ڕاپۆرتی مانگانەی هەنگاو لەسەر پێشێلکرانی مافەکانی ژنان لە ئێران، ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤
هەنگاو؛ دووشەممە ١٤ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤دا لانی کەم ٦ چالاکی ژن دەستبەسەر کراون و ٢٤ چالاکی ژنیش لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ١٠ حاڵەتی ژنکوژی و جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ٥ ژنی بەندکراو لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا تۆمار کراوە.
جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنان لە ئێران
لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ لانی کەم سزای سێدارەی ٥ ژن لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە کە بەرانبەر بە ٣٪ی کۆی حاڵەتی لەسێدارەدرانەکان لە ماوەی مانگی ڕابردوویە. بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی هەنگاو لەو مانگەدا سزای سێدارەی یەک ژن بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و چوار ژن بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەکانی تەورێز (٢ حاڵەت)، ئەهەر، هەمەدان و قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە کە سێ کەسیان تورک بوون و ناسنامەی سێ کەسیان بەو شێوەیە؛
١- زارا فەیزی خەڵکی تەورێز کە لە بەندیخانەی تەورێز لەسێدارە درا.
٢- نەستەرەن فیرووزی خەڵکی تەورێز کە لە بەندیخانەی تەورێز لەسێدارە درا.
٣- ئەختەر قوربانلوو خەڵکی ئەهەر کە لە بەندیخانەی ئەهەر لەسێدارە درا.
هەروەها بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو دوو ژنەی دیکەی کە لە بەندیخانەکانی هەمەدان و قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە دراون بەدواداچوون دەکرێت.
دەستبەسەرکرانی ٦ ژن لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤
بەپشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤، لانی کەم ٦ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەستبەسەر کراون کە ١٢٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لەو مانگەدا بوون و ٢ کەس لەوان لە چالاکانی ژنی کورد بوون.
ناسنامەی ژنانی دەستبەسەرکراو بەو شێوەیە؛
بۆکان: ١- زارا ساجدینیا ٢- مەلێحە عەبدولقادری
تاران: ٣- مۆتەهەرە گوونەیی ٤- نەیێرە بێهبوود
خوڕەمئاوا: ٥- نەسرین شاکەرەمی
شیراز: ٦- کەوسەر دێهبانزادە
سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر چالاکانی ژندا
بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤دا لانی کەم ٢٤ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران سەرجەم سزای ١١١ ساڵ و ١٦ ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. لەو مانگەدا لانی کەم ١٢ چالاکی ژنی بەهایی و ٧ چالاکی ژنی کورد لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
ناسنامەی ئەو ژنانەی سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە بەو شێوەیە؛
١- سووسەن حەسەنزادە خەڵکی بۆکان، سزای ٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٢- مەنیژە خۆشنوود خەڵکی بۆکان، سزای ١٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٣- زارا ساجدینیا خەڵکی بۆکان، سزای ١٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٤- مەهسا جەلال بەدیعی خەڵکی ڕەشت، سزای ٤ ساڵ و یەک مانگ و ١٦ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٥- نگین خادمی چالاکی بەهایی دانیشتووی ئیسفەهان، سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٦- شانا شەوقیفەر چالاکی بەهایی دانیشتووی ئیسفەهان، سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٧- یەگانە ئاگاهی چالاکی بەهایی دانیشتووی ئیسفەهان، سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٨- پەرەستوو حەکیم، چالاکی بەهایی دانیشتووی ئیسفەهان سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٩- موژگان شاهڕەزایی، چالاکی بەهایی دانیشتووی ئیسفەهان سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
١٠- یەگانە ڕۆحبەخش، چالاکی بەهایی دانیشتووی ئیسفەهان سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
١١- ئارەزوو سوبحانیان، چالاکی بەهایی دانیشتووی ئیسفەهان سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
١٢- نەدا بەدەخش، چالاکی بەهایی دانیشتووی ئیسفەهان سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
١٣- بەهارە لوتفی، چالاکی بەهایی دانیشتووی ئیسفەهان سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
١٤- نەدا عەمادی، چالاکی بەهایی دانیشتووی ئیسفەهان سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
١٥- وریشە مورادی خەڵکی سنە سزای ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
١٦- پەخشان عەزیزی خەڵکی مەهاباد، سزای ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
١٧- نەرگس محەممەدی خەڵکی زەنجان، سزای ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
١٨- مەحبووبە ڕەزایی دانیشتووی تاران، سزای ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
١٩- پەریوەش موسلیمی دانیشتووی تاران، سزای ٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٢٠- زارا ڕەزایی دانیشتووی تاران، سزای یەک ساڵ و دوو مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٢١- نیووشا بەدیعی سابت خەڵکی بابۆل، سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٢٢- سۆزان عەید محەممەدزادێگان خەڵکی بابۆل، سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٢٣- مەلێحە عەبدولقادری خەڵکی بۆکان، سزای ١٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
٢٤- سۆڵماز حەسەنزادە خەڵکی بۆکان سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
دەستبەسەرکران و سزادانی ژنان یەکێک لە شێوە جێکەوتووەکانی هەڵاواردن لە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە. لە دوای ڕەوتی شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" گوشارەکان لەسەر چالاکانی ژن قەبارەیەکی بەربڵاوتر و سەختتری بەخۆیەوە دیتووە. کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی ڕێکخراوانە بەردەوام لە کاتی هاتنە سەرکارییەوە هەوڵی داوە تا ئەو جێی بۆی دەکرێت گۆڕەپانی چالاکیی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مافی مرۆڤی بۆ ژنان بەرتەسکتر بکاتەوە. سیاسەتەکانی جیاکردنەوەی سێکسی و ڕەگەزی و هەروەها پەڕاوێزخستنی زیاتری کۆمەڵگای کەمینە سێکسی و ڕەگەزییەکان لە ڕێگای بە سزاناساندنی ناسنامەیانەوە یەکێک لە سیاسەتە جددییەکانی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئێراندایە.
تۆمارکردنی ١٠ حاڵەتی ژنکوژی لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ لانی کەم ١٠ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران کوژراون کە کوژرانی ٩ کەسیان بە دەستی کەسانی نزیکی خۆیان وەکوو هاوژینەکەیانەوە بووە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ٧ ژن لەلایەن هاوژینەکەیان، ٢ ژن لەلایەن کەسە نزیکەکانیانەوە و ١ ژنیش بە دەستی کەسێکی نەناسراو کوژراون.
لە سەرجەم ئەو ١٠ حاڵەت ژنکوژییە، ٢ حاڵەت بە پاساوی پاراستنی نامووس بووە و هۆکاری کوژرانی ٧ کەس لەو ژنانە بە کێشەی خێزانی ڕاگەیەندراوە. هەروەها یەک ژن لەلایەن پیاوێکەوە کوژراوە کە مەبەستی دەستدرێژیی سێکسی بووە.
جیاکردنەوەی ژنکوژییەکان بەپێی پارێزگاکان؛
پارێزگای لوڕستان: ٢ حاڵەت
پارێزگاکانی هۆرمۆزگان، تاران، سیستان و بەلووچستان، گوڵستان، مازەندەران، خوراسانی ڕەزەوی، هەمەدان و ئەردەبیل: هەر یەک ١ حاڵەت
ژنکوژی بەرزترین ئاستی دژایەتیی ژنان لە کۆمەڵگادایە. کوشتنی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس تەنیا بەشێک لە ژنکوژییەکان لەخۆ دەگرێت. بنەمای سەرەکیی ژنکوژی لە کۆمەڵگاکاندا مێژوو، بۆنەکان و یاسا پیاوسالار و دژەژنانەکانە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تەنیا لە ساڵی پێشوودا ١٢٢ ژنکوژی لە ئێراندا تۆمارکراوە کە بەشێکی هەرە زۆری ئەو کوشتنانە لەلایەن ئەندامانی بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی ئەو ژنانەوە ئەنجام دراون. یاسا و بیری دژەژنانە ڕقێکی قووڵ دژ بە ژنان ئاسایی دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کوشتنی ژنان بە شێوەیەکی ئاساییتر و بێ تێچووتر ئەنجام بدرێت.