ڕاپۆرتی ئاماری؛ جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ٢٦٦ بەندکراو لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤

٢٣ پووشپەڕ ٢٧٢٤، ٢٢:٤٥

هەنگاو؛ شەممە ٢٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٤

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی (شەش مانگ) لانی کەم جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ٢٦٦ بەندکراو لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێراندا تۆمار کراوە. هەروەها لە ماوەی ڕابردوودا لانی کەم ٧٢ بەندکراوی کورد، ٤٢ بەندکراوی تورک، ٣٢ بەندکراوی بەلووچ، ٢٣ بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان و ١٠ ژن و یەک منداڵی تاوانبار لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا لەسێدارە دراون.

بەپشتبەستن بەم ڕاپۆرتە، لە سەرجەم ئەو ٢٦٦ بەندکراوەی کە لەسێدارە دراون، تەنیا ٢١ حاڵەت واتا ٨٪ی کۆی حاڵەتەکان لە میدیا حکومەتییەکان و میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بەشێوەی فەرمی بڵاو کراونەتەوە و ٩٢٪ی حاڵەتەکان میدیایی نەکراونەتەوە.

لە سەرجەم ئەو ٢٦٦ بەندکراوەی کە جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەیان لەلایەن هەنگاو بڵاو کراوەتەوە تا ئێستا ناسنامەی ٢٥٩ کەس بەتەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و بۆ ناسنامەی ئەو ٧ کەسەی دیکە بەدواداچوون دەکرێت.

جیاکردنەوەی لەسێدارەدرانەکان بەپێی تۆمەتەکان

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی سەرەتایی ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی زیاترین حاڵەتی لەسێدارەدران پەیوەندی بەو بەندکراوانەوە بووە کە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە. ٦٠٪ لە سەرجەم لەسێدارەدرانەکانی شەش مانگی ڕابردوو کە بەرانبەرە لەگەڵ ١٥٩ حاڵەت، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

ماددە هۆشبەرەکان: ١٥٩ حاڵەت واتە ٦٠٪ی کۆی حاڵەتەکان.
کوشتنی بە ئەنقەست: ٩٠ حاڵەت واتە ٣٤٪ی کۆی حاڵەتەکان.
چالاکی سیاسی و ئایینی: ١٠ حاڵەت واتە ٣.٥٪ کۆی حاڵەتەکان.
دزیی چەکدارانە: ٥ حاڵەت واتە ٢٪ی کۆی حاڵەتەکان.
دەستدرێژیی سێکسی: ٢ حاڵەت واتا ٠٥٪ی کۆی حاڵەتەکان.
 

جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ١٠ بەندکراوی سیاسی و مەزهەبی لە شەش مانگی سەرەتایی ساڵی ٢٠٢٤

لە سەرەتای مانگی جەنیوەری تا کۆتایی مانگی ژوئەنی ٢٠٢٤، لانی کەم سزای سێدارەی ١٠ بەندکراو کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەزهەبی و هەروەها تۆمەتی وەکوو سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ٤ کەس بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، ٤ کەس بە تۆمەتی چالاکی ئایینی، یەک کەس بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل و یەک کەسیش بەهۆی بەشداریکردن لە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو و ناوەکانیان بەو شێوەیە؛

١- داوود عەبدوڵڵاهی، بەندکراوی ئایینیی کورد و خەڵکی مەهاباد لە ڕێکەوتی ٢ی جەنیوەریی ٢٠٢٤ لەبەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
٢- محەممەد قوبادلوو، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە تاران، لە ڕێکەوتی ٢٣ی جونیوەریی ٢٠٢٤ لەبەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدرە درا.
٣- فەرهاد سەلیمی، بەندکراوی ئایینیی کورد و خەڵکی سەقز لە ڕێکەوتی ٢٣ی جەنیوەریی ٢٠٢٤ لەبەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
٤ - پێژمان فاتیحی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی کامێران لە ڕێکەوتی ٢٩ی جەنیوەریی ٢٠٢٤، لەبەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
٥- موحسین مەزڵووم، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی مەهاباد لە ڕێکەوتی ٢٩ی جەنیوەریی ٢٠٢٤ لەبەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
٦- وەفا ئازەربار، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی بۆکان لە ڕێکەوتی ٢٩ی جەنیوەریی ٢٠٢٤ لەبەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
٧- محەممەد فەرامەرزی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی دێولان لە ڕێکەوتی ٢٩ی جەنیوەریی ٢٠٢٤ لەبەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
٨-بەندکراوێک بەناوی سەعید (ناوبانگ نادیار) بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەڕێکەوتی ٣ی مارسی ٢٠٢٤ لە ئیسفەهان لەسێدارە درا.
٩-ئەنوەر خزری، بەندکراوی ئایینیی کورد و خەڵکی مەهاباد، لە ڕێکەوتی ١ی مەی ٢٠٢٤، لەبەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
١٠- خەسرەو بەشارەت، بەندکراوی ئایینیی کورد و خەڵکی مەهاباد، لەڕێکەوتی ١ی مەی ٢٠٢٤، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
 

جێبەجێکرانی سزای سێدارەی یەک منداڵ و ١٠ ژن

بەپشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لانی کەم سزای سێدارەی منداڵێکی تاوانبار بەناوی ڕامین سەعادەت خەڵکی میاندواو کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست ئەو سزایەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە جێبەجێ کراوە.

هەروەها لەم دواییانەدا لانی کەم سزای سێدارەی ١٠ ژن لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ٤ ژن بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و ٦ ژن بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. سزای سێدارەی سێ کەس لەو ژنانە لە بەندیخانەکانی پارێزگای خوراسانی ڕەزەویدا جێبەجێ کراوە.
 

جیاکردنەوەی لەسێدارەدرانەکان بەپێی ئیتنیک و نەتەوە

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، زیاترین بەندکراوانی لەسێدارەدراو لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، کورد بوون کە بریتی لە ٧٢ حاڵەت واتە ٢٧٪ی کۆی حاڵەتەکان. هەروەها ٤٢ بەندکراوی تورک و ٣٢ بەندکراوی بەلووچ لەو ماوەیەدا لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون.

بەپێی ئەو ئامارە لە سەرجەم بەندکراوانی لەسێدارەدراو ٤٤ بەندکراو فارس بوون. لەسەر ئیتنیکی ٢٨ بەندکراوی دیکە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

بەندکراوانی کورد: ٧٢ حاڵەت واتە ٢٧٪ی کۆی حاڵەتەکان
بەندکراوانی تورک: ٤٢ حاڵەت واتە ١٦٪ی کۆی حاڵەتەکان
بەندکراوانی بەلووچ: ٣٢ حاڵەت واتە ١٢٪ی کۆی حاڵەتەکان
بەندکراوانی بیانی: ٢٤ حاڵەت واتە ٩٪ی کۆی حاڵەتەکان
بەندکراوانی لوڕ و لوڕی بەختیاری: ١٢ حاڵەت واتە ٤.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان
بەندکراوانی گیلەک: ٥ حاڵەت
بەندکراوانی عەرەب: ٣ حاڵەت
بەندکراوانی تورکمان: ٢ حاڵەت
بەندکراوانی کەمینەی هەزارە: ٢ حاڵەت
بەندکراوانی سەر بە ئیتنیکی نادیار: ٢٨ حاڵەت

 

جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ٢٤ بەندکراوی بیانی

بەپشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی سەرەتایی ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی، لانی کەم ٢٣ بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان لە بەندیخانە جیاوازەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسێدارە دراون. هەروەها بەندکراوێکی خەڵکی وڵاتی عێراق لەسێدارە دراوە.

لە سەرجەم ئەو ٢٤ بەندکراوە ٩ کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و ١٥ کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. بەشی زۆرتری ئەو بەندکراوانە بریتی لە ٨ کەس لە بەندیخانەکانی خوراسانی ڕەزەوی لەسێدارە دراون. هەروەها لە هەر یەک لە بەندیخانەکانی پارێزگای فارس و ئەلبۆرز ٤ هاووڵاتیی بیانی لەسێدارە دراون.
 

جیاکردنەوەی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکان بەپێی پارێزگاکان

بەپشتبەستن بەو ڕاپۆرتە، زیاترین بەندکراوان لە ماوەی شەش مانگی سەرەتایی ئەمساڵ کە لە ئێراندا لەسێدارە دراون، لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز بووە کە ٥٥ حاڵەت واتە ٢٠.٥٪ی کۆی ئامارەکانە. دواتر زیاترین لەسێدارەدرانەکان لە بەندیخانەی پارێزگاکانی خوراسانی ڕەزەوی بە ٣٠ حاڵەت و پارێزگای فارس بە ٢١ حاڵەتەوە تۆمار کراوە.

بەندیخانەکانی پاریزگای ئەلبۆرز: ٥٥ حاڵەت
بەندیخانەکانی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ٣٠ حاڵەت
بەندیخانەکانی پارێزگای فارس: ٢١ حاڵەت
بەندیخانەکانی پارێزگای ئیسفەهان: ٢٠ حاڵەت
بەندیخانەکانی پارێزگای ئورمیە و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: هەر یەک ١٨ حاڵەت
بەندیخانەکانی پارێزگای زەنجان: ١٢ حاڵەت
بەندیخانەکانی پارێزگای کرمان: ١١ حاڵەت
بەندیخانەکانی پارێزگای هەمەدان: ٩ حاڵەت
بەندیخانەکانی پارێزگاکانی خوراسانی باشوور، قەزوین و ئەردەبیل: هەر یەک ٨ حاڵەت
بەندیخانەکانی پارێزگای قۆم: ٧ حاڵەت
بەندیخانەی پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، گوڵستان، گیلان و سیستان و بەلووچستان: هەر یەک ٥ حاڵەت
بەندیخانەکانی پارێزگای لوڕستان: ٤ حاڵەت
بەندیخانەکانی پارێزگای یەزد و مەرکەزی: هەر یەک ٣ حاڵەت
بەندیخانەکانی پارێزگای هورمزگان: ٢ حاڵەت
بەندیخانەکانی پارێزگای سنە، سمنان، خووزستان و خوراسانی باکوور: هەر یەک ١ حاڵەت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە