جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ۸٨ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی مانگی فێبریوەریی ٢٠٢٥

١٢ ڕەشەمە ٢٧٢٤، ٢٢:٤٤

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤

لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم سزای سێدارەی ٨٨ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی فێبریوەریی ٢٠٢٤ لانی کەم ٧٨ حاڵەت واتا ٧٨٠٪ بەرز بووەتەوە. لە ماوەی مانگی فێبریوەریی ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی ١٠ بەندکراو جێبەجێ کرابوو. ٢٤٪ی کۆی لەسێدارەدراوان لە بەندکراوانی کورد بوون.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی فێبریوەریی ٢٠٢٥دا لانی کەم سزای سێدارەی ٨٨ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە. شایانی باسە کە، ناسنامەی ٨١ بەندکراو بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە و بۆ ناسنامەی ٧ بەندکراوی دیکە بەدواداچوون دەکرێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لانی کەم سزای سێدارەی ٣ ژن لە بەندیخانەکانی خوڕەمئاوا، ساری و شیراز جێبەجێ کراوە کە هەر سێکیان پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. لە ماوەی مانگی فێبریوەریدا هیچ حاڵەتێک لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی منداڵانی ژێر ١٨ ساڵ تۆمار نەکراوە.

شایانی باسە کە، لە سەرجەم ئەو ٨٨ بەندکراوەی کە لە مانگی فێبریوەریدا لەسێدارە دراون، تەنیا ٦ حاڵەت لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ٤ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بێ ئاگاداریی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێ کراوە و بەندکراوێکی خەڵکی ئێسفەراین لە شوێنی گشتیدا لەسێدارە دراوە.

 

جیاکردنەوەی لەسێدارەدراوان بەپێی کەمینەی نەتەوەیی و پێکهاتەکان

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی فێبریوەریدا لانی کەم سزای سێدارەی ٢١ بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە کە ٢٤٪ی کۆی حاڵەتەکان پێکدێنێت. هەروەها ١٤ بەندکراوی لوڕ لەسێدارە دراون کە ١٦.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان بوون.

بەندکراوانی کورد: ٢١ حاڵەت
بەندکراوانی لوڕ: ١٤ حاڵەت
بەندکراوانی تورک: ٩ حاڵەت
بەندکراوانی بەلووچ: ٧ حاڵەت
بەندکراوانی ئەفغان: ٥ حاڵەت
گیلەک و مازەنی: ٥ حاڵەت
نادیار: ٣ حاڵەت
تات و تورکمان: هەر یەک ١ حاڵەت
فارس: ٢٢ حاڵەت

 

جیاکردنەوە بەپێی تۆمەتەکان

لە ماوەی مانگی فێبریوەریدا زیاترین لەسێدارەدرانەکان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بووە کە ۴۱ حاڵەت واتا ٤٦.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان لەخۆ دەگرێت.

تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان: ٤١ حاڵەت
کوشتنی بە ئەنقەست: ٣٩ حاڵەت
دەستدرێژیی سێکسی: ٦ حاڵەت
دزیی چەکدارانە: ٣ حاڵەت
 

جیاکردنەوەی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان بەپێی پارێزگای بەندیخانەکان

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا زیاترین سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوان بە ٢٠ حاڵەتەوە لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئیسفەهان تۆمار کراوە. بەگشتی لە ١٨ پارێزگادا سزای سێدارەی بەندکراوان جێبەجێ کراوە کە دوای ئیسفەهان زیاترین حاڵەتی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبۆرز بە ١٦ حاڵەتەوە تۆمار کراوە.

پارێزگای ئیسفەهان: ٢٠ حاڵەت
پارێزگای ئەلبۆرز: ١٦ حاڵەت
پارێزگای کرماشان: ١٠حاڵەت
پارێزگای لوڕستان: ٧ حاڵەت
پارێزگای خووزستان: ٦ حاڵەت
پارێزگاکانی فارس و مازەندەران: هەر یەک ٤ حاڵەت
پارێزگاکانی گیلان، گوڵستان و ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: هەر یەک ٣ حاڵەت
پارێزگاکانی زەنجان، خوراسانی ڕەزەوی و خوراسانی باشوور: هەر یەک ٢ حاڵەت
پارێزگاکانی کرمان، مەرکەزی، قەزوین، سنە، ئورمیە و خوراسانی باکوور: هەر یەک ١ حاڵەت

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە