جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ۸۷ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی مانگی جەنیوەریی ٢٠٢٥

١٣ ڕێبەندان ٢٧٢٤، ١٢:٥٠

هەنگاو؛ شەممە ١٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤

لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم سزای سێدارەی ٨٧ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی جەنیوەریی ٢٠٢٤ لانی کەم ١٣ حاڵەت واتا ١٧.٥٪ بەرز بووەتەوە. لە ماوەی مانگی جەنیوەریی ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی ٧٤ بەندکراو جێبەجێ کرابوو.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جەنیوەریی ٢٠٢٥دا لانی کەم سزای سێدارەی ٨٧ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. شایانی باسە کە، ناسنامەی ٨٢ بەندکراو بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و بۆ ناسنامەی ٥ بەندکراوی دیکە بەدواداچوون دەکرێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی جەنیوەری لانی کەم سزای سێدارەی ١٧ بەندکراوی کورد، ١٠ بەندکراوی لوڕ و ٤ بەندکراوی بەلووچ لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. هەروەها لانی کەم ٨ بەندکراوی خەڵکی ئەفغانستان لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لەسێدارە دراون.

لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنان و منداڵانی ژێر ١٨ ساڵ تۆمار نەکراوە.

شایانی باسە کە، لە سەرجەم ئەو ٨٧ بەندکراوەی کە لە مانگی جەنیوەریدا لەسێدارە دراون، تەنیا ٣ حاڵەت لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ٦ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بێ ئاگاداریی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێ کراوە.

جیاکردنەوە بەپێی تۆمەتەکان

لە ماوەی مانگی جەنیوەری زیاترین لەسێدارەدرانەکان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستەوە بوون کە ٥٠ حاڵەت واتا ٥٧.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان لەخۆ دەگرێت.

کوشتنی بە ئەنقەست: ٥٠ حاڵەت
تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان: ٣٥ حاڵەت
دەستدرێژیی سێکسی: ۲ حاڵەت

جیاکردنەوەی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان لە بەندیخانەکان بەپێی پارێزگا

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا زیاترین سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوان بە ٢٠ حاڵەتەوە لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز تۆمار کراوە. بەگشتی لە ٢٠ پارێزگادا سزای سێدارە جێبەجێ کراوە کە دوای ئەلبۆرز زیاترین حاڵەتی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان لە بەندیخانەکانی پارێزگای فارس بە ١٤ حاڵەتەوە تۆمار کراوە.

پارێزگای ئەلبۆرز: ٢٠ حاڵەت
پارێزگای فارس: ١٤ حاڵەت
پارێزگاکانی کرماشان و هورمزگان: هەر یەک ٦ حاڵەت
پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ٥ حاڵەت
پارێزگای ئیسفەهان: ٤ حاڵەت
پارێزگاکانی یەزد، مەرکەزی، لوڕستان، گوڵستان و زەنجان: هەر یەک ٣ حاڵەت
پارێزگاکانی ئورمیە، هەمەدان، کۆهگیلویە و بۆیرئەحمەد، سمنان، خووزستان و بووشێهر: هەر یەک ٢ حاڵەت
پارێزگاکانی سنە، کرمان، قوم، گیلان و مازەندەران: هەر یەک ١ حاڵەت

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە