جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ٥٥ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢٤

١١ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٢٣:٢٣

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١١ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم سزای سێدارەی ٥٥ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی ژوئەن کە ١١ بەندکراو لەسێدارە درابوون، ٤٤ حاڵەت واتا ٤٠٠٪ زیادی کردووە.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢٤دا لانی کەم سزای سێدارەی ٥٥ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. شایەنی باسە کە، ناسنامەی ٤٩ بەندکراو بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و بۆ ناسنامەی ئەو ٦ بەندکراوەی دیکەش بەدواداچوون دەکرێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی جولای لانی کەم سزای سێدارەی ١٤ بەندکراوی تورک، ٨ بەندکراوی بەلووچ، ٦ بەندکراوی کورد، ٣ بەندکراوی گیلەک و ٣ بەندکراوی لوڕ لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. هەروەها لانی کەم ٧ هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستانیش لە مانگی ڕابردوودا لەسێدارە دراون.

لە مانگی جولای، سزای سێدارەی کامران شێخە بەندکراوی مەزهەبیی کورد و خەڵکی مەهاباد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا. هەروەها سزای سێدارەی لانی کەم پێنج ژن لە بەندیخانەکانی بیرجەند (٣ حاڵەت) و شیراز و خوڕەمئاوا هەریەک ١ حاڵەت جێبەجێ کراوە.

شایەنی باسە کە، لە سەرجەم ئەو ٥٥ بەندکراوەی کە لە مانگی جولای لەسێدارە دراون، تەنیا ٢ حاڵەت لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ٨ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بەبێ ئاگاداریی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێ کراوە.
 

جیاکردنەوە بەپێی تۆمەتەکان

لە ماوەی مانگی جولای زیاترین لەسێدارەدرانەکان پەیوەندییان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بووە کە ٣٣ حاڵەت واتا ٦٠٪ی کۆی حاڵەتەکان لەخۆ دەگرێت.

بەندکراوانی مەزهەبی: ١ حاڵەت
کوشتنی بە ئەنقەست: ٢٠ حاڵەت
تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان: ٣٣ حاڵەت
دەستدرێژی سێکسی: ١ حاڵەت

جیاکردنەوەی جێبەجێکرانی سزای سێدارە لە بەندیخانەکان بەپێی پارێزگاکان
 

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا زیاترین سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوان لە بەندیخانەی پارێزگاکانی خوراسانی باشوور و خوراسانی ڕەزەویدا جێبەجێ کراوە کە هەر یەک بریتی لە ٨ حاڵەت بوون. هەروەها لە بەندیخانەی پارێزگاکانی فارس ٧ حاڵەت و لوڕستان ٥ حاڵەت لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان تۆمار کراوە.

پارێزگای خوراسانی باشوور و خوراسانی ڕەزەوی: هەر یەک ٨ حاڵەت
پارێزگای فارس: ٧ حاڵەت
پارێزگای لوڕستان: ٥ حاڵەت
پارێزگاکانی ئەلبۆرز و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: هەر یەک ٤ حاڵەت
پارێزگای هورمزگان: ٣ حاڵەت
پارێزگاکانی کرماشان، گوڵستان، زەنجان، قەزوین، سیستان و بەلووچستان و ئورمیە: هەر یەک ٢ حاڵەت
پارێزگاکانی گیلان، مازەندەران، کۆهکیلوویەو بویێرئەحمەد و قوم: هەر یەک ١ حاڵەت


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە