جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ٧٨ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٤

١٠ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ٢٣:٣١

هەنگاو؛ سێشەممە ١٠ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم سزای سێدارەی ٧٨ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی ئاگۆست کە ٩٤ بەندکراو لەسێدارە درابوون، ١٦ حاڵەت واتا ١٧٪ کەمتر بووە.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٤دا لانی کەم سزای سێدارەی ٧٨ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. شایانی باسە کە، ناسنامەی ٧٢ بەندکراو بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و بۆ ناسنامەی ئەو ٦ بەندکراوەی دیکە بەدواداچوون دەکرێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی سێپتەمبەر لانی کەم سزای سێدارەی ١٣ بەندکراوی بەلووچ، ١٠ بەندکراوی کورد، ٧ بەندکراوی گیلەک، ٦ بەندکراوی تورک و ٦ بەندکراوی لوڕ لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. هەروەها لانی کەم ٧ هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستان لە مانگی ڕابردوودا لەسێدارە دراون.

لە ماوەی مانگی ڕابردوودا سزای سێدارەی بەندکراوێک کە لە تەمەنی ١٦ ساڵان دەستبەسەر کرابوو دوای ٧ ساڵ و لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا لە بەندیخانەی عادڵئاوا جێبەجێ کرا. مێهدی جەهانپوور هاووڵاتیی لوڕی خەڵکی فیرۆزاوای سەر بە پارێزگای فارس بێ‌ئاگاداریی بنەماڵەکەی لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرمانانی ٢٧٢٤ لەسێدارە درا.

شایانی باسە کە، لە سەرجەم ئەو ٧٨ بەندکراوەی کە لە مانگی سێپتەمبەر لەسێدارە دراون، تەنیا ٢ حاڵەت واتا ٢.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ٤ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بێ‌ئاگاداریی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێ کراوە. دوو کەس لەو بەندکراوانە لە پێش چاوی خەڵک لە شاری خومەین سەر بە پارێزگای مەرکەزی لەسێدارە دراون.

جیاکردنەوە بەپێی تۆمەتەکان

لە ماوەی مانگی سێپتەمبەر زیاترین لەسێدارەدرانەکان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بوون کە ٣٩ حاڵەت واتا ٥٠٪ی کۆی حاڵەتەکان لەخۆ دەگرێت.

کوشتنی بە ئەنقەست: ٣٧ حاڵەت
تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان: ٣٩ حاڵەت
موحاربە و کوشتنی بە ئەنقەست: ٢ حاڵەت

جیاکردنەوەی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان لە بەندیخانەکان بەپێی پارێزگاکان

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا زیاترین سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوان لە بەندیخانەکانی پارێزگای فارس تۆمار کراوە کە ٢٤ حاڵەت بووە. هەروەها لە هەر یەک لە بەندیخانەی پارێزگاکانی سیستان و بەلووچستان و ئیسفەهان ٧ حاڵەت لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان تۆمار کراوە.

پارێزگای فارس: ٢٤ حاڵەت
پارێزگاکانی ئیسفەهان و سیستان و بەلووچستان: هەر یەک ٧ حاڵەت
پارێزگاکانی گیلان و ئەلبۆرز: هەر یەک ٦ حاڵەت
پارێزگای کرمان: ٥ حاڵەت
پارێزگاکانی قەزوین و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: هەر یەک ٣ حاڵەت
پارێزگاکانی کرماشان، ئورمیە، خوراسانی ڕەزەوی، یەزد، هەمەدان، مەرکەزی و گوڵستان: هەر یەک ٢ حاڵەت
پارێزگاکانی لوڕستان، مازەندەران و هۆرمزگان: هەر یەک ١ حاڵەت


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە