جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ۵۸ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێران لە ماوەی مانگی مارسی ٢٠٢٥

هەنگاو؛ دووشەممە ١۱ی خاکەلێوەی ٢٧٢۵
لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا لانی کەم سزای سێدارەی ۵٨ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی مارسی ٢٠٢٤ لانی کەم ۴۰ حاڵەت واتا ٢٢٢٪ بەرز بووەتەوە. لە ماوەی مانگی مارسی ساڵی ڕابردوودا سزای سێدارەی ١۸ بەندکراو جێبەجێ کرابوو.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی مارسی ٢٠٢٥دا لانی کەم سزای سێدارەی ۵٨ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. شایانی باسە کە ناسنامەی ئەو ۵۸ بەندکراوە بە تەواوی بۆ هەنگاو ئاشکرا کراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، لانی کەم سزای سێدارەی ۴ ژن لە بەندیخانەکانی مەشهەد، ئیسفەهان و ئورمیە (۲ حاڵەت) جێبەجێ کراوە کە یەک کەس بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و سێ کەسیان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو. لە ماوەی مانگی مارسدا هیچ حاڵەتێک لە جێبەجێکرانی سزای سێدارەی منداڵانی ژێر ١٨ ساڵ تۆمار نەکراوە.
شایانی باسە کە، لە سەرجەم ئەو ۵٨ بەندکراوەی لە مانگی مارسدا لەسێدارە دراون، هیچ حاڵەتێک لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە. هەروەها سزای سێدارەی ٤ بەندکراو بەشێوەی نهێنی و بێ ئاگاداریی بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا جێبەجێ کراوە.
جیاکردنەوەی لەسێدارەدراوان بەپێی کەمینەی نەتەوەیی و پێکهاتەکان
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە لە ماوەی مانگی مارسدا لانی کەم سزای سێدارەی ۱۸ بەندکراوی فارس لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە کە ۳۱٪ی کۆی حاڵەتەکان پێکدێنێت. هەروەها ١٤ بەندکراوی تورک لەسێدارە دراون کە ۲۴٪ی کۆی حاڵەتەکان بوون.
بەندکراوانی فارس: ۱۸ حاڵەت
بەندکراوانی تورک: ١٤ حاڵەت
بەندکراوانی لوڕ: ۶ حاڵەت
بەندکراوانی گیلەک و مازەنی: ۴ حاڵەت
بەندکراوانی ئەفغان: ۴ حاڵەت
بەندکراوانی بەلووچ: ۳ حاڵەت
بەندکراوانی کورد: ۲ حاڵەت
بەندکراوانی تات، تورکمان و عەرەب: هەر یەک ١ حاڵەت
نادیار: ۴ حاڵەت
جیاکردنەوە بەپێی تۆمەتەکان
لە ماوەی مانگی مارسدا زیاترین لەسێدارەدرانەکان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە بووە کە ۳۰ حاڵەت واتا ۵۲٪ی کۆی حاڵەتەکان لەخۆ دەگرێت.
تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان: ۳۰ حاڵەت
تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست: ۲۸ حاڵەت
جیاکردنەوەی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان بەپێی پارێزگای بەندیخانەکان
بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ڕابردووی زایینیدا زیاترین سزای لەسێدارەدرانی بەندکراوان بە ۹ حاڵەتەوە لە بەندیخانەکانی پارێزگای خوراسانی ڕەزەویدا تۆمار کراوە. بەگشتی لە ۲۱ پارێزگادا سزای سێدارەی بەندکراوان جێبەجێ کراوە کە پاش خوراسانی ڕەزەوی زیاترین حاڵەتی جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوان لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژھەڵات بە ۶ حاڵەتەوە تۆمار کراوە.
پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ۹ حاڵەت
پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات: ۶ حاڵەت
پارێزگای لوڕستان: ۵ حاڵەت
پارێزگاکانی هەمەدان و ئورمیە: هەر یەک ۴ حاڵەت
پارێزگاکانی گوڵستان، مازەندەران، هۆرمۆزگان، قەزوین و ئیسفەھان: هەر یەک ۳ حاڵەت
پارێزگاکانی گیلان، فارس، سمنان و بووشێهر: هەر یەک ٢ حاڵەت
پارێزگاکانی مەرکەزی، یەزد، کرمان، زەنجان، خووزستان، خوراسانی باشوور و ئەردەبیل: هەر یەک ١ حاڵەت