ڕاپۆرتی مانگانەی هەنگاو لەسەر پێشێلکرانی مافەکانی ژنان لە ئێران، جولای ٢٠٢٤

١٥ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٢٠:١٧

هەنگاو؛ دووشەممە ١٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢٤دا لانی کەم ٥ ژن لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسێدارە دراون، ٢٢ چالاکی ژن دەستبەسەر کراون و ٥ چالاکی ژن لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای بەندکران و دوو چالاکی ژنیش سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە. لە ماوەی مانگی ڕابردوو لانی کەم ٢٠ حاڵەتی ژنکوژی لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا تۆمار کراوە و ٢٥٪ی ئەو حاڵەتانە بە پاساوی پاراستنی نامووس و شەرەف بووە.

جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنان لە ئێران

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢٤ لانی کەم سزای سێدارەی ٥ ژن لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا تۆمار کراوە. یەک ژن بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و ٤ ژن بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لەسێدارە دراون.

سێ کەس لەو ژنانەی کە سزای سێدارەکەیان جێبەجێ کراوە لە بەندیخانەی ناوەندیی بیرجەند، ناوەندی پارێزگای خوراسانی باشوور لەسێدارە دراون و جێبەجێکردنی سزای سێدارەی دوو ژن لە بەندیخانەکانی خوڕەمئاوا و شیراز تۆمار کراوە.
 

دەستبەسەرکرانی ٢٢ ژن لە مانگی جولای ٢٠٢٤

بەپشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢٤، لانی کەم ٢٢ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەستبەسەر کراون کە ٢٤٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لەو مانگەدایە و ناسنامەیان بەو شێوەیە؛

ڕەشت؛ ١- زەهرا دادڕەس ٢- زۆهرە دادڕەس ٣- فرووغ سەمیعیان ٤- ئازادە چاوشیان ٥- جیلوە جەواهیری ٦- مەتین یەزدانی
تاران؛ ٧- موژگان سەلمانزادە ٨- مەولوود سەفایی ٩- پەروین موسلیمی ١٠- ڕەعنا کورکوری
لاهیجان؛ ١١- سارا جیهانی ١٢- شیوا شاەسیاە
سەقز؛ ١٣- دلۆڤان شەریفی
بۆکان؛ ١٤- سۆلماز حەسەنزادە
پیرانشار؛ ١٥- فاتمە پایمەرد
پاوە؛ ١٦- فەریدە وەیسی
شووشتەر؛ ١٧- ئێران شەریفی
گوڵستان؛ ١٨- مەرزیە ڕیگی دادڕەس
فوومەن؛ ١٩- نگین ڕەزایی
بەندەرئەنزەلی؛ ٢٠- یاسەمین حەشدەری
فەردیس؛ ٢١- ناهید بێهرووزی
کەرەج؛ ٢٢- زارا ئیسماعیلی


سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر چالاکانی ژندا

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢٤دا لانی کەم ٥ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران سەرجەم سزای ١٤ ساڵ و ٨ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. هەروەها پەخشان عەزیزی و شەریفە محەممەدی لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.

ناسنامەی ئەو ژنانەی سزای بەندکران یان سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە بەو شێوەیە؛

١- مۆتەهەرە گوونەیی خەڵکی تاران سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٢- شەریفە محەممەدی چالاکی تورکی دانیشتووی ڕەشت سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.
٣- ندا فتووحی خەڵکی تاران سزای ٦ ساڵ و ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٤- دینا قاڵیباف خەڵکی تاران سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٥- پەخشان عەزیزی چالاکی کوردی خەڵکی مەهاباد سزای سێدارە و ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٦- حوورا نیکبەخت خەڵکی تاران سزای ١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

دەستبەسەرکران و سزادانی ژنان یەکێک لە شێوە جێکەوتووەکانی هەڵاواردن لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە. لە ڕەوتی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" گوشارەکان لەسەر چالاکانی ژن قەبارەیەکی بەربڵاوتر و سەختتری بەخۆیەوە دیتووە. کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی ڕێکخراوانە بەردەوام لە کاتی هاتنە سەرکارییەوە هەوڵی داوە تا ئەو جێی بۆی دەکرێت گۆڕەپانی چالاکیی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مافی مرۆڤی بۆ ژنان بەرتەسکتر کاتەوە. سیاسەتەکانی جیاکردنەوەی سێکسی و ڕەگەزی و هەروەها پەڕاوێزخستنی زیاتری کۆمەڵگای کەمینە سێکسی و ڕەگەزییەکان لە ڕێگەی بە سزاناساندنی ناسنامەیانەوە یەکێک لە سیاسەتە جددییەکانی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئێراندایە.
 

تۆمارکردنی ٢٠ حاڵەتی ژنکوژی لە مانگی جولای ٢٠٢٤

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جولای ٢٠٢٤ لانی کەم ٢٠ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا کوژراون کە کوژرانی ١٨ کەسیان لەلایەن کەسانی نزیکی خۆیان وەکوو هاوژین، باوک، هاوژینی پێشوو و زاواکەیانەوە ڕوویداوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ٩ ژن لەلایەن هاوژینەکەیانەوە، ٣ ژن لەلایەن باوکیانەوە و ٦ ژن لەلایەن هاوژینی پێشوو، نەوەی کوڕ، هاوژینی خوشک، ئامۆزا، کوڕ و خوازبێنەکەیان و دوو ژنیش لەلایەن کەسانی نەناسراو کوژراون.

لە سەرجەم ئەو ٢٠ حاڵەت ژنکوژییە، ٥ حاڵەت واتا ٢٥٪ بە پاساوی پاراستنی نامووس بووە و هۆکاری کوژرانی ٩ کەس لەو ژنانە بە کێشەی خێزانی ڕاگەیەندراوە. هەروەها ٢ ژن بەمەبەستی دزی، ژنێک بەهۆی کێشەی ماڵی، ژنێک بەهۆی ناکۆکی لەسەر سەرپەرشتی منداڵ، ژنێک بەهۆی ڕەتکردنەوەی پێشنیاری هاوسەرگیری و ژنێکیش بە هۆکاری نادیارەوە کوژراون.

جیاکردنەوەی ژنکوژییەکان بەپێی پارێزگاکان؛

پارێزگای تاران: ٦ حاڵەت
پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ٣ حاڵەت
پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: ٢ حاڵەت
پارێزگای ئورمیە: ٢ حاڵەت
پارێزگای خووزستان: ١ حاڵەت
پارێزگای کرماشان: ١ حاڵەت
پارێزگای گیلان: ١ حاڵەت
پارێزگای خوراسانی باکوور: ١ حاڵەت
پارێزگای سنە: ١ حاڵەت
پارێزگای ئیلام: ١ حاڵەت
پارێزگای ئەلبۆرز: ١ حاڵەت

ژنکوژی بەرزترین ئاستی دژایەتیی ژنان لە کۆمەڵگادایە. کوشتنی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس تەنیا بەشێک لە ژنکوژییەکان لەخۆ دەگرێت. بنەمای سەرەکیی ژنکوژی لە کۆمەڵگاکاندا مێژوو، بۆنەکان و یاسا پیاوسالار و دژەژنانەکانە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تەنیا لە ساڵی پێشوودا ١٢٢ ژنکوژی لە ئێراندا تۆمارکراوە کە بەشێکی هەرە زۆری ئەو کوشتنانە لەلایەن ئەندامانی بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی ئەو ژنانەوە ئەنجام دراون. یاسا و بیری دژەژنانە ڕقێکی قووڵ دژ بە ژنان ئاسایی دەکاتەوە و ئەوە خۆی دەبێتە هۆی ئەوەی کوشتنی ژنان بە شێوەیەکی ئاساییتر و بێ تێچووتر ئەنجام بدرێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە