنە بوون کە لە ماوەی مانگی مەی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و ناسنامەیان بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.

هەروەها لەو ماوەیەدا لانی کەم سێ منداڵی ژێر ١٨ ساڵ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە دوو کەس لەوان لە هاووڵاتییانی بەلووچ و یەک کەسیان کورد بوون. مۆبین شێخەپوور تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، سەعید سپاهی تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی چابەهار و هادی نارۆیی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی ئێرانشار سێ منداڵی دەستبەسەرکراو لەماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا بوون.
 

دەستبەسەرکرانی لانی کەم ٥ مامۆستا و خوێندکاری زانکۆ لە ماوەی مانگی مەی ٢٠٢٤

لە ماوەی مانگی مەی ٢٠٢٤ گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان لەسەر مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆ بەراوەرد بە مانگی پێشووی کەمتر بووە و لانی کەم ٣ خوێندکاری زانکۆ و ٢ مامۆستای زانکۆ و قوتابخانە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

ناسنامەی مامۆستایانی قوتابخانە و زانکۆی دەستبەسەرکراو؛

١-محەممەد سەعیدی ئەبۆلحەساقی خەڵکی لۆردێگان

٢-سادق زیباکەلام لە تاران

ناسنامەی خوێندکارانی دەستبەسەرکراو؛

١-مۆتەهەرە گوونەیی خەڵکی تاران

٢-محەممەد داوەری خەڵکی دێهدەشت

٣-ئارمان مورادی خەڵکی دیواندەرە


دەستبەسەرکرانی لانی کەم ٨ کەس لە چالاکانی میدیایی لە مانگی مەی

لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم ٨ کەس لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی میدیایی لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەستبەسەر کراون کە ناسنامەیان بەو شێوەیە؛

١-محەممەد سارانی خەڵکی زاهیدان

٢-هەژار مەحموودی خەڵکی پیرانشار

٣-دڵشاد شاداب خەڵکی شنۆ

٤-باست قادرزادە خەڵکی شنۆ

٥-تاهیر حاجیپوور خەڵکی شنۆ

٦-سەمیع مەحموودی ئەقدەم خەڵکی شنۆ

٧-حەسەن عەباسی خەڵکی بەندەرعەباس

٨-هەژار ڕەحیمی خەڵکی مەهاباد


دەستبەسەرکرانی نووسەران و هونەرمەندان

لە مانگی مەی ٢٠٢٤، لانی کەم ٥ هونەرمەند بەناوەکانی هادی لاوە لە شنۆ، بەرزین جەعفەری لە گیەڵان، وەفا ئەحمەدپوور و دانیال موقەدەم لە تاران و کامیار بامداد لە تالێش لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

هەروەها جەمشید عەزیزی شاعیری خەڵکی ئاستارا بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانە گواستراوەتەوە.

 

ناسنامەی تەواوی ئەو ١٤١ کەسە لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تۆمار کراوە. کەڵکوەرگرتن لەو ئامارە بە هێنانی نێوی سەرچاوە ڕێگەپێدراوە. ئەو ئامارە تەنیا ئەو حاڵەتانە لەخۆ دەگرێت کە ناسنامەیان بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە