جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ٩٤ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٤

١١ خەرمانان ٢٧٢٤، ٢٣:١٨

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١١ی خەرمانانی ٢٧٢٤

لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم سزای سێدارەی ٩٤ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی جولای کە ٥٥ بەندکراو لەسێدارە درابوون، ٣٩ حاڵەت واتا ٧١٪ زیادی کردووە. هەروەها ٢١٪ی بەندکراوانی لەسێدارەدراو لەو مانگەدا هاووڵاتییانی کورد بوون.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٤دا لانی کەم سزای سێدارەی ٩٤ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. شایەنی باسە کە، ناسنامەی ٧٧ بەندکراو بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و بۆ ناسنامەی ئەو ١٧ بەندکراوەی دیکە بەدواداچوون دەکرێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی ئاگۆست لانی کەم سزای سێدارەی ٢٠ بەندکراوی کورد کە بەرانبەرە لەگەڵ ٢١٪ی کۆی حاڵەتی لەسێدارەدرانەکان جێبەجێ کراوە، سزای سێدارەی ١٢ بەندکراوی تورک، ٩ بەندکراوی بەلووچ و ٨ بەندکراوی لوڕ لەو مانگەدا لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. هەروەها لانی کەم ١٤ هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستان و یەک هاووڵاتیی خەڵکی شاری کەرکووک لە مانگی ڕابردوودا لەسێدارە دراون.

لە مانگی ئاگۆست، سزای سێدارەی ڕەزا ڕەسایی بەندکراوی سیاسیی کورد و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" دەستبەسەر کرابوو، بەشێوەی نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی کرماشان جێبەجێ کرا. لە مانگی ڕابردوودا هیچ حاڵەتێک لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنان و منداڵان تۆمار نەکراوە.

شایەنی باسە کە، لە سەرجەم ئەو ٩٤ بەندکراوەی کە لە مانگی ئاگۆست لەسێدارە دراون، تەنیا ٦ حاڵەت واتا ٦.٣٪ی کۆی حاڵەتەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ٢ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بەبێ ئاگاداریی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێ کراوە. یەکێک لەو بەندکراوانە لە شاری شاهروود و لەبەر چاوانی خەڵکدا لەسێدارە درا.

جیاکردنەوە بەپێی تۆمەتەکان

لە ماوەی مانگی ئاگۆست زیاترین لەسێدارەدرانەکان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بووە کە ٤٩ حاڵەت واتا ٥٢٪ی کۆی حاڵەتەکان لەخۆ دەگرێت.

بەندکراوانی سیاسی: ١ حاڵەت
کوشتنی بە ئەنقەست: ٣٤ حاڵەت
تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان: ٤٩ حاڵەت
دەستدرێژی سێکسی: ٤ حاڵەت
تۆمەتی نادیار: ٦ حاڵەت
 

جیاکردنەوەی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان لە بەندیخانەکان بەپێی پارێزگاکان

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا زیاترین سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوان لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز تۆمار کراوە کە ٢٧ حاڵەت بووە. هەروەها لە بەندیخانەی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات ١٣ حاڵەت و لوڕستان ١١ حاڵەت جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان تۆمار کراوە.

پارێزگای ئەلبۆرز: ٢٧ حاڵەت
پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: ١٣ حاڵەت
پارێزگای لوڕستان: ١١ حاڵەت
پارێزگای فارس: ٧ حاڵەت
پارێزگاکانی یەزد و هورموزگان: هەر یەک ٥ حاڵەت
پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ٤ حاڵەت
پارێزگاکانی زەنجان، کرمان و ئیسفەهان: هەر یەک ٣ حاڵەت
پارێزگاکانی ئورمیە، مەرکەزی و قەزوین: هەر یەک ٢ حاڵەت
پارێزگاکانی سنە، کرماشان، هەمەدان، سیستان و بەلووچستان، بووشێهر و سمنان: هەر یەک ١ حاڵەت


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە