ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر هەوڵی هێزە ئەمنییەکان بەمەبەستی ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شارەکانی کوردستان

٢٥ ڕەشەمە ٢٧٢٤، ٠٠:٢٢

هەنگاو؛ هەینی ٢٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤

هێزە چەکدارەکانی ناوەندە جیاوازەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بریتی لە سوپای پاسداران و یەکەی تایبەت بە پێشێلکردنی ئازادیی کۆبوونەوەی هاووڵاتییانی کورد، لە شارەکانی کرماشان، شنۆ، بۆکان و سەقز هەوڵییان دا لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز ڕێگری بکەن.

بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٢٤ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (١٤ی مارسی ٢٠٢٥)، هێزە حکومەتییەکان بە چەکی نیوەقورسی وەکوو دۆشکا، لە ڕێگای چوونەژوورەوەی گوندی "سینگان"ی شاری شنۆ بە ئامانجی ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز خاڵی پشکنینیان ساز کرد.

هەروەها هێزەکانی سوپا و هێزە ئینتزامییەکان بە پشکنین، بڵاوەپێکردنی ئامادەبووان و جێگیربوون لە دوو گوندی "کانی سوورک" و تەپپەی "قەڵاتووک" لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە "تاچیناوێ"ی شنۆ ڕێگرییان کرد کە لە ئاکامدا تێکهەڵچوونی هێزە ئەمنییەکان و ناڕازییانی لێکەوتەوە و هەندێک لە هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەت چەک کران.

هەنگاو پێشتر بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک نووسیبووی کە، ئەمڕۆ ڕێگاوبانەکانی چوونەژوورەوە و ڕۆشتنەدەرەوەی شاری شنۆ بە جێگیربوونی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەت بە چەکی نیوەقورس کونتڕۆڵ کراوە.

لە شاری بۆکان ڕۆیشتنی هاووڵاتییان بۆ چیای "تەرەغە"، شوێنی دیاریکراوی بەڕێوەچوونی نەورۆز، لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە قەدەغە کرا و لە بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی نەورۆز ڕێگری کرا.

هاوکات لە سەقز هێزە حکومەتییەکان بە سازکردنی بەربەستی وەکوو خاکرێز و خاڵی پشکنین هەوڵییان دا لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە چیای جاقلی ئەو شارە ڕێگری بکەن. لەئاکامدا ئەو ڕێوڕەسمە لەحاڵێکدا کە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی هێزە حکومەتییەکان چاودێری دەکرا بە بەشداریی بەرفراوانی هاووڵاتییان بەڕێوە چوو.

لە لایەکی دیکەوە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزە حکومەتییەکان بەمەبەستی ڕێگری لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز، لە گەڕەکی دەڕەدرێژی کرماشان جێگیر بوون کە ئەو ڕێوڕەسمە لە ئاکامدا سەرەڕای ڕێگرییەکان بە دواکەوتنێکی تا ڕادەیەک درێژخایەن، بەڕێوە چوو. هەندێک وێنە بە هەنگاو گەیشتوون کە نیشان دەدەن ئۆتۆمبێلەکانی یەکەی تایبەت بەمەبەستی ترساندنی هاووڵاتییان لە کرماشان لە نێو شاردا مانۆڕیان لێداوە.

 

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە