ڕاپۆرتی مانگانەی هەنگاو لەسەر پێشێلکرانی مافەکانی ژنان لە ئێران، جەنیوەریی ٢٠٢٥

١٦ ڕێبەندان ٢٧٢٤، ١٤:٠٢

هەنگاو؛ سێشەممە ١٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جەنیوەریی ٢٠٢٥دا لانی کەم ٢٠ چالاکی ژن دەستبەسەر کراون و ٣ چالاکی ژنیش لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ١٨ حاڵەتی ژنکوژی لە شارە جیاوازەکانی ئێران تۆمار کراون. لەو مانگەدا هیچ حاڵەتێکی لەسێدارەدرانی ژنان ڕانەگەیێندراوە.

جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنان لە ئێران

لە ماوەی مانگی جەنیوەریی ٢٠٢٥دا هیچ حاڵەتێک لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنان لە بەندیخانەکانی ئێران تۆمار نەکراوە.

دەستبەسەرکرانی ٢٠ ژن لە ماوەی مانگی جەنیوەریی ٢٠٢٥

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جەنیوەریی ٢٠٢٥، لانی کەم ٢٠ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەستبەسەر کراون کە ٩٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لەو مانگەدا پێکدێنن و ٦ کەس لەوان لە چالاکانی ژنی کورد و ١١ کەسیان لە هاووڵاتییانی بەهایی بوون.

 

ناسنامەی ژنانی دەستبەسەرکراو بەو شێوەیە؛

ئیسفەهان؛ ۱- ڕۆیا ئازادخۆش ۲- نەسرین خادمی ۳- موژگان پوورشەفیع ۴- ئازیتا ڕەزوانیخاە ۵- بۆشرا مۆتەهەر ۶- سارا شەکیب ۷- شوورئەنگیز بەهامین ۸- ساناز ڕاستە ۹- مریەم خۆرسەندی ۱۰- فەرخۆندە ڕەزوانپەی ۱۱- فیرووزە ڕاستینژاد
بۆکان؛ ۱۲- سروە شیری ۱۳- بەفرین مەحموودی
سنە: ۱۴- ئایدا عەموویی
ئەهواز: ۱۵- ئەحلام بەندەر
مەهاباد؛ ۱۶- گەلاوێژ محەممەدی‌ئەرشەد
سەبزەوار؛ ۱۷- ناهید مەلوەندی
سەوڵاوا؛ ۱۸- پەروین ئەدوایی
دێولان؛ ۱۹- سۆهەیلا موتاعی
تاران؛ ۲۰- ئەرغەوان فەلاحی

سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر چالاکانی ژندا

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جەنیوەریی ٢٠٢٥دا لانی کەم ٣ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران سەرجەم سزای ١٢ ساڵ و ٦ ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. غەزەل مەرزبان جەورشەری بێجگە لە سزای بەندکران لێدانی ٧٤ زەربەی قامچیشی بەسەردا سەپێندراوە.

ناسنامەی ئەو ژنانەی سزای قامچی و بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە بەو شێوەیە؛

۱- غەزەل مەرزبان جەورشەری، نوێ‌باوەڕی ئایینی مەسیحی خەڵکی گیلان سزای ۶ مانگ بەندکران و لێدانی ۷۴ قامچیی بەسەردا سەپێندراوە.
۲- کەوکەب بێداغی پەناهی، مامۆستای خەڵکی ئیذە سزای ۶ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
۳- شەرارە ڕۆحانی، چالاکی بەهایی خەڵکی ئیسفەهان سزای ۶ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.

دەستبەسەرکران و سزادانی ژنان یەک لە شێوە جێکەوتووەکانی هەڵاواردن لە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە. لە دوای شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" گوشارەکان لەسەر چالاکانی ژن قەبارەیەکی بەربڵاوتر و سەختتری بەخۆیەوە دیتووە. کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی ڕێکخراوانە بەردەوام لە کاتی هاتنە سەرکارییەوە هەوڵی داوە تا ئەو جێی بۆی دەکرێت گۆڕەپانی چالاکیی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مافی مرۆڤی بۆ ژنان سنووردارتر بکاتەوە. سیاسەتەکانی جیاکردنەوەی سێکسی و ڕەگەزی و هەروەها پەڕاوێزخستنی زیاتری کۆمەڵگای کەمینە سێکسی و ڕەگەزییەکان لە ڕێگای بە سزاناساندنی ناسنامەیانەوە یەکێک لە سیاسەتە جددییەکانی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئێراندایە.

 

تۆمارکردنی ١۸ حاڵەتی ژنکوژی لە مانگی جەنیوەریی ٢٠٢٥

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی جەنیوەریی ٢٠٢٥ لانی کەم ١٨ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران کوژراون کە کوژرانی ١٦ کەسیان بە دەستی کەسانی نزیکی خۆیان وەکوو هاوژینەکەیانەوە بووە.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ٧ ژن لەلایەن هاوژینەکەیان، ٣ ژن لەلایەن براکەیان، ٢ ژن لە لایەن باوک و ١ ژنیش بەدەستی باوک و براکەیەوە کوژراوە. هەروەها دوو ژن بە دەستی کەسێکی نەناسراو و لە حاڵەتەکانی دیکەدا بە دەستی زاوا، خوازبێن و دۆستەکەیانەوە کوژراون.

لە سەرجەم ئەو ١٨ حاڵەت ژنکوژییە، لانی کەم ٩ حاڵەت بەهۆی کێشەی خێزانی ڕاگەیەندراون. هەروەها ٣ ژن بە پاساوی پاراستنی نامووس، یەک ژن بەهۆی دزی و یەک ژن بەهۆی ڕەتکردنەوەی داوای

هاوسەرگیرییەوە کوژراوە و هۆکاری کوژرانی ٤ ژنی دیکە نادیارە.

جیاکردنەوەی ژنکوژییەکان بەپێی پارێزگاکان؛

پارێزگای لوڕستان: ٤ حاڵەت
پارێزگای کرماشان: ۳ حاڵەت
پارێزگاکانی ئورمیە و سنە: هەر یەک ۲ حاڵەت
پارێزگاکانی هەمەدان، گیلان، ئیلام، سیستان و بەلووچستان، خووزستان، ئولبۆرز و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: هەر یەک ۱ حاڵەت

ژنکوژی بەرزترین ئاستی دژایەتیی ژنان لە کۆمەڵگادایە. کوشتنی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس تەنیا بەشێک لە ژنکوژییەکان لەخۆ دەگرێت. بنەمای سەرەکیی ژنکوژی لە کۆمەڵگاکاندا مێژوو، بۆنەکان و یاسا پیاوسالار و دژەژنانەکانە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تەنیا لە ساڵی پێشوودا ١٢٢ ژنکوژی لە ئێراندا تۆمارکراوە کە بەشێکی هەرە زۆری ئەو کوشتنانە لەلایەن ئەندامانی بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی ئەو ژنانەوە ئەنجام دراون. یاسا و بیری دژەژنانە ڕقێکی قووڵ دژ بە ژنان ئاسایی دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کوشتنی ژنان بە شێوەیەکی ئاساییتر و بێ تێچووتر ئەنجام بدرێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سیستەمێکی ئاپارتایدی ڕەگەزی دەزانێت کە تێیدا کوشتن و ئازاردانی ڕێکخراوانەی ژنان لە هەندێک قۆناغدا یاسایی کراوەتەوە. پێویستە کۆمەڵگای جیهانی سیستەمی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ڕیزی "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی"دا هەڵسەنگێنێت و ئەوەش لە پێناسە نێودەوڵەتییەکەیدا دابندرێت و کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای یاسا ئاشکرا دژەژنانەکانی و پێکهاتەی چەوساندنەوەی ژنان لە کۆمەڵگای ئێراندا، بخاتە ڕیزبەندی ئاپارتایدی ڕەگەزییەوە و لەژێر ئەو چەمکەدا بە تاوانبار بناسرێت.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە