ڕاپۆرتی مانگانەی هەنگاو لەسەر پێشێلکرانی مافەکانی ژنان لە ئێران، نۆڤەمبەری ٢٠٢٤

١٥ سەرماوەز ٢٧٢٤، ١٣:٢٣

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٤

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤دا لانی کەم ١٦ چالاکی ژن دەستبەسەر کراون و ١٩ چالاکی ژنیش لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای بەندکران، سێدارە و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە. لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ١٧ حاڵەتی ژنکوژی و جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ٤ ژنی بەندکراو لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا تۆمار کراوە.

جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنان لە ئێران

لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤ لانی کەم سزای سێدارەی ٤ ژن لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە کە بەرانبەر بە ٣.٢٪ی کۆی حاڵەتی لەسێدارەدرانەکان لە ماوەی مانگی ڕابردوو بووە. بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتەکانی هەنگاو لەو مانگەدا سزای سێدارەی دوو ژن بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە بەندیخانەکانی خوڕەمئاوا و قزڵحیسار و دوو ژن بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە لە بەندیخانەکانی ڕەشت و تەورێز جێبەجێ کراوە کە ناسنامەی دوو کەسیان بەو شێوەیە؛

١- ماهرۆخ خانی خەڵکی تەورێز کە لە بەندیخانەی تەورێز لەسێدارە درا.

٢- فەریبا مەلەکی شیراوەند خەڵکی چێگینی کە لە بەندیخانەی خوڕەمئاوا لەسێدارە درا.

هەروەها بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو دوو ژنەی کە لە بەندیخانەکانی ڕەشت و قزڵحیساری کەرەج لەسێدارە دراون بەدواداچوون دەکرێت.

 

دەستبەسەرکرانی ١٦ ژن لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤

بەپشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤، لانی کەم ١٦ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەستبەسەر کراون کە ١٤٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لەو مانگەدا بوون و ٥ کەس لەوان لە چالاکانی ژنی کورد، ٣ کەس لە چالاکانی تورک و دوو کەس لە هاووڵاتییانی بەهایی بوون.

ناسنامەی ژنانی دەستبەسەرکراو بەو شێوەیە؛

تاران: ١- ئاهوو دەریایی ٢- ڕەوشەنەک مەلایی عەلیشا ٣- زارا ڕەزایی ٤- مەهوەش سەیدالی تەدویی ٥- شیما ئەعزەم فەرزان ٦- غەزەل مەرزبان جەورشەری

سنە: ٧- ژینا مودەڕیس گورجی ٨- فەریبا مورادیان ٩- سەیران خەسرەوی

شیراز: ١٠- ئیلهام حەقیقەتجوو ١١- ڕۆزیتا ئیسلامی

ماکۆ: ١٢- مریەم ڕەشیدی

پیرانشار: ١٣- ئیلهام قادری

تەفتان: ١٤- ڕەحیمە دێهمۆردە

تەورێز: ١٥- نگار دەباغی

ئەردەبیل: ١٦- سەحەر مەمیزادە

 

سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر چالاکانی ژندا

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤دا لانی کەم ١٧ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران سەرجەم سزای ١١٧ ساڵ و ٥ ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. سەرەڕای ئەو سزایانە وریشە مورادی چالاکی ژنی کورد سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە و ڕۆشەنەک مۆلایی عەلیشا سزای لێدانی ٧٤ قامچیی بەسەردا سەپێندراوە.

ناسنامەی ئەو ژنانەی سزای بەندکران، سێدارە و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە بەو شێوەیە؛

١- وریشە مورادی چالاکوانی کوردی خەڵکی شاری سنە، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.

٢- ئاوا نەسیری خەڵکی ئیسفەهان، سزای ١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٣- مەهشاد کشانی خەڵکی ئیسفەهان، سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٤- هۆدا سادقی خەڵکی ئیسفەهان سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٥- مریەم فەرهەنگ خەڵکی ئیسفەهان سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٦- مینا ندایی خەڵکی ئیسفەهان سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٧- بەهار سولەیمانی خەڵکی ئیسفەهان سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٨- سیما تورکیان خەڵکی ئیسفەهان سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

٩- زەینەب پەرەندە خەڵکی ئیسفەهان سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

١٠- شەمیم بەهارزادە، چالاکوانی بەهایی دانیشتووی ئیسفەهان سزای ٨ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

١١- مینوو حەیدەری خەڵکی ئیسفەهان سزای ١١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

١٢- مەرجان بەشتام چالاکوانی بەهایی دانیشتووی ئیسفەهان سزای ١١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

١٣- سەمانە عەمووشاهی خەڵکی ئیسفەهان سزای ٢٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

١٤- سروە شیری خەڵکی بۆکان سزای ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

١٥- عاتفە ڕەنگریز خەڵکی دامغان سزای ٧ ساڵ و ٧ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

١٦- شیما ئەعزەم فەرزان دانیشتووی تاران سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

١٧- ئەعزەم ئاهوو قەلەندەر خەڵکی کەرەج سزای ٦ ساڵ و ٢ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

١٨- نەسرین شاکەرەمی خەڵکی خوڕەمئاوا سزای ١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

١٩- ڕەوشەنەک مەلایی عەلیشاە خەڵکی تەورێز سزای لێدانی ٧٤ قامچیی بەسەردا سەپێندراوە.

دەستبەسەرکران و سزادانی ژنان یەکێک لە شێوە جێکەوتووەکانی هەڵاواردن لە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە. لە دوای شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" گوشارەکان لەسەر چالاکانی ژن قەبارەیەکی بەربڵاوتر و سەختتری بەخۆیەوە دیتووە. کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی ڕێکخراوانە بەردەوام لە کاتی هاتنە سەرکارییەوە هەوڵی داوە تا ئەو جێی بۆی دەکرێت گۆڕەپانی چالاکیی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مافی مرۆڤی بۆ ژنان بەرتەسکتر بکاتەوە. سیاسەتەکانی جیاکردنەوەی سێکسی و ڕەگەزی و هەروەها پەراوێزخستنی زیاتری کۆمەڵگای کەمینە سێکسی و ڕەگەزییەکان لە ڕێگای بە سزاناساندنی ناسنامەیانەوە یەکێک لە سیاسەتە جددییەکانی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئێراندایە.

 

تۆمارکردنی ١٧ حاڵەتی ژنکوژی لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤ لانی کەم ١٧ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران کوژراون کە کوژرانی ١٥ کەسیان بە دەستی کەسانی نزیکی خۆیان وەکوو هاوژینەکەیانەوە ڕوویداوە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ١١ ژن لەلایەن هاوژینەکەیان، ١ ژن لەلایەن هاوژینی پێشوو، ٣ ژن بە دەستی کوڕ، برا و باوکەکانی خۆیان، ژنێک بەدەستی خاوەنکارەکەی و یەک ژنیش لەلایەن کەسانی نەناسراو کوژراون.

لە سەرجەم ئەو ١٧ حاڵەت ژنکوژییە، لانی کەم ١٣ حاڵەت بەهۆی کێشەی خێزانی ڕاگەیەندراون. هەروەها یەک ژن بەهۆی دزی لێکردن کوژراوە و هۆکاری کوژرانی ٣ ژنیش نادیارە.

جیاکردنەوەی ژنکوژییەکان بەپێی پارێزگاکان؛

پارێزگای تاران: ٦ حاڵەت
پارێزگاکانی ئیلام، فارس و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: هەر یەک ٢ حاڵەت
پارێزگاکانی کۆهگیلوویەو بوویێرئەحمەد، گوڵستان، هەمەدان، خوراسانی ڕەزەوی و خووزستان: هەر یەک ١ حاڵەت

ژنکوژی بەرزترین ئاستی دژایەتیی ژنان لە کۆمەڵگادایە. کوشتنی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس تەنیا بەشێک لە ژنکوژییەکان لەخۆ دەگرێت. بنەمای سەرەکیی ژنکوژی لە کۆمەڵگاکاندا مێژوو، بۆنەکان و یاسا پیاوسالار و دژەژنانەکانە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تەنیا لە ساڵی پێشوودا ١٢٢ ژنکوژی لە ئێراندا تۆمارکراوە کە بەشێکی هەرە زۆری ئەو کوشتنانە لەلایەن ئەندامانی بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی ئەو ژنانەوە ئەنجام دراون. یاسا و بیری دژەژنانە ڕقێکی قووڵ دژ بە ژنان ئاسایی دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کوشتنی ژنان بە شێوەیەکی ئاساییتر و بێ تێچووتر ئەنجام بدرێت.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە