دەستبەسەرکرانی ١١٥ هاووڵاتی لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران

١٣ سەرماوەز ٢٧٢٤، ١٠:٥١

هەنگاو؛ سێشەممە ١٣ی سەرماوەزی ٢٧٢٤

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤دا لانی کەم ١١٥ هاووڵاتی کە ناسنامەیان بە تەواوی ئاشکرا کراوە، لە هەموو ئێراندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. زیاترین دەستبەسەرکراوان لە هاووڵاتییانی کورد بوون کە ٤٥ حاڵەت بەرانبەر بە ٣٩٪ی کۆی حاڵەتە تۆمارکراوەکان پێکدێنن.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لانی کەم ١٦ چالاکی ژن، ٣ منداڵ، ٤٥ هاووڵاتیی کورد، ٢٦ هاووڵاتیی بەلووچ، ١٠ هاووڵاتیی تورک، ٤ چالاکی بەهایی و ٢ نوێ‌باوەڕی مەسیحی لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون یان ڕفێندراون و زیاترین حاڵەتەکانی دەستبەسەرکران لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان تۆمار کراوە.

جیاکردنەوەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو بەپێی پارێزگاکان؛

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە زیاترین ژمارەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بوون کە لەو پارێزگایە ٢٦ حاڵەت تۆمار کراوە، هەروەها لە پارێزگای سنە ٢٣ حاڵەت و لە پارێزگای ئورمیە ١٨ حاڵەت لە دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان تۆمار کراوە.

پارێزگای سیستان و بەلووچستان: ٢٦ حاڵەت
پارێزگای سنە: ٢٣ حاڵەت
پارێزگای ئورمیە: ١٨ حاڵەت (١٨ هاووڵاتیی کورد)
پارێزگای تاران: ١٦ حاڵەت (١٥ هاووڵاتیی فارس و ١ هاووڵاتیی تورک)
پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ٩ حاڵەت (٨ هاووڵاتیی فارس و ١ هاووڵاتیی کورد)
پارێزگاکانی فارس و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: ٤ حاڵەت
پارێزگای کرماشان: ٣ حاڵەت
پارێزگای گیلان: ٣ حاڵەت (١ هاووڵاتیی گیلەک، ١ هاووڵاتیی تالێشی و ١ هاووڵاتیی تورک)
پارێزگای خووزستان: ٣ حاڵەت (٣ هاووڵاتیی عەرەب)
پارێزگای ئەردەبیل: ٢ حاڵەت
پارێزگای ئەلبۆرز: ١ حاڵەت (١ هاووڵاتیی تورک)
پارێزگاکانی بووشێهر و مازەندەران: هەر یەک ١ حاڵەت


لانی کەم ٦٢٪ی دەستبەسەرکراوان لە هاووڵاتییانی کورد و بەلووچ بوون

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەردا لانی کەم ٤٥ هاووڵاتیی کورد لە لایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون کە بەرانبەر بە ٣٩٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لە تەواوی ئێران لە ماوەی مانگی ڕابردوو بووە.

هەروەها، مانگی ڕابردوو لانی کەم ٢٦ هاووڵاتیی بەلووچ (واتا ٢٣٪ی کۆی حاڵەتەکان)، ١٠ هاووڵاتیی تورک و ٤ هاووڵاتیی عەرەب دەستبەسەر کراون.

دەستبەسەرکرانی کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکان

دەستبەسەرکرانی پەیڕەوانی کەمینە ئایینی و مەزهەبییەکان لە ئێران لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەر وەکوو ڕابردوو درێژەی بووە و لەو مانگەدا لانی کەم دەستبەسەرکرانی ٦ کەس لە پەیڕەوانی ڕەوتی یەمانی، ٤ چالاکی بەهایی، ٣ چالاکی سوننەمەزهەب، ٢ نوێ‌باوەڕی ئایینی مەسیحی و یەک چالاکی یارسان تۆمار کراوە کە ناوەکانیان لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا دێت.

چالاکانی بەهایی؛

١- وەحید مەعسوومی خەڵکی شیراز

٢- وەحید سابت خەڵکی شیراز

٣- ئیلهام حەقیقەتجوو خەڵکی شیراز

٤- ڕۆزیتا ئیسلامی خەڵکی شیراز

ڕەوتی یەمانی؛

١- حەسەن نەورۆزی خەڵکی توربەتی حەیدەریە

٢- ڕەسووڵ سادات خەڵکی توربەتی حەیدەریە

٣- ئیسماعیل ئیسماعیلزادە خەڵکی توربەتی حەیدەریە

٤- حوسێن هێندئابادی خەڵکی توربەتی حەیدەریە

٥- سەعید زاکری خەڵکی توربەتی حەیدەریە

٦- موجتەبا ئیسماعیلزادە خەڵکی توربەتی حەیدەریە

چالاکانی سوننە مەزهەب؛

١- حافز میربەلووچزەهی خەڵکی میرجاوە

٢- سەعید ڕەخشانی خەڵکی میرجاوە

٣- سەفیەڵڵا سەنجەرانی خەڵکی نێهبەندان

نوێ‌باوەڕانی مەسیحی؛

١- غەزەل مەرزبان جەورشەری خەڵکی ڕەشت

٢- جەواد ئەمینی خەڵکی نەوشار

چالاکانی یارسان؛

١- یەزدان قەنبەری خەڵکی کرماشان

دەستبەسەرکرانی ١٦ ژن و ٣ منداڵ لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم ١٦ چالاکی ژن لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە ١٤٪ی کۆی دەستبەسەرکراوانی ئەو مانگە لەخۆ دەگرن و ناوەکانیان بەو شێوەیە؛

ئاهوو دەریایی، ڕەوشەنەک مەلایی عەلیشاە، زارا ڕەزایی، مەهوەش سەیدالی تەدویی و شیما ئەعزەم فەرزان دانیشتووانی تاران، ژینا مودەڕیس گورجی، فەریبا مورادیان و سەیران خەسرەوی خەڵکی سنە، ئێلهام حەقیقەتجوو و ڕۆزیتا ئیسلامی خەڵکی شیراز، مریەم ڕەشیدی خەڵکی ماکۆ، ڕەحیمە دێهمۆردە خەڵکی تەفتان، ئێلهام قادری خەڵکی پیرانشار، نگار دەباغی خەڵکی تەورێز، سەحەر مەمیزادە خەڵکی ئەردەبیل و غەزەل مەرزبان جەورشەری خەڵکی ڕەشت.

هەروەها، لانی کەم ٣ منداڵی ژێر ١٨ ساڵ لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە لە هاووڵاتییانی کورد، تورک و بەلووچ بوون و ناوەکانیان بەو شێوەیە؛

١- سینا ئەسەدی حەکیم تەمەن ١٥ ساڵ خەڵکی سەوڵاوا

٢- عارف قولیجانی تەمەن ١٨ ساڵ خەڵکی تەفتان

٣- نگار دەباغی تەمەن ١٧ ساڵ خەڵکی تەورێز

دەستبەسەرکرانی لانی کەم یەک خوێندکاری زانکۆ و ٦ مامۆستای قوتابخانە لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤

لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤ گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان لەسەر مامۆستایان و خوێندکاران درێژەی هەبووە و لانی کەم یەک خوێندکاری زانکۆ و ٦ مامۆستای قوتابخانە لەو مانگەدا لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

مامۆستایانی دەستبەسەرکراو؛

١- محەممەد حەبیبی ٢- محەممەد حەسەنپوورە ٣- ڕزگار ڕۆشنی ٤- فەرشاد سەرایی ٥- ئازاد خادم ٦- سارۆ عەزیزی

خوێندکارانی دەستبەسەرکراو؛

١- ئاهوو دەریایی

دەستبەسەرکرانی چالاکانی میدیایی لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەر

لە مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم دوو ڕۆژنامەنووس بە ناوەکانی سەعید حوسێنینژاد و ژینا مودەڕیس گورجی لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی ڕەزوانشار و سنە دەستبەسەر کراون.

دەستبەسەرکرانی نووسەران و هونەرمەندان

لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤، لانی کەم یەک نووسەر بە ناوی فەرشاد سەرایی لە تاران لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.

ناسنامەی تەواوی ئەو ١١٥ کەسە لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تۆمار کراوە. کەڵکوەرگرتن لەو ئامارە بە هێنانی ناوی سەرچاوەکەی ڕێگەپێدراوە. ئەو ئامارە تەنیا ئەو حاڵەتانە لەخۆ دەگرێت کە ناسنامەیان بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە