ڕاپۆرتی ئاماریی هەنگاو لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ٩٠٩ بەندکراو لە ئێران لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤

٢٥ ڕێبەندان ٢٧٢٤، ٠٠:٢٤

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیدا لانی کەم ٩٠٩ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون کە سزای چوار کەس لەو بەندکراوانە لە شوێنی گشتیدا جێبەجێ کراوە. لەو ژمارەیە، سزای سێدارەی ١٨٣ بەندکراوی کورد و لانی کەم ٣٠ ژن جێبەجێ کراوە.

تا ئێستا ناسنامەی ٨٦٠ کەس لەو لەسێدارەدراوانە لە لایەن هەنگاو پشتڕاست کراوەتەوە و بۆ ناسنامەی ٤٩ کەسی دیکەیان بەدواداچوون دەکرێت.

زانیارییەکانی هەنگاو نیشان دەدات کە تەنیا ٥١ حاڵەت لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەکان لە لایەن میدیا حکومەتییەکانەوە بڵاو کراونەتەوە. هەروەها ٣٥ بەندکراو لەنێوان لەسێدارەدراواندا بەبێ مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان لەسێدارە دراون.

لە ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەدا، بێجگە لە ڕاپۆرتە تایبەتەکانی هەنگاو و هاوکارانمان لە نێوخۆی ئێران و کوردستان، پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەی هەندێک لە لەسێدارەدراواندا گیراوە و لە زانیارییەکانی چەند ڕێکخراوی مافی مرۆڤی جێی متمانەی هەنگاویش کەڵک وەرگیراوە. هەندێک لە زانیارییەکان کە لە لایەن هەنگاو پشتڕاست نەکراونەتەوە لەو ڕاپۆرتەدا نەهاتوون. بە سەرنج خستنە سەر ناڕوونی و مەترسییە بەرفراوانەکانی سەر ڕێگای ئاشکراکردنی حاڵەتەکانی لەسێدارەدران بۆ داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و چالاکانی مەدەنی، ئەگەری ئەوە لە نێواندایە کە ئەم ئامارە وێنەیەکی تەواو لە ژمارەی ڕاستەقینەی لەسێدارەدراوان لە وڵاتی ئێران لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا نیشان نەدات.
 

ئەم ڕاپۆرتە لە ١٤ بەشی جیاواز لەگەڵ هێڵکاری و خشته پێکهاتووە و لە درێژەی زانیارییە پەیوەندیدارەکان بە حاڵەتەکانی لەسێدارەدرانەوە باسیان لێ دەکرێت.

بەشی یەکەم: هەڵسەنگاندنی ئاماری لەسێدارەدرانەکان لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٣

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٤ لانی کەم ٩٠٩ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسێدارە دراون کە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣، ٩.٥٪ (٨٠ حالەت) بەرز بووەتەوە. لە ساڵی ٢٠٢٣دا، ٨٢٩ حاڵەت لە جێبەجێکردنی سزای سێدارە تۆمار کرابوو.

لە ساڵی ٢٠٢٤، جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ٣٠ ژن بەراورد بە ٢٢ ژن لە ساڵی ٢٠٢٣ نیشاندەری بەرزبوونەوەی ٣٦٪ی حاڵەتەکان لەو بوارەدایە. هەروەها، لەو ساڵەدا جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوانی کورد بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣، ٢١٪ و جێبەجێکردنی سزای سێدارەی هاووڵاتییانی تورک ١٢٠٪ بەرز بووەتەوە.

لەسێدارەدرانی بەندکراوانی ئەفغان لە ساڵی ٢٠٢٤ بەراورد بە ساڵی ڕابردووی ١٦١٪ زیاتر بووە (لە ٢٨ حاڵەت لە ساڵی ٢٠٢٣ بە ٧٣ حاڵەت لە ساڵی ٢٠٢٤ گێشتووە) سەرەڕای ئەوەش لە هەر دووی ئەو ساڵانەدا سزای سێدارەی پێنج منداڵی تاوانبار جێبەجێ کراوە.

 

بەشی دووەم: جیاکردنەوەی لەسێدارەدراوان بەپێی تۆمەتەکانیان

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو، زیاترین لەسێدارەدراوان لە ساڵی ٢٠٢٤ بەندکراوانێک بوون کە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. لانی کەم ٥٢٪ی لەسێدارەدراوان (٤٧٥ حاڵەت) بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لەسێدارە دراون.

ماددە هۆشبەرەکان: ۴۷۵ حاڵەت
چالاکی سیاسی و مەزهەبی: ١٣ حاڵەت
دەستدرێژیی سێکسی: ۱۸ حاڵەت
کوشتنی بە ئەنقەست: ۳۷۶ حاڵەت
دزیی چەکدارانە: ۸ حاڵەت
نادیار: ۶ حاڵەت
دەستدرێژیی سێکسی و کوشتنی بە ئەنقەست: ۱ حاڵەت
افساد فی‌الارض: ۵ حاڵەت
موحاربه و کوشتنی بە ئەنقەست: ۷ حاڵەت

 

بەشی سێهەم: جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ١٣ بەندکراوی سیاسی و مەزهەبی لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤

لە ساڵی ٢٠٢٤دا لانی کەم ١٣ بەندکراو، بریتی لە ١٠ بەندکراوی سیاسی و مەزهەبیی کورد، لەسێدارە دراون. ئەو بەندکراوانە بە تۆمەتی وەکوو چالاکی سیاسی، مەزهەبی، سیخوڕی بۆ ئیسرائیل و بەشداری لە بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان ووکوو بزووتنەوەی «ژن ژیان ئازادی» سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. هەروەها هەندێک لەو بەندکراوانە بە تۆمەتی افساد فی‌الارض و داڕژاندنی کردەوەی تیرۆریستی لەسێدارە دراون.

ناوی بەندکراوانی لەسێدارەدراو بەو شێوەیە:

 ۱.⁠ ⁠داوود عەبدوڵڵاهی، بەندکراوی مەزهەبی کورد، خەڵکی مەهاباد، لە ڕێکەوتی ۲ی جەنیوەریی ۲۰۲۴ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
 ۲.⁠ ⁠محەممەد قوبادلوو، بەندکراوی سیاسی و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»، لە ڕێکەوتی ۲۳ی جەنیوەریی ۲۰۲۴ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
 ۳.⁠ ⁠فەرهاد سەلیمی، بەندکراوی مەزهەبی کورد، خەڵکی سەقز، لە ڕێکەوتی ۲۳ی جەنیوەریی ۲۰۲۴ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
 ۴.⁠ ⁠پێژمان فاتحی، بەندکراوی سیاسی کورد، خەڵکی کامێران، لە ڕێکەوتی ۲۹ی جەنیوەریی ۲۰۲۴ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
 ۵.⁠ ⁠موحسین مەزڵووم، بەندکراوی سیاسی کورد، خەڵکی مەهاباد، لە ڕێکەوتی ۲۹ی جەنیوەریی ۲۰۲۴ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
 ۶.⁠ ⁠وەفا ئازەربار، بەندکراوی سیاسی کورد، خەڵکی بۆکان، لە ڕێکەوتی ۲۹ی جەنیوەریی ۲۰۲۴ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
۷.⁠ ⁠محەممەد فەرامەرزی، بەندکراوی سیاسی کورد، خەڵکی دێولان، لە ڕێکەوتی ۲۹ی جەنیوەریی ۲۰۲۴ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
۸.⁠ ⁠سەعید (ناوبانگ نادیار)، به تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە ڕێکەوتی ۳ی مارسی ۲۰۲۴ لە ئیسفەهان لەسێدارە درا.
۹.⁠ ⁠ئەنوەر خزری، بەندکراوی مەزهەبی کورد، خەڵکی مەهاباد، لە ڕێکەوتی ۱ی مەی ۲۰۲۴ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
۱۰.⁠ ⁠خەسرەو بەشارەت، بەندکراوی مەزهەبی کورد، خەڵکی مەهاباد، لە ڕێکەوتی ۱ی مەی ۲۰۲۴ لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە درا.
۱۱.⁠ ⁠کامران شێخه، بەندکراوی مەزهەبی کورد، خەڵکی مەهاباد، لە ڕێکەوتی ۲۵ی جولای ۲۰۲۴ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە درا.
۱۲.⁠ ⁠ڕەزا ڕەسایی، هاووڵاتیی کوردی پەیڕەوی ئایینی یارسان، لە ڕێکەوتی ۶ی ئاگۆستی ۲۰۲۴ لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان لەسێدارە درا.
۱۳.⁠ ⁠جەمشید شارمەهد، بەندکراوی ئێرانی-ئالمانی، لە ڕێکەوتی ۲۸ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۴ لە تاران لەسێدارە درا.

 

بەشی چوارەم: جێبەجێکرانی سزای سێدارەی پێنج منداڵی تاوانبار لە ساڵی ٢٠٢٤

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی، سزای سێدارەی لانی کەم پێنج منداڵی تاوانبار لە شارەکانی میاندواو، شیراز، کرماشان، زاهیدان و یەزد جێبەجێ کراوە. ئەو پێنج بەندکراوە لە کاتی ئەنجامی تاوانەکەیان تەمەنیان خوار ١٨ ساڵ بووە و سزای سێدارەکەیان جێبەجێ کراوە.

پەیماننامەی مافەکانی منداڵانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە لایەن زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە پەسەند کراوە، بە ڕاشکاوی پشتگیری لە مافی منداڵان دەکات و ئەوە بریتی لە قەدەغەکردنی کەڵکوەرگرتن لە سزادانی نامرۆڤانەی وەکوو لەسێدارەدان بۆ کەسانی خوار ١٨ ساڵە. سەرەڕای ئەوەش لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام سزای سێدارەی منداڵانی تاوانبار جێبەجێ دەکرێت.

ناوی ئەو پێنج منداڵە تاوانبارە بەم شێوە بووە:

١- ڕامین سەعادەت، هاووڵاتیی تەمەن ۲۰ ساڵی کورد و خەڵکی میاندواو، لە ڕێکەوتی ۱۸ی مەی ۲۰۲۴ بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی میاندواو لەسێدارە درا. ناوبراو لە کاتی ئەنجامی تاوانەکەیدا ۱۷ ساڵی تەمەن بووە.
٢- مەهدی جەهانپوور، هاووڵاتیی تەمەن ۲۳ ساڵی لوڕ و خەڵکی فیرووزئابادی پارێزگای فارس، لە ڕێکەوتی ۱۶ی سێپتەمبەری ۲۰۲۴ بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی عادڵئابادی شیراز لەسێدارە درا. ناوبراو لە کاتی ئەنجامی تاوانەکەیدا ۱٦ ساڵی تەمەن بووە.
٣- مەهدی بەراهوویی، هاووڵاتیی تەمەن ۲۱ ساڵی بەلووچ و خەڵکی خاش، لە ڕێکەوتی ۹ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۴ بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان لەسێدارە درا. ناوبراو لە کاتی ئەنجامی تاوانەکەیدا ۱۷ ساڵی تەمەن بووە.
٤- ئاروین قارەمانی، هاووڵاتیی کورد، پەیڕەوی ئایینی جوو، خەڵکی بۆکان و دانیشتووی شاری کرماشان، لە ڕێکەوتی ۴ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۴ به‌ تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان لەسێدارە درا. ناوبراو لە کاتی ئەنجامی تاوانەکەیدا ۱٨ ساڵی تەمەن بووە.
۵- ئیسماعیل بارکەزایی، بەندکراوی تەمەن ۱۸ ساڵی خەڵکی ئەفغانستان، لە ڕێکەوتی ۲۸ی نۆڤەمبەری ۲۰۲۴ بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد لەسێدارە درا. ناوبراو لە کاتی ئەنجامی تاوانەکەیدا ۱۷ ساڵی تەمەن بووە.
 

بەشی پێنجەم؛ جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ٣٠ ژن لە ساڵی ٢٠٢٤

بەپێی ڕاپۆرتەکان لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی، سزای سێدارەی لانی کەم ٣٠ ژن لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ژنانی لەسێدارەدراو ٣.٥٪ی کۆی لەسێدارەدراوانی ئەو ساڵە پێکدێنن و ژمارەیان بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣، لانی کەم ٨ حاڵەت واتا ٣٦٪ بەرز بووەتەوە.

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئاماری هەنگاو، لە نێوان ژنانی لەسێدارەدراودا ١٧ ژن (٥٧٪) بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و ١٣ ژن (٤٣٪) بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

زیاترین ژمارەی ژنانی لەسێدارەدراو لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات (٥ حاڵەت) و خوراسانی باشوور (٤ حاڵەت) تۆمار کراوە. هەروەها لە هەر یەک لە پارێزگاکانی ئەلبۆرز و خوراسانی ڕەزەوی، ٣ حاڵەتی لەسێدارەدرانی ژنان تۆمار کراوە

لانی کەم ۹ ژنی تورک، ۲ ژنی کورد، ۲ ژنی بەلووچ، ۲ ژنی گیلەک و ۱ ژنی لوڕ لە نێوان ژنانی لەسێدارەدراودان.

 

بەشی شەشەم؛ جیاکردنەوەی لەسێدارەدراوان لە ئێران بەپێی کەمینە نەتەوەیی و پێکهاتەکان

بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، زیاترین لەسێدارەدراوان لە ساڵی ٢٠٢٤ لە کەمینە نەتەوەییەکان بوون. ١٨٣ بەندکراوی کورد (٢٠٪ی کۆی حاڵەتەکان)، ١٢١ هاووڵاتیی تورک (١٣٪) و ١١٠ بەندکراوی بەلووچ (١٢٪) لە ئێران لەسێدارە دراون.

لەو ساڵەدا ٧٥ بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان و عێراق، ٦٠ بەندکراوی لوڕ، ٣١ بەندکراوی گیلەک، ١٢ بەندکراوی عەرەب، ٦ بەندکراوی تورکمان، ٤ بەندکراوی سیستانی، ٢ بەندکراوی تات و ٢ بەندکراوی هەزارە لە بەندیخانەکانی ئێران لەسێدارە دراون.

لە نێوان سەرجەم ئەو بەندکراوە لەسێدارەدراوانە، ١٨٩ کەس لە نەتەوەی فارس بوون و زانیارییەکی ورد لەسەر نەتەوە و ئیتنیکی ١١٤ بەندکراوی دیکە لەبەر دەستدا نییە.

 

بەشی حەوتەم؛ بەرزبوونەوەی ٢١٪ی ژمارەی هاووڵاتییانی کوردی لەسێدارەدراو بەراورد بە ساڵی ڕابردوو

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو، لە سالی ٢٠٢٤ لانی کەم سزای سێدارەی ١٨٣ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێ کراوە کە ئەو ئامارە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣، لانی کەم ٣٢ حاڵەت (٢١٪) زیاتر بووە. لە ساڵی ٢٠٢٣ لانی کەم ١٥١ بەندکراوی کورد لەسێدارە درابوون.

لە سەرجەم ئەو ١٨٣ بەندکراوە کوردە لەسێدارەدراوە، ١٠ کەس بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەزهەبی، کە بەگشتی ٧٧٪ی کۆی بەندکراوانی لەسێدارەدراو بوون کە لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ بەو تۆمەتە لە ئێران لەسێدارە دراون، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. ئەوە دەیسەلمێنێت کە گوشار و چەوساندنەوەی سیاسی لە نێوان بەندکراوانی کورددا زیاتر بووە.

بەگشتی، لانی کەم ١٣ بەندکراوی سیاسی و مەزهەبی لە تەواوی ئێراندا لە ساڵی ڕابردوو لەسێدارە دراون. لەو ژمارە ١٠ بەندکراوی کورد تەنیا بە تۆمەتی چالاکی سیاسی و مەزهەبی لەسێدارە دراون.

لە نێوان سەرجەم ئەو بەندکراوە کوردانەی کە سزای سێدارەکەیان جێبەجێ کراوە، ٢ منداڵی تاوانبار (کە لە کاتی ئەنجامی تاوانەکەیان تەمەنیان خوار ١٨ ساڵ بووە) و ٢ کەس ژن بوون. ئەو ئامارە بارودۆخی جێی نیگەرانیی مافی منداڵان و ژنان لە ئێران نیشان دەدات کە بەردەوام لەژێر مەترسیی جێبەجێکرانی سزای قورسدان.

زیاترین بەندکراوانی کورد کە لە ساڵی ٢٠٢٤ لەسێدارە دراون، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج سزاکەیان جێبەجێ کراوە کە ٥٠ بەندکراو لەو بەندیخانە لەسێدارە دراون (٢٧٪ی کۆی لەسێدارەدراوانی کورد). بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە ١٦ حاڵەت، بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج بە ١٥ حاڵەت و بەندیخانەکانی کرماشان و هەمەدان هەر یەک بە ١٣ حاڵەتەوە لە پلەکانی دواتردان.

لەسێدارەدرانی بەندکراوانی کورد بەپێی بەندیخانەکان بەم شێوەیە:

بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج: ۵۰ حاڵەت
بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە: ۱۶ حاڵەت
بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج: ۱۵ حاڵەت
بەندیخانەکانی کرماشان و هەمەدان: هەر یەک ۱۳ حاڵەت
بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام: ۱۱ حاڵەت
بەندیخانەی عادڵئابادی شیراز: ۷ حاڵەت
بەندیخانەکانی میاندواو و ڕەشت: هەر یەک ۶ حاڵەت
بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد: ۵ حاڵەت
بەندیخانەی ناوەندیی ئەردەبیل: ۴ حاڵەت
بەندیخانەکانی نەهاوەند، قەزوین، سەبزەوار و خوڕەمئاوا: هەر یەک ۳ حاڵەت
بەندیخانەکانی سەقز، سەلماس، جیرۆفت، بیرجەند، ئەسفەراین و ئەردەکان: هەر یەک ۲ حاڵەت
بەندیخانەکانی یەزد، نەغەدە، مەلایەر، مەشهەد، شیروان، قوروه، سنە، کرمان، زەنجان، دلفان، تەورێز، بەندەرعەباس و ئیسفەهان: هەر یەک ۱ حاڵەت

 

بەشی هەشتەم؛ جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ١١٠ بەندکراوی بەلووچ لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ساڵی ٢٠٢٤دا لانی کەم ١١٠ بەندکراوی بەلووچ لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێران لەسێدارە دراون کە ١٢٪ی کۆی لەسێدارەدراوانی ئەو ساڵە پێکدێنن. ئەو ئامارە بەراورد بە ساڵی ڕابردووی کە ١٨٣ بەندکراوی بەلووچ لەسێدارە درابوون، بەشێوەیەکی بەرچاو کەمتر بووە (٤٠٪ واتا ٧٣ حاڵەت کەمتر).

لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، لانی کەم سزای سێدارەی دوو ژن و یەک منداڵی تاوانباری بەلووچ لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێ کراوە.

زیاتر لە ٧٥.٥٪ی بەندکراوانی لەسێدارەدراوی بەلووچ لە ساڵی ٢٠٢٤دا (٨٣ کەس)، بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لەسێدارە دراون. هەروەها ٢٧ کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

زیاترین ژمارەی لەسێدارەدرانی هاووڵاتییانی بەلووچ لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بە ٢٩ حاڵەتەوە تۆمار کراوە. دواتر پارێزگای کرمان ٢٠ حاڵەت، پارێزگای خوراسانی باشوور ١٨ حاڵەت، یەزد ١٢ حاڵەت، ئەلبۆرز ٩ حاڵەت، و پارێزگاکانی هۆرمۆزگان و خوراسانی ڕەزەوی هەر یەک ٥ حاڵەتی لەسێدارەدرانی بەندکراوانی بەلووچیان تێدا تۆمار کراوە. هەروەها لە هەر یەک لە پارێزگاکانی فارس، گوڵستان، ئیسفەهان سمنان و زەنجان ١ حاڵەت لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوانی بەلووچ ڕاگەیێندراوە.

 

بەشی نۆیەم؛ بەرزبوونەوەی ١٢٠٪ی لەسێدارەدرانی بەندکراوانی تورک لە ساڵی ٢٠٢٤

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٤دا لانی کەم ١٢١ بەندکراوی تورک بریتی لە ٩ ژن لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێران لەسێدارە دراون. ئەو ئامارە بەراورد بە ساڵی ڕابردووی کە ٥٥ بەندکراوی تورک لەسێدارە درابوون، ١٢٠٪ زیاتر بووە.

لە سەرجەم ئەو ١٢١ بەندکراوە تورکە کە لەسێدارە دراون، ٦٨ کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان، ٥٠ کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و ٣ کەس بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

 

بەشی دەیەم؛ جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ٧٣ بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان لە بەندیخانەکانی ئێران

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ساڵی ٢٠٢٤دا لانی کەم سزای سێدارەی ٧٣ بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێ کراوە کە ٨٪ی کۆی ئاماری جێبەجێکرانی سزای سێدارە لە ئێران لە ماوەی ئەو ساڵەدایە. ئەو ئامارە بەراورد بە ساڵی ڕابردووی خۆی ٤٥ حاڵەت (١٦١٪) بەرز بووەتەوە. لە ساڵی ٢٠٢٣دا لانی کەم ٢٨ بەندکراوی ئەفغانستانی لەسێدارە درابوون.

هەر لەو ساڵەدا، سزای سێدارەی بەندکراوێکی عەرەبی خەڵکی عێراق و بەندکراوێکی کوردی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ئەو دوو بەندکراوە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

لە سەرجەم ئەو ٧٣ بەندکراوە ئەفغانە کە لەسێدارە دراون، ٣٧ کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان، ٣٠ کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و ٧ کەس بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

 

بەشی یازدەهەم؛ جیاکردنەوەی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکان بەپێی پارێزگاکان

بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ سزای سێدارەی ٩٠٩ بەندکراو لە ٨٥ بەندیخانە لە ٣٠ پارێزگای ئێراندا جێبەجێ کراوە. زیاترین حاڵەتەکان لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز بە ١٧٤ حاڵەتەوە تۆمار کراون. دواتر بەندیخانەکانی پارێزگای فارس بە ٩٤ حاڵەت و بەندیخانەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات بە ٦٥ حاڵەتەوە لە پلەکانی دواتردان.

جیاکردنەوەی ژمارەی لەسێدارەدراوان بەپێی پارێزگاکان بەو شێوە بووە:

پارێزگای ئەلبۆرز: ۱۷۴ حاڵەت
پارێزگای فارس: ۹۴ حاڵەت
پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: ۶۵ حاڵەت
پارێزگای ئیسفەهان: ۶۴ حاڵەت
پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ۵۶ حاڵەت
پارێزگای ئورمیه: ۴۱ حاڵەت
پارێزگای کرمان: ۳۹ حاڵەت
پارێزگای سیستان و بەلووچستان: ۳۲ حاڵەت
پارێزگاکانی گیلان، قەزوین و خوراسانی باشوور: هەر یەک ۳۱ حاڵەت
پارێزگای زەنجان: ۳۰ حاڵەت
پارێزگای لوڕستان: ۲۹ حاڵەت
پارێزگای هەمەدان: ۲۷ حاڵەت
پارێزگای یەزد: ۲۴ حاڵەت
پارێزگای قوم: ۲۳ حاڵەت
پارێزگای گوڵستان: ۲۱ حاڵەت
پارێزگای کرماشان: ۱۴ حاڵەت
پارێزگاکانی ئیلام و هۆرمۆزگان: هەر یەک ۱۲ حاڵەت
پارێزگای ئەردەبیل: ۱۱ حاڵەت
پارێزگاکانی مەرکەزی و خووزستان: هەر یەک ۱۰ حاڵەت
پارێزگای مازەندەران: ۸ حاڵەت
پارێزگای سمنان: ۵ حاڵەت
پارێزگاکانی کۆهگیلویه و بۆیرئەحمەد، سنە و خوراسانی باکوور: هەر یەک ۴ حاڵەت
پارێزگای چوارمەحال و بەختیاری: ۲ حاڵەت
نادیار: ۲ حاڵەت
پارێزگای بووشێهر: ۱ حاڵەت

 

بەشی دوازدەهەم؛ جێبەجێکرانی سزای سێدارەی چوار بەندکراو لە شوێنی گشتیدا

جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە شوێنی گشتیدا بێڕێزییەکی ئاشکرا بە کەرامەتی مرۆڤە و پێویستە ئەو دیاردە لە کۆمەڵگا مەدەنییەکاندا بسڕدرێتەوە. ئەم جۆرە سزایە وەک ئامرازێکی سیاسی بۆ ترساندن و سەرکوتکردنی نەیاران بەکار دەبردرێت و لەگەڵ بنەماکانی دێموکراسیدا ناتەبایە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ساڵی ٢٠٢٤ لانی کەم ٤ بەندکراو لە شوێنی گشتیدا لەسێدارە دراون. ناسنامەی تەواوی ئەو بەندکراوانە بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە. سزای سێدارەی ئەو بەندکراوانە لە شارەکانی خومەین (٢ حاڵەت)، هەمەدان (١ حالەت) و شاهروود (١حاڵەت) جێبەجێ کراوە.

 

بەشی سێزدەهەم؛ جیاکردنەوەی لەسێدارەدراوان بەپێی مانگەکانی ساڵی ٢٠٢٤

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، زیاترین حاڵەتەکانی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ بە ١٦٠ حاڵەتەوە تۆمار کراوە. لە مانگی سێپتەمبەر ١٣٥ حاڵەت و لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەر ١٢٨ حاڵەتی لەسێدارەدران تۆمار کراوە. کەمترین حاڵەتەکان بە ٨ حاڵەتەوە لە مانگی فێبریوەری ڕاگەیێندراون.

 

بەشی چواردەهەم؛ دەرەنجام

لەسێدارەدان لە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا نە تەنیا ئامرازێک بۆ سزادانی تاوانباران، بەڵکوو کەرەستەی چەوساندنەوەی ڕێکخراوانە و ترساندن و سڕینەوەی گرووپە پەراوێزخراوەکانە. سیاسەتەکانی حکومەت لە جێبەجێکرانی بەربڵاوی سزای سێدارەکان، بەتایبەت لە بابەتی لەسێدارەدرانی کەمینە نەتەوەیی، ئیتنیکی و گرووپە پەراوێزخراوەکان، کەڵکوەرگرتن لەو سزایە وەکوو ئامرازێک بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆیەتی.

هەر سەبارەت بەو باسە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هۆشداری دەدات کە بەرزبوونەوەی جێبەجێکرانی سزای سێدارە، بەتایبەت لەنێوان کەمینە نەتەوەییەکانی کورد، بەلووچ و تورکدا نیشان دەدات سەرکوتی حکومەت کاردانەوەیەک بە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی خەڵک و بزووتنەوەی «ژن ژیان ئازادی»یە.

لەسێدارەدرانی منداڵان و مێرمنداڵان، لەسێدارەدرانی بەندکراوانی سیاسی و کەڵکوەرگرتن لە تۆمەتی ناڕوونی وەکوو موحاربە و افساد فی‌الارض بۆ چەوساندنەوەی دژبەرانی سیاسی، بە ئاشکرایی ئەنجامی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە.

هەر لەو بارەدا هەنگاو لە کۆمەڵگای جیهانی، ناوەندە مافی مرۆڤی و حکومەتە دێمۆکراتیکەکان داوا دەکات:

١- گەمارۆی ئامانجدارتر دژ بە سەرۆکە دادوەری و ئەمنییە بەرپرسەکان لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەکاندا بەکار بهێندرێت.

٢- دۆسیەی لەسێدارەدانە بەربڵاوەکان لە ئێران لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان وەکوو شوورای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوتوێ بکرێت.

٣- پلەنێک بۆ پاڵپشتیی زیاتر لە بنەماڵەی قوربانییانی لەسێدارەدران و بەجێماوانیان پێشکەش بکرێت.

هەنگاو لەسەر ئەو بڕوایە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستە لەسێدارەدرانە بەربڵاوەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە وەکوو بەشێک لە سیاسەتی چەوساندنەوە و کوشتنی ڕێکخراوانە لە لایەن ئەو دەوڵەتەوە بە فەرمی بناسێت و کردەوەیەکیان لەو بوارەدا هەبێت.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە