دەستبەسەرکرانی ۹٣ هاووڵاتی لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٤ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران
هەنگاو؛ سێشەممە ١٣ی خەرمانانی ٢٧٢٤
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٤دا لانی کەم ٩٣ هاووڵاتی کە ناسنامەیان بە تەواوی ئاشکرا کراوە، لە هەموو ئێراندا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. زیاترین دەستبەسەرکراوان لە هاووڵاتییانی کورد بوون کە ٤٠ حاڵەت تۆمار کراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لانی کەم ١٠ چالاکی ژن، ٥ منداڵ، ٤٠ هاووڵاتیی کورد، ٢٣ هاووڵاتیی بەلووچ و ٨ هاووڵاتیی تورک لە مانگی ڕابردووی زایینیدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و یان ڕفێندراون کە زیاترین حاڵەتەکانی دەستبەسەرکران لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان تۆمار کراوە.
جیاکردنەوەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو بەپێی پارێزگاکان؛
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە زیاترین ژمارەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بووە کە ٢٠ حاڵەت تۆمار کراوە و لە پارێزگاکانی ئورمیە ١٨ حاڵەت، پارێزگای کرماشان ١٤ حاڵەت و لە پارێزگای خووزستان ٩ حاڵەت لە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان تۆمار کراوە.
پارێزگای سیستان و بەلووچستان: ٢٠ حاڵەت
پارێزگای ئورمیە: ١٨ حاڵەت (تەواوی دەستبەسەرکراوان لە هاووڵاتییانی کورد بوون)
پارێزگای کرماشان: ١٤ حاڵەت
پارێزگای خووزستان: ٩ حاڵەت (٤ هاووڵاتیی لوڕ و ٥ هاووڵاتیی عەرەب)
پارێزگای سنە: ٧ حاڵەت
پارێزگای تاران: ٦ حاڵەت (٥ هاووڵاتیی فارس و ١ هاووڵاتیی لوڕ)
پارێزگای کرمان: ٥ حاڵەت (٣ هاووڵاتیی بەلووچ و ٢ هاووڵاتیی فارس)
پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: ٥ حاڵەت
پارێزگای مەرکەزی: ٢ حاڵەت (١ هاووڵاتیی تورک و ١ هاووڵاتیی فارس)
پارێزگای ئەردەبیل: ٢ حاڵەت
پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ١ حاڵەت (١ هاووڵاتیی کورد)
پارێزگاکانی کۆهکیلوویەو بوێرئەحمەد، گیلان، فارس و ئیسفەهان: هەر یەک ١ حاڵەت
لانی کەم ٦٨٪ی دەستبەسەرکراوان لە هاووڵاتییانی کورد و بەلووچ بوون
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئاگۆست لانی کەم ٤٠ هاووڵاتیی کورد لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە بەرانبەر بە ٤٣٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لە تەواوی ئێران لە ماوەی مانگی ڕابردوویە.
هەروەها، مانگی ڕابردوو لانی کەم ٢٣ هاووڵاتیی بەلووچ واتا ٢٥٪ی کۆی حاڵەتەکان و ٨ هاووڵاتیی تورک واتا ٨.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
دەستبەسەرکرانی کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکان
دەستبەسەرکرانی پەیڕەوانی کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکان لە ئێران لە ماوەی مانگی ئاگۆست وەکوو ڕابردوو درێژەی بووە و لەو مانگەدا لانی کەم دەستبەسەرکرانی ٥ چالاکی سوننە مەزهەبی کورد و بەلووچ و ٢ چالاکی بەهایی تۆمار کراوە کە ناوەکانیان لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا دێت.
چالاکانی بەهایی:
١- مەتین فەهەندێژ سەعدی خەڵکی کرمان
٢- میسباح دەوڵەت خەڵکی کرمان
چالاکانی سوننە مەزهەب؛
١- محەممەد فەریق شەریعەتپەناە خەڵکی بۆکان
٢- زەکەریا مەلەکڕەئیسی خەڵکی زاهیدان
٣- محەممەدئەمین موورادزەهی خەڵکی خاش
٤- تاریق مورادزەهی خەڵکی خاش
٥- عەلی بەهرامی خەڵکی مەریوان
دەستبەسەرکرانی ١٠ ژن و ٥ منداڵ لە ماوەی مانگی ئاگۆستی٢٠٢٤
بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم ١٠ چالاکی ژن بریتی لە ٦ چالاکی ژنی کورد لە تەواوی ئێران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە ١١٪ی کۆی دەستبەسەرکراوانی ئەو مانگە لەخۆ دەگرن و ناوەکانیان بەو شێوەیە؛
مەریەم دەریسی خەڵکی کازێروون، مەنیژە خۆشنوود و پەخشان نەبیزادە خەڵکی بۆکان، سورەیا قەیتەران خەڵکی پیرانشار، مەهشید لوتفی خەڵکی ئەهواز، هەمڕاز سادقی و زەهرا تەمەدۆن دانیشتووی تاران، فرمێسک بابایی خەڵکی پاوە، ماریا خانی خەڵکی گیەڵان و گەلاوێژ محەممەدیئەرشەد خەڵکی مەهاباد.
هەروەها، لانی کەم ٥ منداڵی ژێر ١٨ ساڵ لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە سێ کەس لەوان لە منداڵانی بەلووچ و دوو کەسیان کورد بوون و ناوەکانیان بەو شێوەیە؛
١- ماردین ڕەسوڵزادە تەمەن ١٣ ساڵ خەڵکی مەهاباد
٢- ئاریا یووسفی تەمەن ١٨ ساڵ خەڵکی بۆکان
٣- تاریق مورادزەهی تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی خاش
٤- فەرامەرز بەراهوویی تەمەن ١٥ ساڵ خەڵکی زاهیدان
٥- حیسام دۆرزادە ناز تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی ڕاسک
دەستبەسەرکرانی لانی کەم ١ مامۆستا و ١ خوێندکاری زانکۆ لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٤
لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٤ گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان لەسەر مامۆستایان درێژەی هەبووە و لانی کەم یەک مامۆستای زانکۆ بە ناوی موختار ئەسەدی خەڵکی سنە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.
هەروەها مەریەم دەریسی لە خوێندکارانی خەڵکی کازێروون لە مانگی ئاگۆست دەستبەسەر کراوە.
دەستبەسەرکرانی نووسەران و هونەرمەندان
لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٤، لانی کەم دوو هونەرمەند بە ناوەکانی تەها ڕەسووڵیان خەڵکی پیرانشار و بێهراد عەلیکناری خەڵکی ئەهواز لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
ناسنامەی تەواوی ئەو ٩٣ کەسە لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تۆمار کراوە. کەڵکوەرگرتن لەو ئامارە بە هێنانی ناوی سەرچاوەکەی ڕێگەپێدراوە. ئەو ئامارە تەنیا ئەو حاڵەتانە لەخۆ دەگرێت کە ناسنامەیان بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.