ڕاپۆرتی مانگانەی هەنگاو لەسەر پێشێلکرانی مافەکانی ژنان لە ئێران، ئاگۆستی ٢٠٢٤

١٥ خەرمانان ٢٧٢٤، ١١:٠١

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٥ی خەرمانانی ٢٧٢٤

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٤دا لانی کەم ١٠ چالاکی ژن دەستبەسەر کراون و ١١ چالاکی ژن لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. لە ماوەی مانگی ڕابردوو لانی کەم ٢٣ حاڵەتی ژنکوژی لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا تۆمار کراوە.



جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنان لە ئێران

لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٤ هیچ حاڵەتێک لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنان لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا تۆمار نەکراوە.



دەستبەسەرکرانی ١٠ ژن لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٤

بەپشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٤، لانی کەم ١٠ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەستبەسەر کراون کە ١١٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لەو مانگەدا بوون و ٦ کەس لەوان لە چالاکانی ژنی کورد بوون.

ناسنامەی ژنانی دەستبەسەرکراو بەو شێوەیە؛

بۆکان: ١- مەنیژە خۆشنوود ٢- پەخشان نەبیزاد
تاران: ٣- هەمڕاز سادقی ٤- زەهرا تەمەدۆن
کازێروون: ٥- مەریەم دەریسی
پیرانشار: ٦- سورەیا قەیتەران
ئەهواز: ٧- مەهشید لوتفی
گیەڵان: ٨- ماریا خانی
مەهاباد: ٩- گەلاوێژ محەممەدی‌ئەرشەد
پاوە: ١٠- فرمێسک بابایی

سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر چالاکانی ژندا

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٤دا لانی کەم ١١ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران سەرجەم سزای ٤٠ ساڵ و ٥ مانگ و ٢٢ ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. پێنج کەس لەو ژنانە گیلەک و خەڵکی ڕەشت بوون و لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

ناسنامەی ئەو ژنانەی سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە بەو شێوەیە؛

١- مەریەم مێهرابی خەڵکی موبارەکە سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٢- سورەیا قەیتەران خەڵکی پیرانشار سزای ٩ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٣- ئاناهیتا دووستدار خەڵکی ڕەشت سزای ٤ ساڵ و ١ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٤- ئاناهیتا حیجازی خەڵکی ڕەشت سزای ٤ ساڵ و ١ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٥- نینا گوڵستانی خەڵکی ڕەشت سزای ٤ ساڵ و ١ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٦- ڕۆزیتا ڕەجایی خەڵکی ڕەشت سزای ٤ ساڵ و ١ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٧- نگین عیداڵەتخاە خەڵکی ڕەشت سزای ٤ ساڵ و ١ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٨- پەریوەش موسلیمی دانیشتووی تاران سزای ٣ ساڵ و ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٩- ئیلهام ئوستادی خەڵکی ئێرانشار سزای ١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
١٠- شەکیلا مۆنفەرێد دانیشتوووی تاران سزای ٧ ساڵ و ٧ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
١٢- هەتاو ئەکرەمی دانیشتووی بۆکان سزای ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

دەستبەسەرکران و سزادانی ژنان یەکێک لە شێوە جێکەوتووەکانی هەڵاواردن لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە. لە دوای ڕەوتی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" گوشارەکان لەسەر چالاکانی ژن قەبارەیەکی بەربڵاوتر و سەختتری بەخۆیەوە دیتووە. کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی ڕێکخراوانە بەردەوام لە کاتی هاتنە سەرکارییەوە هەوڵی داوە تا ئەو جێی بۆی دەکرێت گۆڕەپانی چالاکیی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مافی مرۆڤی بۆ ژنان بەرتەسکتر کاتەوە. سیاسەتەکانی جیاکردنەوەی سێکسی و ڕەگەزی و هەروەها پەڕاوێزخستنی زیاتری کۆمەڵگای کەمینە سێکسی و ڕەگەزییەکان لە ڕێگەی بە سزاناساندنی ناسنامەیانەوە یەکێک لە سیاسەتە جددییەکانی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئێراندایە.


تۆمارکردنی ٢٣ حاڵەتی ژنکوژی لە مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٤

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئاگۆستی ٢٠٢٤ لانی کەم ٢٣ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا کوژراون کە کوژرانی ١٧ کەسیان لەلایەن کەسانی نزیکی خۆیان وەکوو هاوژین، باوک و کوڕەکەیانەوە ڕوویداوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ١٣ ژن لەلایەن هاوژینەکەیانەوە، ٢ ژن لەلایەن باوکیانەوە، ٢ ژن لەلایەن کوڕەکەیان و ٦ ژن بە دەستی کەسانی نەناسراو کوژراون.

لە سەرجەم ئەو ٢٣ حاڵەت ژنکوژییە، یەک حاڵەت بە پاساوی پاراستنی نامووس بووە و هۆکاری کوژرانی ١٧ کەس لەو ژنانە بە کێشەی خێزانی ڕاگەیەندراوە. هەروەها ٢ ژن بەمەبەستی دزی، یەک ژن بەمەبەستی دەستدرێژیی سێکسی و ٢ ژن بە هۆکاری نادیارەوە کوژراون.

جیاکردنەوەی ژنکوژییەکان بەپێی پارێزگاکان؛

پارێزگای تاران: ٦ حاڵەت
پارێزگای فارس: ٤ حاڵەت
پارێزگاکانی هۆرمۆزگان، کۆهکیلوویەو بوێرئەحمەد و سیستان و بەلووچستان: هەر یەک ٢ حاڵەت
پارێزگاکانی قۆم، زەنجان، ئیسفەهان، ئیلام، چوارمەحاڵ و بەختیاری، گیلان و قەزوین: هەر یەک ١ حاڵەت

ژنکوژی بەرزترین ئاستی دژایەتیی ژنان لە کۆمەڵگادایە. کوشتنی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس تەنیا بەشێک لە ژنکوژییەکان لەخۆ دەگرێت. بنەمای سەرەکیی ژنکوژی لە کۆمەڵگاکاندا مێژوو، بۆنەکان و یاسا پیاوسالار و دژەژنانەکانە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تەنیا لە ساڵی پێشوودا ١٢٢ ژنکوژی لە ئێراندا تۆمارکراوە کە بەشێکی هەرە زۆری ئەو کوشتنانە لەلایەن ئەندامانی بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی ئەو ژنانەوە ئەنجام دراون. یاسا و بیری دژەژنانە ڕقێکی قووڵ دژ بە ژنان ئاسایی دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کوشتنی ژنان بە شێوەیەکی ئاساییتر و بێ تێچووتر ئەنجام بدرێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە