دەستبەسەرکرانی ۹٦ هاووڵاتی لە ماوەی مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٤ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران

١٢ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ٢٣:٣٨

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٤دا لانی کەم ٩٦ هاووڵاتی کە ناسنامەیان بە تەواوی ئاشکرا کراوە، لە هەموو ئێراندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. زیاترین دەستبەسەرکراوان لە هاووڵاتییانی کورد بوون کە ٦٥ حاڵەت بەرانبەر بە ٦٨٪ی کۆی حاڵەتە تۆمارکراوەکان بوون.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لانی کەم ٨ چالاکی ژن، ٥ منداڵ، ٦٥ هاووڵاتیی کورد، ١٠ هاووڵاتیی بەلووچ و ٧ چالاکی بەهایی لە مانگی ڕابردووی زایینیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و یان ڕفێندراون و زیاترین حاڵەتەکانی دەستبەسەرکران لە پارێزگای سنە تۆمار کراوە.

جیاکردنەوەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو بەپێی پارێزگاکان؛

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە زیاترین ژمارەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لە پارێزگای سنە بوون کە ٣٨ حاڵەت تۆمار کراوە، هەروەها لە پارێزگای ئورمیە ٢٤ حاڵەت و لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان ٧ حاڵەت لە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان تۆمار کراوە.

پارێزگای سنە: ٣٨ حاڵەت
پارێزگای ئورمیە: ٢٤ حاڵەت (بریتی لە ٢٣ هاووڵاتیی کورد و ١ هاووڵاتیی بەلووچ)
پارێزگای سیستان و بەلووچستان: ٧ حاڵەت
پارێزگای تاران: ٦ حاڵەت
پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: ٤ حاڵەت
پارێزگای کرماشان: ٣ حاڵەت
پارێزگای خووزستان: ٣ حاڵەت (٢ هاووڵاتیی لوڕی بەختیاری و ١ هاووڵاتیی عەرەب)
پارێزگای فارس: ٣ حاڵەت
پارێزگاکانی گوڵستان و هەمەدان: هەر یەک ٢ حاڵەت
پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ٢ حاڵەت (١ هاووڵاتیی بەلووچ و ١ هاووڵاتیی فارس)
پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری: ١ حاڵەت (١ هاووڵاتیی قەشقایی)
پارێزگای کرمان: ١ حاڵەت (١ هاووڵاتیی بەلووچ)

 

لانی کەم ٧٨٪ی دەستبەسەرکراوان لە هاووڵاتییانی کورد و بەلووچ بوون

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی سێپتەمبەردا لانی کەم ٦٥ هاووڵاتیی کورد لە لایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە بەرانبەر بە ٦٨٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لە تەواوی ئێران لە ماوەی مانگی ڕابردوویە.

هەروەها، مانگی ڕابردوو لانی کەم ١٠ هاووڵاتیی بەلووچ واتا ١٠٪ی کۆی حاڵەتەکان لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
 

دەستبەسەرکرانی کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکان

دەستبەسەرکرانی پەیڕەوانی کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکان لە ئێران لە ماوەی مانگی سێپتەمبەر وەکوو ڕابردوو درێژەی بووە و لەو مانگەدا لانی کەم دەستبەسەرکرانی ٧ چالاکی بەهایی بریتی لە ٣ چالاکی ژن، ١ چالاکی ژنی مەسیحی و ١ چالاکی سوننە مەزهەب تۆمار کراوە کە ناوەکانیان لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا دێت.

چالاکانی بەهایی؛

١- ئیرەج نۆڕەستە خەڵکی تەورێز
٢- سینا ئەقدەسی خەڵکی تەورێز
٣- ئەعزەم ئازموودە خەڵکی تەورێز
٤- نگار میساقیان خەڵکی شیراز
٥- شاهین موەدەت خەڵکی گۆرگان
٦- سوودابە مەهدی نژاد خەڵکی گۆرگان
٧- مەحبووب حەبیبی خەڵکی شیراز

چالاکانی مەسیحی؛

١- موژدە فەلاحی خەڵکی شیراز

چالاکانی سوننە مەزهەب؛

١- عەبدولواهیب پەسەند خەڵکی ڕاسک


دەستبەسەرکرانی ٨ ژن و ٥ منداڵ لە ماوەی مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٤

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم ٨ چالاکی ژن بریتی لە ٣ چالاکی ژنی کورد و ٣ چالاکی بەهایی لە تەواوی ئێران لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە ٨.٥٪ی کۆی دەستبەسەرکراوانی ئەو مانگە لەخۆ دەگرن و ناوەکانیان بەو شێوەیە؛

مینا سوڵتانی و سروە شیری خەڵکی بۆکان، موژدە فەلاحی و نگار میساقیان خەڵکی شیراز، سوودابە مەهدی نژاد خەڵکی گورگان، فریشتە سووری خەڵکی هەمەدان، ئەعزەم ئازموودە خەڵکی تەورێز و پەرەستوو ئەحمەدی خەڵکی مەریوان کە ٦ مانگ پێش دەستبەسەر کرابوو و لەم دواییانەدا هەواڵی دەستبەسەرکرانی لە لایەن هەنگاو میدیایی کراوەتەوە.

هەروەها، لانی کەم ٥ منداڵی ژێر ١٨ ساڵ لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە سێ کەس لەوان لە منداڵانی کورد و دوو کەسیان بەلووچ بوون و ناوەکانیان بەو شێوەیە؛

١- ڕامیار ئەبووبەکری تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی مەهاباد
٢- ماردین دێهقانی تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی مەریوان
٣- ئیدریس دێهمۆردە تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی زابۆل
٤- ئەمیرمحەممەد ئیراندێگانی تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی خاش
٥- پووریا حەسەنی تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی دیواندەرە
 

دەستبەسەرکرانی لانی کەم ٢ مامۆستا و ٢ خوێندکاری زانکۆ لە ماوەی مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٤

لە ماوەی مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٤ گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان لەسەر مامۆستایان درێژەی هەبووە و لانی کەم ٢ مامۆستا و ٢ خوێندکاری زانکۆ لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

مامۆستایانی دەستبەسەرکراو؛

١- شادمان محەممەدی خەڵکی بڵواناوا
٢- حەمیدڕەزا وەزینی ئەتهەر دانیشتووی تاران

خوێندکارانی دەستبەسەرکراو؛

١- سینا محەممەدی خەڵکی بڵواناوا

٢- سەعید سارانی خەڵکی زاهیدان
 

دەستبەسەرکرانی لانی کەم ٢ کەس لە چالاکانی میدیایی لە ماوەی مانگی سێپتەمبەر

لە مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٤، لانی کەم دوو ڕۆژنامەنووس و چالاکی میدیایی لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەستبەسەر کراون کە ناسنامەیان بەو شێوەیە؛

١- سەجاد سادقی دانیشتووی تاران
٢- فەردین مستەفایی خەڵکی سەقز

دەستبەسەرکرانی نووسەران و هونەرمەندان

لە ماوەی مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٤، لانی کەم دوو هونەرمەند بە ناوەکانی ئومێد ئەحمەدنژاد خەڵکی مەهاباد و ڕەزا عەلایی خەڵکی بانە لەگەڵ عەلی جەهانیان شاعیری خەڵکی هەمەدان و ئارەش ڕەمەزانی نووسەری خەڵکی مەشهەد لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

 

ناسنامەی تەواوی ئەو ٩٦ کەسە لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تۆمار کراوە. کەڵکوەرگرتن لەو ئامارە بە هێنانی ناوی سەرچاوەکەی ڕێگەپێدراوە. ئەو ئامارە تەنیا ئەو حاڵەتانە لەخۆ دەگرێت کە ناسنامەیان بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە