ڕاپۆرتی مانگانەی هەنگاو لەسەر پێشێلکرانی مافەکانی ژنان لە ئێران، مەی ٢٠٢٤

١٥ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١٢:٤٢

هەنگاو؛ سێشەممە ١٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی مەی ٢٠٢٤دا لانی کەم سزای سێدارەی ٤ ژن لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێ کراوە. هەروەها ١٤ چالاکی ژن دەستبەسەر کراون و ١٧ چالاکی ژنیش لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. لە ماوەی مانگی ڕابردوو لانی کەم ١٣ حاڵەتی ژنکوژی لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا تۆمار کراوە.

جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنان لە ئێران

لە مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم سزای سێدارەی چوار ژن لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێ کراوە. دوو کەس لەو ژنانە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و دوو کەسیش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. ساڵی ڕابردوو سزای سێدارەی ٢٢ ژن لە ئێران جێبەجێ کرابوو.

ناسنامەی ژنانی لەسێدارەدراو بەم شێوەیە؛

١-فەریبا محەممەدزەهی خەڵکی زاهیدان، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی کرمان لە سێدارە درا.
٢- ڕەزیە تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی مەشهەد، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی وەکیل ئاوای مەشهەد لە سێدارە درا.
٣-پەروین مووسەوی تەمەن ٥٠ ساڵ و خەڵکی مەراغە، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لە سێدارە درا.
٤-فاتمە عەبدوڵڵاهی تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی نەیشابوور، بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی نەیشابوور لە سێدارە درا.
 

دەستبەسەرکرانی ١٤ ژن لە مانگی مەی ٢٠٢٤

بەپشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی مەی ٢٠٢٤، لانی کەم ١٤ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەستبەسەر کراون کە ١٠٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لەو مانگەدایە و ناسنامەیان بەو شێوەیە؛

بۆکان: ١- هەتاو ئەکرەمی ٢- سووسەن حەسەنزادە ٣- ئەفسانە شاهی

مەلەکان: ٤- فەرەنگیس فەتحی ٥-ئەکرەم کوخیان
تاران: ٦- موتەهیرە گوونەیی
پیرانشار: ٧- سومەیە قادرپوور
ڕەشت: ٨- نازیلا خانیپوور
سیرجان: ٩- مەریەم مەحموودئابادی
ئیسفەهان: ١٠- سەما عەمووشاهی
مەشهەد: ١١- مەرزیە مۆئمێنی
چالووس: ١٢- سوودابە وەهابی
ئەهواز: ١٣- سپیدە ڕەشیدی
مەهاباد: ١٤- زارا نەبی‌زادە
 

سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر چالاکانی ژندا

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی مەی ٢٠٢٤دا لانی کەم ١٧ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران بریتی لە ١٥ چالاکی ژنی بەهایی لە ئیسفەهان و ژینا مودەڕیس گورجی ڕۆژنامەنووس و چالاکی بواری ژنان لە سنە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەو ١٧ کەسە لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سەرجەم سزای ١٠١ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە و ناوەکانیان بەو شێوەیە؛

١- شیرین سەعیدی خەڵکی تاران سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٢_ ئازیتا ڕەزوانیخاە خەڵکی ئیسفەهان سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٣_ شۆعلە ئاشووری خەڵکی ئیسفەهان سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٤- موژدە بەهامین خەڵکی ئیسفەهان سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٥_ بۆشرا مۆتەهێر خەڵکی ئیسفەهان سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٦- سارا شەکیب خەڵکی ئیسفەهان سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٧- سەمیرا شەکیب خەڵکی ئیسفەهان سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٨- ڕۆیا ئازادخۆش خەڵکی ئیسفەهان سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٩- نووشین هێممەت خەڵکی ئیسفەهان سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
١٠- شوورئەنگیز بەهامین خەڵکی ئیسفەهان سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
١١- ساناز ڕاستە خەڵکی ئیسفەهان سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
١٢- مەریەم خۆرسەندی خەڵکی ئیسفەهان سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
١٣- فیرووزە ڕاستینژاد خەڵکی ئیسفەهان سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
١٤- فەرخۆندە ڕەزوانپەی خەڵکی ئیسفەهان سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
١٥- موژگان پوورشەفیع ئەردەستانی خەڵکی ئیسفەهان سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
١٦-نەسرین خادێمی قەهقەرەخی خەڵکی ئیسفەهان سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
١٧- ژینا مودەڕیس گورجی خەڵکی سنە سزای ٢١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
 

دەستبەسەرکران و سزادانی ژنان یەکێک لە شێوە جێکەوتووەکانی هەڵاواردن لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە. لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" گوشارەکان لەسەر چالاکانی ژن قەبارەیەکی بەربڵاوتر و سەختتری بەخۆیەوە دیتووە. کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی ڕێکخراوانە بەردەوام لە کاتی هاتنە سەرکارییەوە هەوڵیداوە تا ئەو جێی بۆی دەکرێت گۆڕەپانی چالاکی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مافی مرۆڤی بۆ ژنان بەرتەسکتر کاتەوە. سیاسەتەکانی جیاکردنەوەی سێکسی و ڕەگەزی و هەروەها پەڕاوێزخستنی زیاتری کۆمەڵگای کەمینە سێکسی و ڕەگەزییەکان لە ڕێگەی بە سزاناساندنی ناسنامەیانەوە یەکێک لە سیاسەتە جددییەکانی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئێراندایە.
 

تۆمارکردنی ١٣ حاڵەتی ژنکوژی لە مانگی مەی ٢٠٢٤

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی مەی ٢٠٢٤ لانی کەم ١٣ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا کوژراون کە کوژرانی ١٢ کەس لەوان لەلایەن کەسانی نزیکی خۆیان وەکوو هاوژین، باوک، کوڕ و براکەیانەوە ڕوویداوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ٨ ژن لەلایەن هاوژینەکەیانەوە، ٢ ژن لەلایەن کوڕەکەیانەوە، ١ ژن لەلایەن براکەی، ١ ژن لەلایەن دۆستەکەی و ١ ژنیش لەلایەن کەسێک بە ناسنامەی نادیارەوە کوژراون.

لە سەرجەم ئەو ١٣ حاڵەت ژنکوژییە، ٣ حاڵەت بە پاساوی پاراستنی نامووس، ٧ حاڵەت کێشەی خێزانی و ١ حاڵەت بەمەبەستی دزی بووە و لە دوو حاڵەتیشدا هۆکار نادیارە.

جیاکردنەوەی ژنکوژییەکان بەپێی پارێزگاکان؛

پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ٣ حاڵەت
پارێزگای سنە: ٣ حاڵەت
پارێزگای ئیلام: ٢ حاڵەت
پارێزگای تاران: ٢ حاڵەت
پارێزگای سیستان و بەلووچستان: ١ حاڵەتپارێزگای مازەندەران: ١ حاڵەت
پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات) تەورێز (: ١ حاڵەت

ژنکوژی بەرزترین پلەی دژایەتی ژنان لە ئاستی کۆمەڵگادایە. کوشتنی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس تەنیا بەشێک لە ژنکوژییەکان لەخۆ دەگرێت. بنەمای سەرەکی ژنکوژی لە کۆمەڵگاکاندا مێژوو، بۆنەکان و یاسا پیاوسالار و دژەژنانەکانە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تەنیا لە ساڵی پێشوودا ١٢٢ ژنکوژی لە ئێراندا تۆمارکراوە کە بەشێکی هەرە زۆری ئەو کوشتنانە لەلایەن ئەندامانی بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی ئەو ژنانەوە ئەنجامدراوە. یاسا و بیری دژەژنانە ڕقێکی قووڵ دژ بە ژنان ئاسایی دەکاتەوە و ئەوە خۆی دەبێتە هۆی ئەوەی کوشتنی ژنان بە شێوەیەکی ئاساییتر و بێ تێچووتر ئەنجام بدرێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە