ڕاپۆرتی مانگانەی هەنگاو لەسەر پێشێلکرانی مافەکانی ژنان لە ئێران، سێپتەمبەری ٢٠٢٤

١٥ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ٢١:١٥

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٤دا لانی کەم ٨ چالاکی ژن دەستبەسەر کراون و ٦ چالاکی ژن لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. لە ماوەی مانگی ڕابردوو لانی کەم ١٥ حاڵەتی ژنکوژی لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا تۆمار کراوە.

جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنان لە ئێران

لە ماوەی مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٤ هیچ حاڵەتێک لە جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدرانی ژنان لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا تۆمار نەکراوە.

دەستبەسەرکرانی ٨ ژن لە ماوەی مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٤

بەپشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٤، لانی کەم ٨ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەستبەسەر کراون کە ٨.٥٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لەو مانگەدا بوون و ٣ کەس لەوان لە چالاکانی ژنی کورد و ٣ کەس لە چالاکانی ژنی بەهایی بوون.

ناسنامەی ژنانی دەستبەسەرکراو بەو شێوەیە؛

بۆکان: ١- مینا سوڵتانی ٢- سروە ڕەشیدی
شیراز: ٣- موژدە فەلاحی ٤- نگار میساقیان
مەریوان: ٥- پەرەستوو ئەحمەدی
گورگان: ٦- سوودابە مێهدی‌نژاد
تەورێز: ٧- ئەعزەم ئاسوودە
هەمەدان: ٨- فریشتە سووری

سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر چالاکانی ژندا

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٤دا لانی کەم ٦ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران سەرجەم سزای ١٤ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. یەکێک لەو ژنانە بێجگە لە سزای بەندکران سزای لیدانی ٧٤ قامچیشی بەسەردا سەپێندراوە.

ناسنامەی ئەو ژنانەی سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە بەو شێوەیە؛

١- شیوا کاشانی‌نژاد خەڵکی ڕەشت سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٢- موژگان سەمیمی خەڵکی ڕەشت سزای ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٣- نەسیم غولامی سیمیاری خەڵکی ئەلمەوتی قەزوین سزای ٦ ساڵ بەندکران و لێدانی ٧٤ قامچیی بەسەردا سەپێندراوە.

٤- مەحبووبە ڕەمەزانی خەڵکی شەهریار سزای ١ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٥- ڕەحیمە یووسف‌زاد خەڵکی شەهریار سزای ١ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٦- پرشەنگ عەزیزی خەڵکی مەهاباد سزای ١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

دەستبەسەرکران و سزادانی ژنان یەکێک لە شێوە جێکەوتووەکانی هەڵاواردن لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە. لە دوای ڕەوتی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" گوشارەکان لەسەر چالاکانی ژن قەبارەیەکی بەربڵاوتر و سەختتری بەخۆیەوە دیتووە. کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی ڕێکخراوانە بەردەوام لە کاتی هاتنە سەرکارییەوە هەوڵی داوە تا ئەو جێی بۆی دەکرێت گۆڕەپانی چالاکیی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مافی مرۆڤی بۆ ژنان بەرتەسکتر کاتەوە. سیاسەتەکانی جیاکردنەوەی سێکسی و ڕەگەزی و هەروەها پەڕاوێزخستنی زیاتری کۆمەڵگای کەمینە سێکسی و ڕەگەزییەکان لە ڕێگای بە سزاناساندنی ناسنامەیانەوە یەکێک لە سیاسەتە جددییەکانی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئێراندایە.
 

تۆمارکردنی ١٥ حاڵەتی ژنکوژی لە مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٤

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٤ لانی کەم ١٥ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا کوژراون کە کوژرانی ١٤ کەسیان لەلایەن کەسانی نزیکی خۆیان وەکوو هاوژین، باوک و براکەیانەوە بووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ٦ ژن لەلایەن هاوژینەکەیان، ٢ ژن لەلایەن هاوژینی خوشکەکەیان و ٦ ژن لەلایەن باوک، برا، کوڕ، ئامۆزا، خوازبێن و کەسە نزیکەکانیانەوە کوژراون و ١ ژنیش بە دەستی کەسێکی نەناسراو کوژراوە.

لە سەرجەم ئەو ١٥ حاڵەت ژنکوژییە، ٤ حاڵەت بە پاساوی پاراستنی نامووس بووە و هۆکاری کوژرانی ٨ کەس لەو ژنانە بە کێشەی خێزانی ڕاگەیەندراوە. هەروەها ٢ ژن بەمەبەستی ناکۆکی لەسەر مارەیی و ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیری و یەک ژنیش بەمەبەستی دزی کردن کوژراوە.

جیاکردنەوەی ژنکوژییەکان بەپێی پارێزگاکان؛

پارێزگای تاران: ٤ حاڵەت
پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، سیستان و بەلووچستان، گیلان و مەرکەزی: هەر یەک ٢ حاڵەت
پارێزگاکانی ئیلام، خوراسانی باکوور و خووزستان: هەر یەک ١ حاڵەت

ژنکوژی بەرزترین ئاستی دژایەتیی ژنان لە کۆمەڵگادایە. کوشتنی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس تەنیا بەشێک لە ژنکوژییەکان لەخۆ دەگرێت. بنەمای سەرەکیی ژنکوژی لە کۆمەڵگاکاندا مێژوو، بۆنەکان و یاسا پیاوسالار و دژەژنانەکانە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تەنیا لە ساڵی پێشوودا ١٢٢ ژنکوژی لە ئێراندا تۆمارکراوە کە بەشێکی هەرە زۆری ئەو کوشتنانە لەلایەن ئەندامانی بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی ئەو ژنانەوە ئەنجام دراون. یاسا و بیری دژەژنانە ڕقێکی قووڵ دژ بە ژنان ئاسایی دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کوشتنی ژنان بە شێوەیەکی ئاساییتر و بێ تێچووتر ئەنجام بدرێت.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە