جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ١٢٦ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤

١١ سەرماوەز ٢٧٢٤، ٢٣:١٨

هەنگاو؛ یەکشەممە ١١ی سەرماوەزی ٢٧٢٤

لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم سزای سێدارەی ١٢٦ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی ئۆکتۆبەر کە ١٦١ بەندکراو لەسێدارە درابوون، ٣٥ حاڵەت واتا ٢٢٪ کەم بووەتەوە. ٢٠٪ی هاووڵاتییانی لەسێدارەدراو لە هاووڵاتییانی کورد بوون.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤دا لانی کەم سزای سێدارەی ١٢٦ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. شایانی باسە کە، ناسنامەی ١٢٤ بەندکراو بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و بۆ ناسنامەی ئەو ٢ بەندکراوەی دیکە کە ژن بوون بەدواداچوون دەکرێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەردا لانی کەم سزای سێدارەی ٢٥ بەندکراوی کورد، ١٧ بەندکراوی تورک، ١٥ بەندکراوی بەلووچ، ٨ بەندکراوی گیلەک و ٦ بەندکراوی لوڕ لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. هەروەها لانی کەم ١٠ بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لەسێدارە دراون.

لە ماوەی مانگی ڕابردوودا سزای سێدارەی دوو منداڵی تاوانبار بە ناوەکانی ئاروین قارەمانی تەمەن ٢٠ ساڵ، لە هاووڵاتییانی جووی خەڵکی شاری بۆکان و دانیشتووی کرماشانو هەروەها ئیسمائیل بارکزائی تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی ئەفغانستان جێبەجێ کراوە. ئەو دوو کەسە لە کاتی دەستبەسەرکرانیاندا تەمەنیا ١٨ و ١٧ ساڵ بووە و بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەردا لانی کەم سزای سێدارەی ٣ ژن لە بەندیخانەکانی ڕەشت، خوڕەمئاوا و قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە کە هەر سێ بەندکراو بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.

شایانی باسە کە، لە سەرجەم ئەو ١٢٦ بەندکراوەی کە لە مانگی نۆڤەمبەر لەسێدارە دراون، تەنیا ٢ حاڵەت لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ٥ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بێ‌ئاگاداریی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێ کراوە.

 

جیاکردنەوە بەپێی تۆمەتەکان

لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەر زیاترین لەسێدارەدرانەکان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بوون کە ٦٢ حاڵەت واتا ٥٠٪ی کۆی حاڵەتەکان لەخۆ دەگرێت.

تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان: ٦٢ حاڵەت

کوشتنی بە ئەنقەست: ٦٠ حاڵەت

دەستدرێژیی سێکسی: ٤ حاڵەت

 

جیاکردنەوەی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان لە بەندیخانەکان بەپێی پارێزگا

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا زیاترین سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوان بە ٢٦ حاڵەتەوە لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز تۆمار کراوە. هەروەها لە بەندیخانەی پارێزگاکانی فارس و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات هەر یەک ١٠ حاڵەت، لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئیسفەهان ٩ حاڵەت و پارێزگای گیلان ٨ حاڵەت لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان تۆمار کراوە.

پارێزگای ئەلبۆرز: ٢٦ حاڵەت

پارێزگاکانی فارس و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: هەر یەک ١٠ حاڵەت

پارێزگای ئیسفەهان: ٩ حاڵەت

پارێزگای گیلان: ٨ حاڵەت

پارێزگاکانی هەمەدان و کرمان: هەر یەک ٧ حاڵەت

پارێزگاکانی گوڵستان و خوراسانی ڕەزەوی: هەر یەک ٥ حاڵەت

پارێزگاکانی یەزد، سیستان و بەلووچستان، ئورمیە و زەنجان: هەر یەک ٤ حاڵەت

پارێزگاکانی لوڕستان، قەزوین و قۆم: هەر یەک ٣ حاڵەت

پارێزگاکانی کرماشان، خوراسانی باکوور و خوراسانی باشوور: هەر یەک ٢ حاڵەت

پارێزگاکانی سنە، مەرکەزی، مازەندەران، هۆرمۆزگان، کۆهگیلوویە و بویێرئەحمەد، خووزستان، ئەردەبیل و چوارمەحال و بەختیاری: هەر یەک ١ حاڵەت

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە