ڕاپۆرتی تێروتەسەلی ناڕەزایەتییەکانی مەلەکشاهی، سەرکوتی سوپا و هێرشی هێزەکانی یەکەی تایبەت بۆ سەر نەخۆشخانەی خومەینی
هەنگاو؛ سێشەممە ١٦ی بەفرانباری ٢٧٢٥
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای خستنەڕووی ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل لەسەر دۆخی دوای سەرکوتی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری مەلەکشاهی لە پارێزگای ئیلام، جەخت دەکاتەوە کە کردەوەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەوەی لە مەلەکشاهی و نەخۆشخانەی خومەینیی ئیلامدا ڕووی دا، مافی ژیان و ئازادیی کۆبوونەوەی ئاشتییانەی پێشێل کردووە و بەم کارانە، پارێزراوبوونی نەخۆشخانەکان و ئەمنییەتی گیانی بریندارەکانی ژێر پێ ناوە.
ناڕەزایەتییەکانی ئەمدواییەی پارێزگای ئیلام، بەتایبەت لە شاری مەلەکشاهی، لەگەڵ کاردانەوەی توندوتیژانە و سەرکوتی بەرفراوان لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بەرەوڕوو بووەتەوە. تەقەی ڕاستەوخۆ لە ناڕەزایانی بێچەک، کوژرانی هاووڵاتییان، برینداربوونی دەیان کەس، دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان، هێرشکردنە سەر ئەو نەخۆشخانەیەی کە بریندارەکانی تێدا ڕاگیرابوون و گەمارۆدانی زیاتر لە ٢٤ کاتژمێریی ئەو شوێنە، ئاماژەن بۆ پێشێلکاریی بەرفراوان و سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ.
دوای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە مەلەکشاهی لە کاردانەوە بە قەیرانە ئابوورییەکان، بێکاری و هەژاریی بژێوی لە ڕۆژی شەممە ١٣ی بەفرانباری ٢٧٢٥، کە نێوەرۆکی تەواو ئاشتییانەی هەبوو، هێزەکانی جێگیر لە بنکەی سوپای پاسداران لە ناو بینای بەسیج هەڵکەوتوو لە شەقامی فەرمانداریی ئەو شارە، کاردانەوەی زۆر توندوتیژانەیان نیشان دا و دەستبەجێ دوای کۆبوونەوەی هاووڵاتییان لە بەردەم ئەو بینایەدا، دەستڕێژیان لە ناڕەزایان کرد و ژمارەیەکیانیان بریندار کرد، بە جۆرێک کە هەندێکیان تا گەیشتن بە نەخۆشخانەی خومەینیی ئیلام گیانیان لەدەست دا.
لە ڕەوتی هەمان ناڕەزایەتییانەدا و بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ لە مەودایەکی زۆر نزیکەوە لە سەرووی بینای بەسیجەوە بۆ ناو جەماوەر، لانی کەم پێنج کەس کوژران کە ناوەکانیان: مەهدی ئیمامیپوور، ڕەزا عەزیمزادە، فارس ئاغامحەممەدی، محەممەدڕەزا کەرەمی و لەتیف کەریمی، بۆ هەنگاو پشتڕاست کراوەتەوە.
جگە لە کوژرانی ئەم کەسانە، زیاتر لە ٤٠ کەس لە ناڕەزایان بریندار بوون کە زۆربەیان بەهۆی نەبوونی پێداویستیی سەرەتایی پزیشکی لە مەلەکشاهی بۆ نەخۆشخانەی خومەینیی ئیلام گواستراونەتەوە و باری تەندروستیی ژمارەیەک لەو کەسانە بە ناجێگیر ڕاگەیەندراوە.
لە هەمان کاتژمێرە سەرەتایییەکانی ڕاگەییشتن بە دۆخی بریندارەکان، هەندێک لەو هاووڵاتییانەی لە نەخۆشخانەی خومەینی ئامادە بوون بەهۆی کەمیی خوێنەوە، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ داوایان لە خەڵک کرد بۆ بەخشینی خوێن بەتایبەت گرووپی خوێنی o نێگەتیڤ سەردانی نەخۆشخانە بکەن. هەنگاو لە گفتوگۆ لەگەڵ ئەو کەسانەی بۆ بەخشینی خوێن چووبوونە ئەو نەخۆشخانەیە، تێگەیشتووە کە هاووڵاتییان بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆری هێزە سەرکوتکەرەکان لە دەوروبەری نەخۆشخانەکەدا نەیانتوانیوە بچنە ژوورەوە و ئەو هێزانە تەقەیان لەو هاووڵاتییانە کردووە کە بۆ بەخشینی خوێن چووبوونە ئەو شوێنە و چەند کەسێک بریندار بوون.
فایزە ڕەشیدی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی بەدرە یەکێک لەو کەسانەیە کە لە بەردەم نەخۆشخانەکەدا بریندار کرا و پاشان دەستبەسەر کرا و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە. هەروەها مەیسەم نووری گەنجێکی تەمەن ٢١ ساڵی خەڵکی ئیلام یەکێکی دیکە لە بریندارەکانە کە لە کاتێکدا مەچەک و ددانەکانی شکابوون، لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
پێشێلکردنی پارێزراوبوونی ناوەندە دەرمانییەکان و هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکان
زانیارییەکانی هەنگاو نیشانی دەدەن کە نەخۆشخانەی خومەینیی ئیلام دەستبەجێ دوای وەرگرتنی تەرمی گیانبەختکردووان و بریندارەکان، بووە گۆڕەپانێکی نوێ بۆ گوشارخستنە سەر ناڕەزایان و تا ٢٤ کاتژمێر دوای ئەوەش ئەو نەخۆشخانەیە هەر لە گەمارۆی هێزە سەرکوتکەرەکاندا بووە و کراوەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی ئەوان.
هێزەکانی یەکەی تایبەتی ئیلام بە هێرشکردنە سەر حەوشەی نەخۆشخانەکە و هەوڵدان بۆ چوونە ناو بەشەکان، ویستوویانە تەرمی کوژراوان و هەروەها هەموو بریندارەکان لە نەخۆشخانە ببەنە دەرەوە و لەگەڵ خۆیان بیبەن.
لەو پێناوەدا ژمارەیەک لە کارمەندانی کەرتی دەرمان دوای پشتیوانیکردن لە بریندارەکان و پاراستنی گیانیان، ڕووبەڕووی هێزەکانی یەکەی تایبەت بوونەتەوە و هەوڵیان داوە ڕێگە نەدەن بچنە ناو بەشەکانی نەخۆشخانەکە، کە لەلایەن ئەو هێزانەوە دراونەتە بەر شاڵاوی لێدان و سووکایەتیپێکردن.
لە حەوشەی نەخۆشخانەکەدا، هێزەکانی یەکەی تایبەت بە باتۆم، گازی فرمێسکڕێژ و تەقەی ڕاستەوخۆ، ئەمنییەتی ژینگەی دەرمانییان تێکداوە و ئەو کەسانەی کە هەوڵیان دەدا ڕێگری لە چوونەژوورەوەیان بکەن، لە مەودایەکی زۆر نزیکەوە بە چەکی جەنگی کردوویاننەتە ئامانج و بە هاویشتنی ژمارەیەکی زۆر گازی فرمێسکڕێژ هەوڵیان داوە خەڵکەکە بڵاوەی پێ بکەن.
سەرچاوەکانی هەنگاو لە ناو نەخۆشخانەکەوە جەختیان کردووەتەوە، لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا گیانی ئەو نەخۆشانەی کە پەیوەندییان بە ناڕەزایەتییەکانەوە نەبووە لە بەشەکانی دیکەی نەخۆشخانە بەتایبەت بەشی چاودێریی ورد (ICU) کەوتووەتە مەترسییەوە و ڕەوتی دەرمان لە ناو نەخۆشخانەکەدا تووشی پەککەوتنی جیدی بووە.
لەو پەیوەندییەدا ژمارەیەکی زۆر لە ناڕەزایان لە نزیک نەخۆشخانەی خومەینیی ئیلام، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە توندوتیژی و هەڕەشە دەستبەسەر کراون کە منداڵانیشیان تێدایە و بنەماڵەی ئەو کەسانە تا ئێستا نەیانتوانیوە زانیارییەکی جێی بڕوا لەسەر باری تەندروستی و شوێنی ڕاگرتنیان پەیدا بکەن، ئەمەش بە پێشێلکردنی بنەماکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و مافە بنەڕەتییەکانی دەستبەسەرکراوان ئەژمار دەکرێت.
ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە هەنگاو باس لەوە دەکەن کە ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە ١٦ و ١٧ی بەفرانبار، قوتابخانەی ڕوبابە کەمالی، هەڵکەوتوو لە بەرانبەر نەخۆشخانەی خومەینیی ئیلام، بە پشوو ڕاگەیەندراوە. سەرچاوەکانی هەنگاو جەختیان کردووەتەوە کە ئەم کارە هەنگاوێکە بۆ بەکارهێنانی ئەم ناوەندە پەروەردەییە وەک شوێنی جێگیربوون، ڕێکخستنی هێزە سەرکوتکەرەکان و چاودێریکردنی نەخۆشخانەکە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تەقەکردن لە ناڕەزایانی بێچەک بە پێشێلکردنی ئاشکرای مافی ژیان دەزانێت و هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکان، هەڕەشە لە کادری دەرمان و بریندارەکان، پێشێلکردنی ئاشکرای پارێزراوبوونی نەخۆشخانە و کادری پزیشکی و مافەکانی مرۆڤە. دەبێت جەخت بکرێتەوە کە دەستبەسەرکردنی نایاساییی ناڕەزایان بەشێکە لە سیاسەتی سەرکوتی سیستماتیکی ناڕەزایەتییە مەدەنییەکان.
بە سەرنجدان بە بانگەشەی بەرپرسانی حکومەتیی پارێزگای ئیلام و دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و بەتایبەت ئەو توندوتیژییەی لە مەلەکشاهی بەکار هێنراوە و بە نیمچە تیرۆریستی ناساندنی چالاکیی مەدەنیی هاووڵاتییانی ئەو شارە، هەنگاو جارێکی دیکە جەخت دەکاتەوە کە دەبێت ئەم ڕووداوانە و تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی تۆمار و بەدۆکۆمێنت بکرێن و بەدواداچوونی یاسایییان بۆ بکرێت. بەرپرسیارێتیی ئەم کردەوانە لە ئەستۆی ناوەندە ئەمنی و حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامییە.