جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ١١ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی مانگی ژوئەنی ٢٠٢٤

١١ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ١٨:٢٧

هەنگاو؛ دووشەممە ١١ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم سزای سێدارەی ١١ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی مەی کە ٦٧ بەندکراو لەسێدارە درابوون، ٥٦ حاڵەت واتا ٨٣.٥٪ کەمی کردووە.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ژوئەنی ٢٠٢٤دا لانی کەم سزای سێدارەی ١١ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. شایەنی باسە کە، ناسنامەی ئەو ١١ بەندکراوە بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.

زیاترین سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوان لە بەندیخانەی پارێزگاکانی فارس و زەنجان بووە کە لە هەر یەک سزای سێدارەی ٣ کەس جێبەجێ کراوە. لە هەر یەک لە پارێزگاکانی یەزد، هەمەدان، قەزوین، خوراسانی ڕەزەوی و خوراسانی باشوور یەک حاڵەت لەسێدارەدرانی بەندکراوان تۆمار کراوە.

شایەنی باسە کە، هەواڵی لەسێدارەدرانی هیچ یەک لە سەرجەم ئەو ١١ بەندکراوەی کە لە مانگی ژوئەن لەسێدارە دراون، لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.
 

جیاکردنەوە بەپێی تۆمەتەکان

لە ماوەی مانگی ژوئەن زیاترین لەسێدارەدرانەکان پەیوەندییان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بووە کە ٨ حاڵەت واتا ٧٣٪ی کۆی حاڵەتەکان بوون.

تۆمەتبارانی کوشتنی بە ئەنقەست: ٣ حاڵەت
تۆمەتبارانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان: ٨ حاڵەت


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە