ڕاپۆرتی ساڵانە؛ پێشێلکرانی بەرفراوانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤

١١ بەفرانبار ٢٧٢٤، ٢٣:٥٧

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی گشتگیر لەسەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤، لەسەر جێی نیگەرانیبوونی بەربڵاویی قەبارەی پێشێلکرانی مافە سەرەکییەکانی هاووڵاتییان پێداگری دەکات. ئەو ڕاپۆرتە ئامارییە، کە بەپێی زانیارییە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ئەم ڕێکخراوە ئامادە کراوە، وێنەیەک لە زیاتربوونی لەسێدارەدرانەکان، دەستبەسەرکرانە سەرەڕۆیانەکان، توندوتیژیی ڕێکخراوانە و حاڵەتەکانی دیکەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە تەواوی ئێران نیشان دەدات.

 

بەپێی زانیارییە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ئەو ڕێکخراوە، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤:

٩٠١ بەندکراو لەسێدارە دراون.

٣٣٩ کۆڵبەر کوژراون یان بریندار کراون.

٥٧ هاووڵاتی قوربانیی تەقینەوەی مین و ماددە تەقەمەنییەکان بوون.

٢٢ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران گیانیان لەدەست داوە.

١٢٣٥ هاووڵاتی کە ناسنامەیان ئاشکرا کراوە، دەستبەسەر کراون.

٣٣ چالاکی سیاسی و ناڕازی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.

٤٦٨ چالاکی سیاسی سەرجەم سزای ١٦٨٤ ساڵ و ٨ مانگ و ٢٠ ڕۆژ بەندکران، ٩٤ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و لێدانی ٢٥٤٧ قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.

لانی کەم ١٨٢ ژن بەهۆی توندوتیژیی خێزانی لە لایەن ئەندامانی بنەماڵەی خۆیانەوە کوژراون.

وردەکارییەکانی ڕاپۆرتی شڕۆڤەکراوەی هەنگاو لەسەر هەر یەک لەو بابەتانە لە ڕۆژانی داهاتوودا بڵاو دەکرێتەوە.

 

لەسێدارەدرانی لانی کەم ٩٠١ بەندکراو لە ساڵی ٢٠٢٤

بەپێی زانیارییە تۆمارکراوەکان، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ی زایینیدا سزای سێدارەی ٩٠١ بەندکراو لە بەندیخانە جۆراوجۆرەکانی ئێران جێبەجێ کراوە کە ناسنامەی ٨٥٢ کەسیان لە لایەن هەنگاو ئاشکرا کراوە. لە نێوان لەسێدارەدراوەکاندا، ١٣ کەس بە تۆمەتی چالاکی سیاسی، مەزهەبی یان بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» لەسێدارە دراون کە ١٠ کەسیان لە بەندکراوانی کورد بوون.

١٨٣ بەندکراوی کورد (٢٠.٥٪ی کۆی ئامارەکان)، ١١٩ بەندکراوی تورک (١٣٪) و ١١٠ بەندکراوی بەلووچ (١٢٪) لەسێدارە دراون. هەروەها ٥٨ بەندکراوی لوڕ، ٣٠ بەندکراوی گیلەک، و ٧٣ بەندکراوی ئەفغان لە نێوان لەسێدارەدراوەکاندا بوون.

سزای سێدارەی ٣٠ ژن و ٥ منداڵ کە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەیاندا تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە، جێبەجێ کراوە.

ئەو تۆمەتانەی بوونەتە هۆی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوانە؛

زیاترین لەسیدارەدرانەکان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بوون:

٤٧٢ کەس (٥٢٪ی سەرجەم لەسێدارەدراوەکان) بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان.

٣٦٧ کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست.

 

بارودۆخی بەندیخانەکان: گیانبەختکردووانی ساڵی ٢٠٢٤

بەپێی زانیارییە تۆمارکراوەکان لە لایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤دا لانی کەم ٢٢ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران گیانی خۆیان لەدەست داوە. لەو ژمارە:

٩ کەس بەهۆی ئەشکەنجەدران گیانیان لەدەست داوە، کە بریتی لە ٥ بەندکراوی کورد، ٢ بەندکراوی بەلووچ و ٢ بەندکراوی تورک و گیلەک بوون.

٨ کەس بەهۆی دەستڕانەگەیشتن بە خزمەتی پزیشکی یان دواخستنی گواستنەوەیان بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گیانیان لەدەست داوە.

٥ کەس لە ئەنجامی هەوڵی خۆکوشتن لە بەندیخانە گیانیان لەدەست داوە.

لەو ژمارە، ٤ کەس لە بەندکراوانی سیاسی (بریتی لە ٣ بەندکراوی کورد و ١ بەندکراوی بەلووچ) بوون کە گیانیان لەدەست داوە. گیانبەختکردووانی دیکە بریتی بوون لە:

٦ کەس بە تۆمەتی سزا ئاساییەکان،

٢ کەس بە تۆمەتی دزی،

٤ کەس بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست،

٥ کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و ١ کەس بە تۆمەتی بارمەتەگرتنی مرۆڤ.

بەرزین حەمزەزادە، منداڵی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی سەردەشت و مێهران کەرەمی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری تیکاب، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» بوون کە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست دا.

بەپێی ئامارەکانی هەنگاو:

٤١٪ی گیانبەختکردووان (٩ کەس) لە بەندکراوانی کورد،

٦ کەس بەلووچ،

٤ کەس تورک و ٢ کەس گیلەک بوون.

لەبارەی بەندکراوێک کە لە تاران گیانی لەدەست داوە، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە و تەنیا میدیا حکومەتییەکان ڕاپۆرتیان لەسەر بڵاو کردووەتەوە.

 

دەستبەسەرکرانە نایاسایی و سەرەڕۆیانەکان: تۆمارکردنی ناسنامەی ١٢٣٥ بەندکراو

لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤، لانی کەم ١٢٣٥ بەندکراو لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون یان ڕفێندراون کە ناسنامەی تەواوی ئەو کەسانە بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.

لە نێوان سەرجەم دەستبەسەرکراواندا؛

٦٣٠ کەس (٥١٪) کورد

٢٠٠ کەس (١٦.٥٪) بەلووچ

١١٣ کەس تورک

٣٩ کەس گیلەک

٣٨ کەس لوڕ و ٢٦ کەس عەرەب بوون.

هەروەها:

٤٥ منداڵ و مێرمنداڵی ژێر ١٨ ساڵ تەمەن دەستبەسەر کراون کە بریتی لە ٢١ منداڵ و مێرمنداڵی بەلووچ، ٢٠ هاووڵاتیی کورد، ٢ هاووڵاتیی لوڕ و ٢ هاووڵاتیی تورک بوون.

لە نێوان دەستبەسەرکراواندا، ١٣٧ کەس ژن، ٣٤ کەس مامۆستای قوتابخانە و زانکۆ، ٣١ خوێندکاری زانکۆ، ٣٧ چالاکی میدیایی، ٢٨ هونەرمەند و ٣٨ کەس لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان بوون.

لە نێوان دەستبەسەرکراواندا، ١٢٧ کەسیش لە چالاکانی مەزهەبی بوون:

٧٦ کەس سوننە مەزهەب، کە زۆربەیان کورد و بەلووچ بوون،

٢٧ کەس بەهایی،

١٠ کەس لە نوێ‌باوەڕانی ئایینی مەسیحی و ٣ کەس لە کۆمەڵگای یارسانەکان بوون.

دەستبەسەرکراوانی دیکە لە شێخەکانی گۆناباد و پەیڕەوانی یەمانی بوون.

 

قوربانییانی تەقینەوەی مین و ماددە تەقەمەنییەکان

لە سالی ٢٠٢٤، لانی کەم هاووڵاتی لە ئێران قوربانیی تەقینەوەی مین یان ماددە تەقەمەنییەکان کراون. ئەو مینانە بریتی لە پاشماوەی تەقەمەنییەکانی شەڕی نێوان ئێران و عێراق و مینە چێندراوەکانی سوپای پاسداران بوون.

لەو ژمارە:

١٩ کەس گیانیان لەدەست داوە.

٣٨ کەس بریندار بوون یان ئەندامێکی جەستەیان بڕدراوەتەوە.

وردەکارییەکانی قوربانییان:

٢٣ کەس لە هاووڵاتییانی کورد بوون.

١٧ کەس لە هاووڵاتییانی ئەفغانستانی بوون.

زیاترین قوربانییان بریتی لە ١٥ هاووڵاتیی مەدەنی و ١٦ کۆڵبەر و سووتەمەنیبەر بوون.

٦ کەس لە هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران قوربانیی تەقینەوەی مین بوون.

لە نێوان قوربانییاندا:

٥ منداڵ و ٤ ژن بریندار کراون کە ١٥.٨٪ی کۆی قوربانییان پێکدێنن.

ئەو ئامارە نیشان دەدات کە مەترسیی مینە چێندراوەکان بۆ هاووڵاتییان لە ئێران، بەتایبەت لە ناوچە سنووری و کەمتر گەشەپێدراوەکان تا ئێستاش درێژەی هەیە.

 

سەپاندنی سزای قورسی سێدارە، بەندکران و لێدانی قامچی بەسەر چالاکانی سیاسی، مەدەنی و مەزهەبیدا؛

لە ساڵی ٢٠٢٤، لانی کەم ٥٠٦ چالاکی سیاسی، مەزهەبی و مەدەنی لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دادگایی کراون و سزای سێدارە، بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.

٣٨ کەس لەنێوان ئەو هاووڵاتییانەدا سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە کە سزای ٥ کەسیان لە دادگای پێداچوونەوەدا ڕەت کراوەتەوە.

لە نێوان ئەو ٣٣ کەسەی کە تا ئێستاش لەگەڵ سزای سێدارە ڕووبەروون:

١١ کەس لە هاووڵاتییانی کورد،

٢ هاووڵاتی تورک،

٤ هاووڵاتی بەلووچ و ٢ هاووڵاتی عەرەب بوون.

سێ ژنی بەندکراو بەناوەکانی پەخشان عەزیزی، وریشە مورادی و شەریفە محەممەدی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە. سەرەڕای ئەوەی سزای سێدارەی شەریفە محەممەدی ڕەت کراوەتەوە، ئەو دوو بەندکراوە کوردەی دیکە تا ئێستاش مەترسیی جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەیان لەئارادایە.

سەرەڕای ئەوە:

٤٦٨چالاکی سیاسی، مەزهەبی و مەدەنی سزای بەندکران، لێدانی قامچی و بێبەشکردنی کۆمەڵایەتییان بەسەردا سەپێندراوە.

زیاتر لە ٣٠٪ی ئەو هاووڵاتییانەی سزایان بەسەردا سەپێندراوە (١٥٣ کەس) لە هاووڵاتییانی کورد و ١٣٢ کەس لە کەمینە نەتەوەییەکانی دیکە وەکوو تورک ، بەلووچ، عەرەب، لوڕ و گیلەک بوون.

زیاترین مەحکوومانی مەزهەبی ٤١ کەس لە هاووڵاتییانی بەهایی بوون.

ئەو چالاکانە سەرجەم سزای:

١٦٨٤ساڵ و ٨ مانگ و ٢٠ ڕۆژ بەندکران،

١٣٨٥ لێدانی قامچی و ١٦ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراویان بەسەردا سەپێندراوە.

لە نێوان ئەو هاووڵاتییانەی سزایان بەسەردا سەپێندراوە:

٥ منداڵ سزای بەندکران و لێدانی قامچی و ١٣٥ ژن سزای سێدارە، بەندکران یان لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە کە ئەو ژمارە ٢٦.٥٪ی سەرجەم حاڵەتەکان لەخۆ دەگرێت.

 

زیاتربوونی بەرچاوی قوربانییانی کۆڵبەری: ٣٣٩ کوژراو و بریندار

بەپێی ئامارەکانی هەنگاو لە ساڵی ٢٠٢٤، کوژرانی کۆڵبەران بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە:

٥٧ کۆڵبەر و کاسبکار کوژراون و ٢٨٢ کۆڵبەر بریندار کراون.

لەو ژمارە:

٨١٪ (٤٢ کوژراو و ٢٣١ بریندار) بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوونەتە قوربانی.

حاڵەتەکانی دیکە بەهۆی تەقینەوەی مین، بەربوونەوەی بەفر و ڕندوو، ڕەقبردنەوە و ڕووداوە سروشتییەکانی دیکەوە قوربانی بوون.

وردەکاریی زیاتر:

کۆڵبەرێکی تەمەن ١٥ ساڵ گیانی لەدەست دا و ١٨ منداڵی کۆڵبەر بریندار کران.

زیاترین ژمارەی قوربانییان لە پارێزگای سنە بە ١٥٧ حاڵەت و لە پارێزگای کرماشان بە ١٥٠ حاڵەتەوە تۆمار کراون.

ئەو ئامارە سەلمێنەری زیاتربوونی توندوتیژییە ڕێکخراوانەکانی دژ بە کۆڵبەران، بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکانە.

 

کوژرانی ١٨٢ ژن لە ساڵی ٢٠٢٤

بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی، کوژرانی لانی کەم ١٨٢ ژن لە ئێران تۆمار کراوە. لە نێوان ئەو حاڵەتانەدا، ٢٨ حاڵەت (١٥.٥٪) بە پاساوی ئەوەی بە "پاراستنی نامووس" ناو دەبردرێت، ڕوویداوە.

ئەو پارێزگایانەی زیاترین ئاماری ژنکوژییان تێدا تۆمار کراوە:

تاران: ٤٦ حاڵەت

فارس: ١٥ حاڵەت

ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: ١٣ حاڵەت

خوراسانی ڕەزەوی: ١٢ حاڵەت

ئیلام: ٩ حاڵەت

زۆربەی ئەو قوربانییانە لە لایەن نزیکترین کەسانی خۆیان وەکوو هاوژین، باوک، برا و ئەندامانی دیکەی بنەماڵەکەیانەوە کوژراون.

 

لێکۆڵینەوە لەسەر بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠٢٤

ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ وێنەیەکی ڕاچڵەکێنەرە لە دۆخی قەیراناویی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە.

زیاتربوونی بەرچاوی جێبەجێکرانی سزای سێدارە، دەستبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و گوشارەکان لەسەر بەشە نەپارێزراوەکانی کۆمەڵگا وەکوو ژنان، کۆڵبەران و چالاکانی مەدەنی تەنیا بەشێک لەو قەیرانەیە.

سەرەڕای ئەوە، هەڵاواردنی نەتەوەیی، ئیتنیکی، ڕەگەزی، سێکسی و مەزهەبی لەگەڵ سەرکوتکردنی سەختی چالاکانی سیاسی و مەدەنی، سەلمێنەری نەبوونی دادپەروەری و ئازادیی ڕادەربڕین لە ئێراندایە.

ئەو بارودۆخە، پێویستیی کردەوەیەکی دەستبەجێی کۆمەڵگای جیهانی و ناوەندە بەرگریکارەکان لە مافەکانی مرۆڤ زیاتر لە ڕابردوو دەردەخات.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆمەڵگای جیهانی بە پشتبەستن بە بنەماکانی "بەرپرسیارێتیی پاڵپشتی"، دەبێت گوشارێکی زیاتر بەمەبەستی ڕاگرتنی ئەو پێشێلکرانە بەربڵاوانە بخەنە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران.

ژنکوژی و سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی

سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە ژنان، نیشاندەری پێشێلکرانی ڕێکخراوانەی مافەکانی ژنان و کەمینە ڕەگەزی و سێکسییەکانە. لەو سیاسەتانەدا:

ژیانی ژنان لە تەواوی قەبارە سیاسی و کۆمەلایەتییەکاندا بێبایەخ بە هەژمار دێت.

 

ژنکوژی ئاسایی و بێ‌تێچوو ئەنجام دەدرێت.

هۆکارە دژەژنانە و نامووسییەکان بەجێی شەرمەزارکردن، لە سێبەری بوونی ئەو دەسەڵاتەدا زیاتر پەرە دەستێنن.

کۆماری ئیسلامی نە تەنیا بە سیاسەتەکانییەوە بووەتە هۆی ئاساییبوونەوەی ئەو توندوتیژییانە، بەڵکوو بە سەرکوت و دەستبەسەرکردنی ئەو چالاکانەی کە بۆ ئاشکراکردنی توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان هەوڵ دەدەن، ڕێگری ئالوگۆڕە بنەڕەتییەکان لەو بوارەدایە.

هەنگاو هۆشداری دەدات کە ئاماری ڕاستیی ژنکوژییەکان زۆر زیاتر لەو ژمارەیە کە لە هەواڵ و میدیاکاندا بڵاو دەکرێتەوە. هەروەها نەبوونی ئامارێکی دروست لەسەر ئاستی توندوتیژیی سیاسی و کۆمەڵایەتی دژ بە کەمینە ڕەگەزی و سێکسییەکان لە ئێران، نیگەرانیی زیاتر دێنێتە ئاراوە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو داوا لە کۆمەڵگای جیهانی و خەڵکی ئێران دەکات کە سەبارەت بە ئاساییبوونەوەی کوشتنی ژنان و کەمینە ڕەگەزی و سێکسییەکان ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕن. ئەو ڕێکخراوە پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە پاڵپشتی لەو چالاکانەی کە لە بەرانبەری ئەو توندوتیژییانە و هەوڵ بۆ ئاشکراکردنیان چالاکی دەکەن، پێویستە. هەنگاو داوای کردەوەی جددی و کاریگەری لە کۆمەڵگای جیهانی و ناوەندە مافی مرۆڤییەکان هەیە تا ئەو بارودۆخە جێی نیگەرانییە ڕابوەستێت و مافە مرۆڤییەکانی ژنان و کەمینەکان ڕێزیان لێ بگیردرێت.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە