جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ١٦١ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤
هەنگاو؛ شەممە ١٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم سزای سێدارەی ١٦١ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی سێپتەمبەر کە ٧٨ بەندکراو لەسێدارە درابوون، ٨٣ حاڵەت واتا ١٠٦.٥٪ بەرز بووەتەوە. ئەو ئامارە زیاترین ئاماری تۆمارکراوی سزای سێدارە لە ماوەی یەک مانگ لە ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی لە ئێراندا بووە.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤دا لانی کەم سزای سێدارەی ١٦١ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. شایانی باسە کە، ناسنامەی ١٤٩ بەندکراو بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و بۆ ناسنامەی ئەو ١٢ بەندکراوەی دیکە بەدواداچوون دەکرێت.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەر لانی کەم سزای سێدارەی ٢٢ بەندکراوی کورد، ٢١ بەندکراوی تورک، ١٥ بەندکراوی بەلووچ، ١٢ بەندکراوی لوڕ، ٥ بەندکراوی عەڕەب، ٣ بەندکراوی گیلەک و ٢ بەندکراوی تورکمان لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. هەروەها لانی کەم ٩ هاووڵاتیی خەڵکی ئەفغانستان لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لەسێدارە دراون.
سزای سێدارەی جەمشید شارمەهد، بەندکراوی سیاسیی ئێرانی/ئاڵمانی لەو مانگەدا جێبەجێ کرا. لە ماوەی مانگی ڕابردوودا سزای سێدارەی بەندکراوێکی تەمەن ٢١ ساڵی بەلووچ کە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەیدا ١٧ ساڵی تەمەن بووە، لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان جێبەجێ کرا. ناسنامەی ئەو بەندکراوە کە بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، بە مێهدی بەراهوویی ڕاگەیەندراوە.
لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەر لانی کەم سزای سێدارەی ٥ ژن لە بەندیخانەکانی تەورێز (٢ حاڵەت)، ئەهەر، هەمەدان و قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە کە ٤ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست و یەک کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
شایانی باسە کە، لە سەرجەم ئەو ١٦١ بەندکراوەی کە لە مانگی ئۆکتۆبەردا لەسێدارە دراون، تەنیا ١٤ حاڵەت واتا ٨.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ٦ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بێئاگاداریی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێ کراوە.
جیاکردنەوە بەپێی تۆمەتەکان
لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەر زیاترین لەسێدارەدرانەکان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست بوون کە ٨٣ حاڵەت واتا ٥١.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان لەخۆ دەگرێت.
سیاسی: ١ حاڵەت
کوشتنی بە ئەنقەست: ٨٣ حاڵەت
تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان: ٦٤ حاڵەت
افساد فی الارض: ٤ حاڵەت
دەستدرێژیی سێکسی: ٧ حاڵەت
دزیی چەکدارانە: ٢ حاڵەت
جیاکردنەوەی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان لە بەندیخانەکان بەپێی پارێزگاکان
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا زیاترین سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوان بە ٣٨ حاڵەتەوە لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز تۆمار کراوە. هەروەها لە بەندیخانەی پارێزگاکانی فارس ١٦ حاڵەت و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات ١٤ حاڵەت لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان تۆمار کراوە.
پارێزگای ئەلبۆرز: ٣٨ حاڵەت
پارێزگای فارس: ١٦ حاڵەت
پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: ١٤ حاڵەت
پارێزگای ئیسفەهان: ١٢ حاڵەت
پارێزگای کرمان: ١٠ حاڵەت
پارێزگاکانی قوم، قەزوین و زەنجان: هەر یەک ٨ حاڵەت
پارێزگاکانی خوراسانی باشوور و خووزستان: هەر یەک ٦ حاڵەت
پارێزگای ئورمیە: ٥ حاڵەت
پارێزگاکانی هەمەدان، گوڵستان و خوراسانی ڕەزەوی: هەر یەک ٤ حاڵەت
پارێزگاکانی ئیلام و سیستان و بەلووچستان: هەر یەک ٣ حاڵەت
پارێزگاکانی گیلان و سمنان: هەر یەک ٢ حاڵەت
پارێزگاکانی سنە، لوڕستان، مازەندەران، خوراسانی باکوور، چوارمەحاڵ و بەختیاری و ئەردەبیل: هەر یەک ١ حاڵەت
شوێنی لەسێدارەدران نادیار: ١ حاڵەت