ڕاپۆرتی مانگانەی هەنگاو لەسەر پێشێلکرانی مافەکانی ژنان لە ئێران، ژوئەنی ٢٠٢٤
هەنگاو؛ چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٤
بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ژوئەنی ٢٠٢٤دا لانی کەم ٨ چالاکی ژن دەستبەسەر کراون و ٢ چالاکی ژنیش لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. لە ماوەی مانگی ڕابردوو لانی کەم ١٥ حاڵەتی ژنکوژی لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا تۆمار کراوە و هیچ حاڵەتێکی لەسێدارەدرانی ژنان تۆمار نەکراوە.
جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنان لە ئێران
لە مانگی ڕابردووی زایینیدا هیچ حاڵەتێکی لەسێدارەدرانی ژنان لە بەندیخانەکانی ئێراندا تۆمار نەکراوە.
دەستبەسەرکرانی ٨ ژن لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٤
بەپشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ژوئەنی ٢٠٢٤، لانی کەم ٨ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەستبەسەر کراون کە ١٠٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لەو مانگەدایە و ناسنامەیان بەو شێوەیە؛
تاران: ١- حوورا نیکبەخت ٢- سەمیرا نەجاتیان ٣- سەبا ئازەرپەیک
ڕەشت: ٤- حەمیدە زارعی ٥- مەهتا سەدری
شیراز: ٦- تاهیرە نەورۆزی
دامغان: ٧- عاتفە ڕەنگریز
موبارەکە: ٨- مەریەم مێهرابی
سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر چالاکانی ژندا
بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ژوئەنی ٢٠٢٤دا لانی کەم ٢ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران سەرجەم سزای ٨ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە کە ناسنامەیان بەوشێوەیە؛
١- ئاتنا فەرقدانی خەڵکی تاران سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٢- مەریەم بایرامی خەڵکی تەورێز سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
دەستبەسەرکران و سزادانی ژنان یەکێک لە شێوە جێکەوتووەکانی هەڵاواردن لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە. لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" گوشارەکان لەسەر چالاکانی ژن قەبارەیەکی بەربڵاوتر و سەختتری بەخۆیەوە دیتووە. کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی ڕێکخراوانە بەردەوام لە کاتی هاتنە سەرکارییەوە هەوڵی داوە تا ئەو جێی بۆی دەکرێت گۆڕەپانی چالاکیی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مافی مرۆڤی بۆ ژنان بەرتەسکتر کاتەوە. سیاسەتەکانی جیاکردنەوەی سێکسی و ڕەگەزی و هەروەها پەراوێزخستنی زیاتری کۆمەڵگای کەمینە سێکسی و ڕەگەزییەکان لە ڕێگەی بە سزا ناساندنی ناسنامەیانەوە یەکێک لە سیاسەتە جددییەکانی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئێراندایە.
تۆمارکردنی ١٥ حاڵەتی ژنکوژی لە مانگی ژوئەنی ٢٠٢٤
بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ژوئەنی ٢٠٢٤ لانی کەم ١٥ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا کوژراون کە کوژرانی تەواویان لەلایەن کەسانی نزیکی خۆیان وەکوو هاوژین، مام، برا و زاواکەیانەوە ڕوویداوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ١٢ ژن لەلایەن هاوژینەکەیانەوە، ١ ژن لەلایەن براکەیەوە، ١ ژن لەلایەن مامی و ١ ژنیش لەلایەن زاواکەیەوە کوژراون.
لە سەرجەم ئەو ١٥ حاڵەت ژنکوژییە، ٣ حاڵەت بە پاساوی پاراستنی نامووس بووە و هۆکاری کوژرانی ١٢ کەس لەو ژنانە بە کێشەی خێزانی ڕاگەیەندراوە.
جیاکردنەوەی ژنکوژییەکان بەپێی پارێزگاکان؛
پارێزگای کرمان: ٢ حاڵەت
پارێزگای هورمزگان: ٢ حاڵەت
پارێزگای تاران: ٢ حاڵەت
پارێزگای ئەلبۆرز: ١ حاڵەت
پارێزگای ئورمیە: ١ حاڵەت
پارێزگای خوراسانی باکوور: ١ حاڵەت
پارێزگای فارس: ١ حاڵەت
پارێزگای سیستان و بەلووچستان: ١ حاڵەت
پارێزگای سنە: ١ حاڵەت
پارێزگای لوڕستان: ١ حاڵەت
پارێزگای قەزوین: ١ حاڵەت
پارێزگای گیلان: ١ حاڵەت
ژنکوژی بەرزترین ئاستی دژایەتیی ژنان لە ئاستی کۆمەڵگادایە. کوشتنی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس تەنیا بەشێک لە ژنکوژییەکان لەخۆ دەگرێت. بنەمای سەرەکی ژنکوژی لە کۆمەڵگاکاندا مێژوو، بۆنەکان و یاسا پیاوسالار و دژەژنانەکانە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تەنیا لە ساڵی پێشوودا ١٢٢ ژنکوژی لە ئێراندا تۆمارکراوە کە بەشێکی هەرە زۆری ئەو کوشتنانە لەلایەن ئەندامانی بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی ئەو ژنانەوە ئەنجامدراوە. یاسا و بیری دژەژنانە ڕقێکی قووڵ دژ بە ژنان ئاسایی دەکاتەوە و ئەوە خۆی دەبێتە هۆی ئەوەی کوشتنی ژنان بە شێوەیەکی ئاساییتر و بێ تێچووتر ئەنجام بدرێت.