ڕاپۆرتی تایبەتی هەنگاو؛ دەستبەسەرکرانی ١٥٠ دادخواز و سەپاندنی سزای بەندکران و لێدانی قامچی بەسەر ٢١ کەس لە ماوەی ٢٠ مانگی ڕابردوودا
هەنگاو؛ سێشەممە ٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢٤
لە بەرەبەرەی دووەمین ساڵیادی کوژرانی ژینا ئەمینی و دەستپێکی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە زیاتربوونی گوشارەکان لەسەر بنەماڵە دادخوازەکان، بریتی لە بنەماڵە دادخوازەکانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی و دادخوازان و خەسارلێکەوتووانی دیکە، بڵاو دەکاتەوە. ئەم ڕاپۆرتە بریتی لە دەستبەسەرکرانی ١٥٠ کەس و سەپاندنی سزای بەندکران و لێدانی قامچی بەسەر ٢١ کەسی دادخواز لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ی زایینییەوەیە.
بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی تا نێوەڕاستی مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٤ (ماوەی ٢٠ مانگ)، لانی کەم ١٥٠ کەسی دادخواز کە زۆربەیان لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بوون، لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
لە نێوان سەرجەم دەستبەسەرکراواندا، ٥٨ کەس ژن و ٨٨ کەس پیاو بوون. هەروەها ١٤ کەس لەو دەستبەسەرکراوانە منداڵ بوون و تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە. شایانی باسە کە چەند کەس لەو دەستبەسەرکراوانە دوو یان سێ جار دەستبەسەر کراون.
جیا کردنەوەی دادخوازانی دەستبەسەرکراو بەپێی پارێزگاکان
بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، زیاترین دادخوازانی دەستبەسەرکراو، بە ٤٤ حاڵەت بەرانبەر بە ٢٧.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان، لە پارێزگای سنە و دواتر لە پارێزگای ئورمیە بە ٣٠ حاڵەت بەرانبەر بە ٢٠.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان تۆمار کراون.
پارێزگای سنە: ٤٤ حاڵەت
پارێزگای ئورمیە: ٣٢ حاڵەت
پارێزگای تاران: ١١ حاڵەت
پارێزگای خووزستان: ١٠ حاڵەت
پارێزگای ئیسفەهان: ٩ حاڵەت
پارێزگاکانی مازەندەران، قەزوین و خوراسانی ڕەزەوی: هەر یەک ٨ حاڵەت
پارێزگای گیلان: ٦ حاڵەت
پارێزگاکانی ئیلام، لوڕستان، سیستان و بەلووچستان و هەمەدان: هەر یەک ٢ حاڵەت
جیاکردنەوەی دەستبەسەرکراوان بەپێی مانگەکان
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لە ساڵی ٢٠٢٣ی زایینی، لانی کەم ١١٦ دادخواز لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و زیاترین ژمارەی دەستبەسەرکراوان لە مانگی ژوئەن بە ٣١ حاڵەتەوە تۆمار کراوە. هەروەها لە مانگی سێپتەمبەر ٢٩ و لە مانگی ئاگۆست ٢٤ حاڵەت لە دەستبەسەرکرانی دادخوازان تۆمار کراوە.
ساڵی ٢٠٢٣:
جەنیوەری: ١ حاڵەت
مارس: ٤ حاڵەت
ئەپریل: ٧ حاڵەت
مەی: ٦ حاڵەت
ژوئەن: ٣١ حاڵەت
جولای: ٥ حاڵەت
ئاگۆست: ٢٤ حاڵەت
سێپتەمبەر: ٢٩ حاڵەت
ئۆکتۆبەر: ١ حاڵەت
نۆڤەمبەر: ٨ حاڵەت
ساڵی ٢٠٢٤:
جەنیوەری: ٣ حاڵەت
فێبریوەری: ١ حاڵەت
ئەپریل: ١٠ حاڵەت
مەی: ٤ حاڵەت
ژوئەن: ٢ حاڵەت
جولای: ٦ حاڵەت
ئاگۆست: ٤ حاڵەت
سێپتەمبەر: ٢ حاڵەت
جیاکردنەوەی جۆری دادخوازیی دەستبەسەرکراوان
بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامارەکانی هەنگاو، ٨٠٪ی کەسانی دەستبەسەرکراو کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون بەرانبەر بە ١٢٠ حاڵەتن و لە ئەندامانی نزیک لە بنەماڵەی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بوون.
بنەماڵەی گیانبەختکردوودانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی: ١٢٠ حاڵەت
برینداربووانی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٢٧١٩ و بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی: ١٠ حاڵەت
دادخوازانی دیکە: ١١ حاڵەت
هاوڕێیانی دادخوازانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی: ٧ حاڵەت
ناوەندی دەستبەسەرکەری دادخوازان
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بنەماڵەی دادخوازان زیاترین گوشاریان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لەسەر بووە و لە ماوەی ٢٠ مانگی ڕابردوودا، لانی کەم ١٢٨ کەسی دادخواز لە لایەن هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.
فەرمانگەی ئیتلاعات: ١٢٨ حاڵەت
ئیتلاعاتی سوپا: ١٠ حاڵەت
جێبەجێکرانی سزاکان: ٩ حاڵەت
گەشتی ئیرشاد: ١ حاڵەت
سەپاندنی سزای ٧٣ ساڵ و ٨ مانگ بەندکران و لێدانی ١٦٠ زەربەی قامچی بەسەر ٢١ کەسی دادخواز
|
بەپێی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لانی کەم ٢١ کەس لە دادخوازان لە ماوەی ٢٠ مانگی ڕابردوو لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٧٥ ساڵ و ٨ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. هەروەها چوار کەس لەوان بێجگە لە سزای بەندکران، سەرجەم سزای لێدانی ١٦٠ زەربەی قامچیشیان بەسەردا سەپێندراوە.
لانی کەم شەش کەس لەو دادخوازانەی کە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە ژن و لە یەک حاڵەتدا منداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵان بوون.
ناوی ئەو دادخوازانەی کە سزای بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە
١-هاشم ساعیدی: باوکی سارینا ساعیدی لە گیان بەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە سنە، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی بۆکان سزای ٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران و لێدانی ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپێندرا.
٢- حەسەن ئەمینی: برای محەممەد ئەمینی لە گیان بەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە سنە، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی بۆکان سزای ٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران و لێدانی ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپێندرا.
٣- عەبدولڕەحمان نەسری: باوکی مەتین نەسری لە گیان بەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە سنە، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی بۆکان سزای ٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران و لێدانی ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپێندرا.
٤- ئارمان حەبیبی: برای ئارام حەبیبی لە گیان بەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە سنە، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی بۆکان سزای ٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران و لێدانی ٤٠ قامچیی بەسەردا سەپێندرا.
٥- محەممەد وەزیری: هاوژینی شیرین عەلیزادە لە گیان بەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە ئیسفەهان، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارە سزای ٢ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
٦_ سادق مەحموودنژاد: لە بریندارانی چاوی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە پیرانشار، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری مەهاباد سزای ٥ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
٧- کەوسەر ئیفتخاری: لە بریندارانی چاوی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە تاران، لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئەو شارە سزای ٥ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
٨- مەهسا یەزدانی: دایکی محەممەدجەواد زاهیدیسارەوی، لە گیانبەختکردوودانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە ساری، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارە سزای ١٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
٩- فەرزانە بەرزەکار: دایکی عیرفان ڕەزایی لە گیان بەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە شاری ئامۆل، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارە سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
١٠_بەهار شیری: دایکی عەلی عەباسی لە گیان بەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە سەمیرۆم، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئەو شارە سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
١١- سەفا عائیلی: خاڵی ژینا ئەمینی و خەڵکی سەقز، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سەقز سزای ٥ ساڵ و ٤ مانگ و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
١٢- مێهرداد بەختیاری: مامی پوویا بەختیاری، لە گیان بەختکردووانی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٢٧١٩، لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی کەرەج سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
١٣- ئومێد قەدیمی: برای فواد قەدیمی لە گیان بەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە دیواندەرە، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارە سزای ٣ ساڵ و ٤ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
١٤- کەماڵ لوتفی: باوکی ڕەزا لوتفی لە گیان بەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە دێولان، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارە سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
١٥- مەنووچێهر بەختیاری: باوکی پوویا بەختیاری لە گیان بەختکردووانی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٢٧١٩، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی قەزوین سزای ١ ساڵ و ٤٥ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
١٦- ماشەڵڵا کەرەمی: باوکی مێهدی (کۆمار) کەرەمی لە گیان بەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، لە لایەن دادگای شۆڕشی کەرەج سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
١٧- فەرهاد زارع: باوکی میلاد زارع لە گیانبەختکردوودانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە ئامۆل، لە لایەن دادگای شۆڕشی بابۆل سزای ١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
١٨- مەتین حەسەنی: لە بریندارانی چاوی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٢٧١٩ لە شاری بۆکان، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی ئەو شارە سزای ٢ ساڵ و ٧ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
١٩- مەریەم مێهرابی: خوشکی مەحموود مێهرابی، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە، لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئیسفەهان سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
٢٠- فەرامەرز بەراهوویی: تەمەن ١٤ ساڵ و خەڵکی زاهیدان، برای ئیسماعیل بەراهوویی، لە لایەن دادگای تایبەتی مامۆستایانی ئایینی لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی سزای ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
٢١- هەتاو ئەکرەمی: خەڵکی تیکاب و ئامۆزای مێهران ئەکرەمی لە گیان بەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی بۆکان سزای ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
٢٢- ماشەڵڵا کەرەمی: باوکی مێهدی (کۆمار) کەرەمی لە گیان بەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی نەزەرئاباد سزای ٨ ساڵ و ١٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
دەرەنجام
ئەم ڕاپۆرتە کە بەپێی زانیاریی ورد و نوێ ئامادە کراوە، بەربڵاویی قەبارەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر دادخوازان و بنەماڵەی گیانبەختکردوودانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی نیشان دەدات. لێکۆڵینەوەکان سەلمێنەری جێی نیگەرانی بوونی ڕەوتی سەرکوتکردنی چالاکانی مافی مرۆڤ و دادخوازانن کە لە ماوەی ٢٠ مانگدا بە ڕوونی زیاتر بوون.
١- زیاتربوونی بەرچاوی دەستبەسەرکرانەکان: لە سەرەتای ساڵی ٢٠۲۳، دەستبەسەرکرانەکان بەشێوەیەکی بەرفراوان لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئەنجام دراون، حاڵەتە تۆمارکراوەکان بریتین لە دەستبەسەرکرانی لانی کەم ١٥٠ کەس لە چالاکانی مافی مرۆڤ و بنەماڵەی گیانبەختکردوودانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی. ئەو هەڵکشانە لە دەستبەسەرکرانەکاندا، بەتایبەت لە پارێزگاکانی سنە، ئورمیە و تاران، نیشان دەدات کە گوشارەکان بەشێوەیەکی زیاتر و کەم وێنە لەسەر ئەو بنەماڵانە بووە.
٢- پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە مەدەنییەکان: ئەو سزایانەی بەسەر ئەو کەسانەدا سەپێندراون، بریتی لە بەندکرانی درێژماوە و لێدانی قامچی، پێشێلکرانی ئاشکرای مافی مرۆڤەکان و ئازادیی مەدەنیی تاکەکانە. بۆ نموونە سەپاندنی سزای ٧٥ ساڵ و ٨ مانگ بەندکران و لێدانی ١٦٠ زەربەی قامچی، سەلمێنەری سەختی و بەرفراوانیی سەرکوتکردن لە لایەن دەزگای دادوەری دژ بە دادخوازانە.
٣- بەربەست و گوشارە بەردەوامەکان: جیاکردنەوەی سزاکان و دەستبەسەرکرانەکان نیشان دەدات کە گوشارەکان بەتایبەت لەسەر بنەماڵەی گیانبەختکردوودانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی و بریندارانی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ٢٧١٩یە. ئەو کردەوانە بەشێوەیەی ڕاستەوخۆ بۆ مافی ئەو کەسانە لە بەدواداچوونی دادوەری و دادخوازی بەربەست ساز دەکەن و بەشێوەیەکی ڕێکخراوانە هەوڵ دەدرێت تا ئەو کەسانە دەنگ هەڵنەهێنن.
٤- ڕۆڵی ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکان: زیاترین دەستبەسەرکرانەکان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعات و ناوەندە ئەمنییەکانی دیکەوە ئەنجام دراوە کە نیشاندەری کەڵکوەرگرتنی ناوەندە حکومەتییەکان لە ئامرازی سەرکوتکردن بەمەبەستی کونتڕۆڵکردن و بەربەست سازکردن بۆ چالاکیی دادخوازانە.
٥- پێویستیی کردەوەی نێونەتەوەیی: ئەم ڕاپۆرتە بەشێوەیەکی ئاشکرا تیشک دەخاتە سەر پێویستی بە کردەوەیەکی دەستبەجێ و کاریگەر لەلایەن کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و پاڵپشتیکردن لە مافی دادخوازان و بنەماڵەکانیان. سەرنجدان و گوشاری نێونەتەوەیی دەتوانێت یارمەتیدەری کەمتربوونەوەی گوشارەکانی حکومەتی ئێران و ڕاگەیشتن بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بێت.