مانگرتنی بەرفراوان لە کوردستان بە نیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی

هەنگاو؛ چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤
کاسبکاران و دووکاندارانی لانی کەم ١٣ شاری کرماشان، پاوە، شاباد، سنە، مەریوان، سەقز، دیواندەرە، مەهاباد، بۆکان، کامێران، قوروە، بانە و ئیلام لە وەڵامی بانگەوازی حیزب و ڕێکخراوە سیاسی و ناوەندە مافی مرۆڤییەکانی کوردستان، بەشێوەیەکی بەربڵاو مانیان گرت.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو لە سەرچاوە بڕواپێکراوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٢ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، سەرەڕای هەڕەشە و گوشاری دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، مانگرتنی گشتی لە شارەکانی کوردستان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین سەبارەت بە سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی بەڕێوە چوو.
سەرکوتی بەربڵاو و لە پێشگرتنی ڕێوشوێنێک بەمەبەستی تۆڵەسەندنەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە
هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە فەرمانی عەلیڕەزا ڕەزاپوور، داواکاری گشتی و شۆڕشی شاری سەقز، هەڕەشەیان لە کاسبکارانی ئەو شارە کردووە و دوکانی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانیان داخستووە. ڕاپۆرتەکان نیشان دەدەن کە بە ئامادەبوونی ڕاستەوخۆی عەلیڕەزا ڕەزاپوور، ئەو هێزانە دەرکەی زۆر یەک لە دوکانەکانیان شکاندووە و زیانێکی زۆریان بە شوێنی کاری هاووڵاتییان گەیاندووە.
هەروەها بەمەبەستی دەستنیشانکردنی دووکاندارانی ناڕازی، هێزە ئەمنییەکان دەرکەی دووکانەکان، مۆڵە بازرگانی و پاساژەکانیان ڕەنگ کردووە کە ئەگەری هەڵسوکەوتی نایاسایی لە ڕۆژانی داهاتوو لە لایەن ئەو هێزانەوە زیاتر دەکاتەوە. هەروەها لە سنە، مەهاباد و دیواندەرە دەیان دووکان بەهۆی بەشداری لە مانگرتنەکان داخراون.
گوشاری دەسەڵاتداران بەمەبەستی ڕێگری لە مانگرتنەکان
لە بەرەبەرەی مانگرتندا، ئارەش لهۆنی، پارێزگاری سنە، بەمەبەستی ڕێگری لە بڵاوتربوونەوەی مانگرتنەکان، لە دانیشتنێک لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە چالاکانی مەدەنیدا، بە بەڵێنی ناڕاستی هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی، هەوڵی دابوو هاووڵاتییانی ئەو شارە لە بەشداریکردن لە مانگرتن پاشگەز بکاتەوە.
هەروەها هێزە ئەمنییەکان بە هەڕەشەکردن لە خەڵکی کوردستان لە ڕێگای ناردنی کورتە پەیام و بانگکردنی زیاتر لە ٥٠٠ چالاکی کورد و هۆشداریی ئەمنییەوە هەوڵی ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی ئەو مانگرتنەیان دابوو.
ئامادەبوونی هێزە سەربازییەکان و هەڕەشەی ئەمنی
هاوکات لەگەڵ مانگرتنی بەربڵاو لە شاری شاباد، هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فڕینی هەلیکۆپتەری سەربازی لەسەر ئەو شارە هەوڵی سازکردنی کەشی ترس بۆ هاووڵاتییانی شابادییان داوە.
پاڵپشتی بەربڵاو لە مانگرتنەکان و داوای لە پێشگرتنی ڕێوشوێنێک لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی
ئەو مانگرتنە بەبۆنەی بانگەوازی شەش حیزبی سیاسیی کوردستان و بە پاڵپشتیی ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان و چالاکانی مەدەنی، بە بەشداریی بەرچاوی هاووڵاتییانەوە بەڕێوە چووە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو پێشتر وێڕای پاڵپشتی لەو چالاکییە مەدەنییە، داوای لە کۆمەڵگای ئێران و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان کردبوو کە بێجگە لە ڕەنگدانەوەیەک سەبارەت بەو بانگەوازە، بە لە پێشگرتنی ڕێوشوێنێک لە جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەو هاووڵاتییانە ڕێگری بکەن.
مانگرتن لە بەندیخانەی ئێڤین لە پاڵپشتی لە ناڕەزایەتییەکانی کوردستان
هەر لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو بابەتەدا، ژمارەیەک لە بەندکراوانی ژنی بەندیخانەی ئێڤین، بە نیشانەی پاڵپشتی لە مانگرتنی گشتیی خەڵکی کوردستان دژ بە سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە مانیان لە خواردن گرت.
مانگرتنی بەرفراوانی کوردستان بە نیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی، سەرەڕای هەڕەشە و سەرکوتی سەختی حکومەتی، پاڵپشتیی خەڵک و بەندکراوانی سیاسیی بووە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو جارێکی دیکەش داوا لە کۆمەڵگای جیهانی، ڕێکخراوە مافی مرۆڤی و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەکات کە بە گوشاری دەستبەجێیان بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەو دوو چالاکە ژنە کوردە ڕێگری بکەن. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نابێت بەرانبەر بە ئەو چەوساندنەوە ڕێکخراوانە و سەپاندنی سزای نامرۆڤانە بەسەر پەخشان و وریشەدا بێدەنگ بێت.