ڕاپۆرتی مانگانەی هەنگاو لەسەر پێشێلکرانی مافەکانی ژنان لە ئێران، فێبریوەریی ٢٠٢٥

هەنگاو؛ چوارشەممە ١٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی فێبریوەریی ٢٠٢٥دا لانی کەم ١٠ چالاکی ژن دەستبەسەر کراون و ٤ چالاکی ژنیش لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارە و بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانی کەم ١٦ حاڵەتی ژنکوژی و ٣ حاڵەتی لەسێدارەدرانی ژنان تۆمار کراوە.
جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ژنان لە ئێران
لە ماوەی مانگی فێبریوەریی ٢٠٢٥دا سزای سێدارەی لانی کەم ٣ ژن لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە کە هەر سێکیان پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو و ناوەکانیان بەو شێوەیە؛
١- مریەم کاویانی خەڵکی خوڕەمئاوا لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا لەسێدارە درا.
٢- مەهتاب قازیزادە خەڵکی ساری لە بەندیخانەی ناوەندیی ساری لەسێدارە درا.
٣- ژنێک بە ناوبانگی باقرینژاد خەڵکی شیراز لە بەندیخانەی عادڵئابادی شیراز لەسێدارە درا.
دەستبەسەرکرانی ١٠ ژن لە ماوەی مانگی فێبریوەریی ٢٠٢٥
بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا، لانی کەم ١٠ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران دەستبەسەر کراون کە ٨٪ی سەرجەم هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراوی ئەو مانگە پێکدێنن و ناوەکانیان بەو شێوەیە؛
تاران: ۱ـ سەعیدە مۆنتەزێری ۲ـ مینوو رووزەدار ۳ـ گلارە عەباسی ۴ـ هیوا سەیفیزادە
ڕەشت: ۵ـ حەمیدە زارعی ۶ـ نازیلا خانیپوور
دێهدەشت: ۷ـ عاتفە تاهیرنیا
بابۆل: ۸ـ سمەیە ڕەجەبی
کەرەج: ۹ـ فەریبا میساقی
هاووڵاتیی بەریتانیایی: ۱۰ـ لیندزی فۆرێمەن
سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر چالاکانی ژندا
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی فێبریوەریی ٢٠٢٥دا لانی کەم ٣ چالاکی ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران سەرجەم سزای ١٠ ساڵ و ١ ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. هەروەها شەریفە محەممەدی، چالاکی کرێکاری تورک سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.
ناسنامەی ئەو ژنانەی سزای سێدارە، قامچی و بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە بەو شێوەیە؛
۱ـ شەریفە محەممەدی چالاکی کرێکاری تورک و خەڵکی ڕەشت سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.
۲نازیلا خانیپوور هاووڵاتیی بەهایی دانیشتووی ڕەشت سزای ٢ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
۳ـ مەعسوومە عەسکەربەیگی مامۆستای خەڵکی تاران سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە
٤- نەیێرە بێهبوود چالاکی خەڵکی تاران سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
دەستبەسەرکران و سزادانی ژنان یەک لە شێوە جێکەوتووەکانی هەڵاواردن لە حکومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە. لە دوای شۆڕشی "ژن ژیان ئازادی" گوشارەکان لەسەر چالاکانی ژن قەبارەیەکی بەربڵاوتر و سەختتری بەخۆیەوە دیتووە. کۆماری ئیسلامی بەشێوەیەکی ڕێکخراوانە بەردەوام لە کاتی هاتنە سەرکارییەوە هەوڵی داوە تا ئەو جێی بۆی دەکرێت گۆڕەپانی چالاکیی کۆمەڵایەتی، سیاسی و مافی مرۆڤی بۆ ژنان سنووردارتر بکاتەوە. سیاسەتەکانی جیاکردنەوەی سێکسی و ڕەگەزی و هەروەها پەراوێزخستنی زیاتری کۆمەڵگای کەمینە سێکسی و ڕەگەزییەکان لە ڕێگای بە سزاناساندنی ناسنامەیانەوە یەکێک لە سیاسەتە جددییەکانی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئێراندایە.
تۆمارکردنی ١٦ حاڵەتی ژنکوژی لە مانگی فێبریوەریی ٢٠٢٥
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی فێبریوەریی ٢٠٢٥ لانی کەم ١٦ ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران کوژراون کە کوژرانی هەر ١٦ کەسیان بە دەستی کەسانی نزیکی خۆیان وەکوو هاوژینەکەیانەوە ڕوویداوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە ١٠ ژن لە لایەن هاوژینەکەیان، ٢ ژن لەلایەن باوکیان، ١ ژن لە لایەن براکەی، ١ ژن بەدەستی زاواکەی، ١ ژن لە لایەن مێردی خوشکەکەی و یەک ژن بە دەستی هاوکارەکەیەوە کوژراوە.
لە سەرجەم ئەو ١٦ حاڵەت ژنکوژییە، لانی کەم ١٣ حاڵەت بەهۆی کێشەی خێزانی ڕاگەیەندراون. هەروەها ٣ ژن بە پاساوی پاراستنی نامووس، بڕیاری جودابوونەوە و دزییەوە کوژراون.
جیاکردنەوەی ژنکوژییەکان بەپێی پارێزگاکان؛
پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، گوڵستان و هەمەدان: هەر یەک ٣ حاڵەت
پارێزگاکانی فارس، تاران، ئەلبۆرز، قەزوین، کرماشان، سیستان و بەلووچستان و گیلان: هەر یەک ١ حاڵەت
ژنکوژی بەرزترین ئاستی دژایەتیی ژنان لە کۆمەڵگادایە. کوشتنی ژنان بە پاساوی پاراستنی نامووس تەنیا بەشێک لە ژنکوژییەکان لەخۆ دەگرێت. بنەمای سەرەکیی ژنکوژی لە کۆمەڵگاکاندا مێژوو، بۆنەکان و یاسا پیاوسالار و دژەژنانەکانە. بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تەنیا لە ساڵی پێشوودا ١٢٢ ژنکوژی لە ئێراندا تۆمارکراوە کە بەشێکی هەرە زۆری ئەو کوشتنانە لەلایەن ئەندامانی بنەماڵە و کەسە نزیکەکانی ئەو ژنانەوە ئەنجام دراون. یاسا و بیری دژەژنانە ڕقێکی قووڵ دژ بە ژنان ئاسایی دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی کوشتنی ژنان بە شێوەیەکی ئاساییتر و بێ تێچووتر ئەنجام بدرێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سیستەمێکی ئاپارتایدی ڕەگەزی دەزانێت کە تێیدا کوشتن و ئازاردانی ڕێکخراوانەی ژنان لە هەندێک قۆناغدا یاسایی کراوەتەوە. پێویستە کۆمەڵگای جیهانی سیستەمی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ڕیزی "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی"دا هەڵسەنگێنێت و ئەوەش لە پێناسە نێودەوڵەتییەکەیدا دابندرێت و کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای یاسا ئاشکرا دژەژنانەکانی و پێکهاتەی چەوساندنەوەی ژنان لە کۆمەڵگای ئێراندا، بخاتە ڕیزبەندی ئاپارتایدی ڕەگەزییەوە و لەژێر ئەو چەمکەدا بە تاوانباری بناسێنێت.