دەستبەسەرکرانی ۹۲ هاووڵاتی لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران

١٣ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٢٣:٢٩

هەنگاو؛ شەممە ١٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢٤دا لانی کەم ٩٢ هاووڵاتی کە ناسنامەیان بە تەواوی ئاشکرا کراوە، لە هەموو ئێراندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. زیاترین ژمارەی دەستبەسەرکراوان لە هاووڵاتییانی کورد بوون کە ٤٩ حاڵەت تۆمار کراوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لانی کەم ٢٢ ژن، ٤٩ هاووڵاتیی کورد، ١٢ هاووڵاتیی گیلەک و ١٢ هاووڵاتیی بەلووچ لە مانگی ڕابردووی زایینیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و یان ڕفێندراون کە زیاترین حاڵەتەکانی دەستبەسەرکران لە پارێزگای ئورمیەدا تۆمار کراوە.

جیاکردنەوەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو بەپێی پارێزگاکان؛

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە زیاترین ژمارەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لە پارێزگای ئورمیە بووە کە ٣٢ حاڵەت تۆمار کراوە و لە پارێزگاکانی سنە ٢١ حاڵەت، پارێزگای گیلان ١٢ حاڵەت و سیستان و بەلووچستان ١١ حاڵەت لە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان تۆمار کراوە.

پارێزگای ئورمیە: ٣٢ حاڵەت (٢٨ هاووڵاتیی کورد، ٣ هاووڵاتیی تورک و ١ هاووڵاتیی بەهایی)
پارێزگای سنە: ٢١ حاڵەت
پارێزگای گیلان: ١٢ حاڵەت
پارێزگای سیستان و بەلووچستان: ١١ حاڵەت
پارێزگای تاران: ٧ حاڵەت (٥ هاووڵاتیی فارس، ١ هاووڵاتیی لوڕ و ١ هاووڵاتیی کورد)
پارێزگای خووزستان: ٣ حاڵەت (٢ هاووڵاتیی عەرەب)
پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ٢ حاڵەت (٢ هاووڵاتیی فارس)
پارێزگای گوڵستان: ٢ حاڵەت (١ هاووڵاتیی فارس و ١ هاووڵاتیی بەلووچ)
پارێزگای ئەلبۆرز: ٢ حاڵەت

 

٨٠٪ی دەستبەسەرکراوان لە هاووڵاتییانی کورد، گیلەک و بەلووچ بوون

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جولایدا لانی کەم ٤٩ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە بەرانبەر بە ٥٤٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لە تەواوی ئێران لە ماوەی مانگی ڕابردوویە.

هەروەها، مانگی ڕابردوو لانی کەم ١٢ هاووڵاتیی گیلەک واتا ١٣٪ی کۆی حاڵەتەکان و ١٢ هاووڵاتیی بەلووچ واتا ١٣٪ی کۆی حاڵەتەکان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

 

دەستبەسەرکرانی کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکان

دەستبەسەرکرانی پەیڕەوانی کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکان لە ئێران لە ماوەی مانگی جولایدا وەکوو ڕابردوو درێژەی بووە و لەو مانگەدا لانی کەم دەستبەسەرکرانی ٣ چالاکی سوننە مەزهەبی کورد و ٢ چالاکی بەهایی تۆمار کراوە کە ناوەکانیان لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا دێت. سێ چالاکی کورد لە ڕێکەوتی ٢٩ی جەنیوەریی ئەمساڵ دەستبەسەر کرابوون کە لەم دواییانەدا دوای ئەوەی بە موحاڕبە تاوانبار کراون هەواڵی دەستبەسەرکرانەکەیان میدیایی کراوەتەوە.

چالاکانی بەهایی:

١- مەژگان سەلمانزادە خەڵکی تاران کە لە شاری ماکۆ دەستبەسەر کراوە.
٢-ناهید بێهرووزی، هاووڵاتیی بەهایی خەڵکی فەردیسی کەرەج

چالاکانی سوننە مەزهەب
١- سولەیمان ئەدهەمی خەڵکی بۆکان
٢- هیوا نووری خەڵکی بۆکان
٣- حوسێن خسرەوی زەڵکی بۆکان

 

دەستبەسەرکرانی ٢٢ ژن و تۆمارنەکرانی دەستبەسەرکرانی منداڵان لە مانگی جولای٢٠٢٤ 

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم ٢٢ چالاکی ژن لە تەواوی ئێران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە بەرانبەر بە ٢٤٪ی سەرجەم دەستبەسەرکراوانی ئەو مانگەیە و ناوەکانیان بەو شێوەیە؛

ڕەعنا کورکوری خەڵکی ئیزە، دڵۆڤان شەریفی خەڵکی سەقز، ئێران شەریفی خەڵکی شووشتەر، مەرزیە ڕیگی‌دادڕەس خەڵکی گوڵستان، زەهرا دادڕەس، زۆهرە دادڕەس، فرووغ سەمیعیان، ئازادە چاوشیان، جیلوە جەواهیری و مەتین یەزدانی خەڵکی ڕەشت، سارا جیهانی و شیوا شاەسیاە خەڵکی لاهیجان، نگین ڕەزایی خەڵکی فوومەن، موژگان سەلمانزادە، مەولوود سەفایی و پەروین موسلیمی خەڵکی تاران، فەریدە وەیسی خەڵکی پاوە، یاسەمین حەشدەری خەڵکی بەندەرئەنزەلی، ناهید بێهرووزی خەڵکی فەردیس، سۆلماز حەسەنزادە خەڵکی بۆکان و فاتمە پایمەرد خەڵکی پیرانشار.

لە مانگی جولای هیچ حاڵەتێکی دەستبەسەرکرانی منداڵان تۆمار نەکراوە.

 

دەستبەسەرکرانی لانی کەم ٣ مامۆستا و تۆمارنەکرانی دەستبەسەرکرانی خوێندکارانی زانکۆ لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢٤

لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢٤ گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان لەسەر مامۆستایان درێژەی هەبووە و لانی کەم یەک مامۆستای زانکۆ و ٢ مامۆستای قوتابخانە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون. لە ماوەی مانگی ڕابردوودا هیچ حاڵەتێک لە دەستبەسەرکرانی خوێندکارانی زانکۆ تۆمار نەکراوە.

ناسنامەی مامۆستایانی قوتابخانە و زانکۆی دەستبەسەرکراو؛

١- موحسین بورهانی خەڵکی تاران
٢- ئیسماعیل مەعرووفی خەڵکی پیرانشار
٣- حیسام مەهدی خەڵکی کامێران

 

دەستبەسەرکرانی نووسەران و هونەرمەندان

لە مانگی جولای ٢٠٢٤، لانی کەم یەک هونەرمەندی بەلووچ بەناوی ئاسف سووری و یەک نووسەر و لێکۆڵەری ژن بە ناوی موژگان سەلمانزادە لەگەڵ زارا ئیسماعیلی هەر دوو خەڵکی تاران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
 

ناسنامەی تەواوی ئەو ٩٢ کەسە لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تۆمار کراوە. کەڵکوەرگرتن لەو ئامارە بە هێنانی نێوی سەرچاوە ڕێگەپێدراوە. ئەو ئامارە تەنیا ئەو حاڵەتانە لەخۆ دەگرێت کە ناسنامەیان بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە