جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ١٣٨ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی مانگی دیسەمبەری ٢٠٢٤
هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٤
لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم سزای سێدارەی ١٣٨ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی نۆڤەمبەر کە ١٢٦ بەندکراو لەسێدارە درابوون، ١٢ حاڵەت واتا ٩.٥٪ زۆرتر بووە. ٢٠٪ی هاووڵاتییانی لەسێدارەدراو لە هاووڵاتییانی کورد بوون.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی دیسەمبەری ٢٠٢٤دا لانی کەم سزای سێدارەی ١٣٨ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. شایانی باسە کە، ناسنامەی ١٣٧ بەندکراو بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و بۆ ناسنامەی ئەو یەک بەندکراوەی دیکە بەدواداچوون دەکرێت.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی دیسەمبەردا لانی کەم سزای سێدارەی ٢٨ بەندکراوی کورد، ٢٢ بەندکراوی بەلووچ، ١٥ بەندکراوی تورک، ١٢ بەندکراوی لوڕ و ٦ بەندکراوی گیلەک لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. هەروەها لانی کەم ٩ بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لەسێدارە دراون.
لە ماوەی مانگی دیسەمبەردا لانی کەم سزای سێدارەی ٦ ژن لە بەندیخانەکانی ئیلام (٢ حاڵەت)، ئیسفەهان، زەنجان، یەزد و ساری جێبەجێ کراوە کە هەر شەش کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
شایانی باسە کە، لە سەرجەم ئەو ١٣٨ بەندکراوەی کە لە مانگی دێسەمبەر لەسێدارە دراون، تەنیا ٣ حاڵەت لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ٦ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بێئاگاداریی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێ کراوە.
جیاکردنەوە بەپێی تۆمەتەکان
لە ماوەی مانگی دیسەمبەردا زیاترین لەسێدارەدرانەکان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بوون کە ۷۵ حاڵەت واتا ٥۴.۵٪ی کۆی حاڵەتەکان لەخۆ دەگرێت.
تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان: ۷۵ حاڵەت
کوشتنی بە ئەنقەست: ٦۱ حاڵەت
دزیی چەکدارانە: ۲ حاڵەت
جیاکردنەوەی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان لە بەندیخانەکان بەپێی پارێزگا
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا زیاترین سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوان بە ١٩ حاڵەتەوە لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز تۆمار کراوە. هەروەها لە بەندیخانەی پارێزگاکانی ئیسفەهان ١٤ حاڵەت و فارس ١١ حاڵەت لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان تۆمار کراوە.
پارێزگای ئەلبۆرز: ١٩ حاڵەت
پارێزگای ئیسفەهان: ١٤ حاڵەت
پارێزگای فارس: ١١ حاڵەت
پارێزگاکانی یەزد و سیستان و بەلووچستان: هەر یەک ١٠ حاڵەت
پارێزگای گیلان: ٩ حاڵەت
پارێزگای ئورمیە: ٨ حاڵەت
پارێزگای خوراسانی باشوور: ٧ حاڵەت
پارێزگاکانی خوراسانی ڕەزەوی و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: هەر یەک ٦ حاڵەت
پارێزگاکانی ئیلام، لوڕستان، هەمەدان، مازەندەران، قوم، قەزوین و کرمان: هەر یەک ٤ حاڵەت
پارێزگاکانی خووزستان، مەرکەزی و گوڵستان: هەر یەک ٢ حاڵەت
پارێزگاکانی کرماشان، کۆهگیلوویە و بویێرئەحمەد، زەنجان و سمنان: هەر یەک ١ حاڵەت